بانکى ناوەندیى عێراق حەواڵە داراییەکانی تیکتۆکی راگرت
رووداو دیجیتاڵ
بانکى ناوەندیى عێراق لەبارەى تیکتۆکەوە بڕیارێکى نوێى دەرکرد و هەموو حەواڵە داراییەکانی کۆمپانیاکەی راگرت.
بەپێى نوسراوێک کە واژۆى د. عەمار خەڵەف، جێگرى پارێزگارى بانکى ناوەندى لەسەرە، رۆژی 28ـی مانگی رابردوو دەرکراوە و ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاوکراوەتەوە، تێیدا رێنوێنیی بانک و دامەزراوە داراییەکان دەکات بۆ راگرتنى سەرجەم حەواڵە داراییەکانی کۆمپانیاى تیکتۆک لە نێوخۆی عێراقدا.
سەرچاوەیەک لە بانکى ناوەندیی عێراق لەبارەی هۆکاری بڕیارەکە بە رووداوی گوت، "راگرتنی مامەڵە داراییەکانی تیکتۆک پەیوەندیی بە هەندێک رێکاری تایبەتی خۆمانەوە هەیە و لە داهاتوویەکی نزیکدا ئاشکرایان دەکەین."
بە گوێرەی داتاکانی کۆمپانیای بایت دانسی چینی، کە خاوەنی تیکتۆکە، ژمارەی بەکارهێنەرانی ئەپەکەیان لە عێراق لە سەرەتای ئەم ساڵ گەیشتووتە 31 ملیۆن و 950 هەزار کەس، کە تەمەنیان لە سەرووی 18 ساڵەوەیە.
بەشێکی زۆر لە بەکارهێنەرانی سۆشیاڵ میدیاکە لە عێراق رێگەی لایڤ و بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکانیان داهاتیان لەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە دەست دەکەوێت، بەتایبەتی ئەو ئەستێرانەی کە دیارن.