سەرچاوەیەک لە بانکی رەشید بۆ رووداو: تاوتوێی کردنەوەی لقێک لە سلێمانی دەکەین

 
 
رووداو دیجیتاڵ 

پەرلەمانتارێکی یەکێتیی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بانکی رەشید رەزامەندیی لەسەر کردنەوەی لقی خۆی لە سلێمانی دەربڕیوە. بانکەکەش دەڵێت تاوتوێی ئەو پرسە دەکەن.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 1ـی تشرینی دووەمی 2024، غەریب ئەحمەد، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، پێشتر لە 26ی مانگی رابردووەوە نووسراویان بۆ وەزارەتی دارایی کردووە بۆ کردنەوەی لقەکانی بانکەکانی رەشید و رافیدەین.
 
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، وەزیری دارایی عێراق رەزامەندی لەسەر داواکارییەکە داوە، بانكی رەشید لە 31ـى تشرینى یەکەمی 2024 وەڵامی نووسراوەکەی داوەتەوە و رەزامەندی دەربڕیوە بە كردنەوەی لقی بانكی رەشید لە سلێمانى.
 
سەبارەت بە ئامانجی داواکارییەکەیان، غەریب ئەحمەد گوتى، "بۆ تەوتینی مووچەی فەرمانبەران و سوودمەندبوونی هاونیشتمانیانە لەو قەرز و پێشینانەی کە بانکەکە دەیاندات."
 
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی کارگێڕی بانکی رەشید بە رووداوی راگەیاند، پرسی کردنەوەی لقی بانکەکەمان لە سلێمانی راستە، بەڵام هێشتا بڕیاری یەکلاکەرەوە نەدراوە.
 
ئەو سەرچاوەیەی بانکەکە گوتی: "لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی کارگێڕیی بانک، تاوتوێی کەڵکی ئابووری ئەو بابەتە دەکرێت و دواتر بڕیاری کۆتایی لەسەر دەدرێت."
 
هەر لەو بارەیەوە سەرچاوەیەکی باڵا لە بانکی ناوەندیی عێراق بە رووداوی گوت، "ئێمە هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ کردنەوەی لقەکانی بانکی رەشید و رافیدەین نییە لە هەرێمی کوردستان و لای ئێمەوە رێگەپێدراون بۆ کردنەوەی لقەکانیان."
 
سەبارەت بە هەژماری من، پرسی تەوتین و پەیوەستبوونی بەو دوو بانکە فیدڕاڵییە، ئەو سەرچاوەیەی بانکی ناوەندی گوتی: "هەژماری من و تەوتین هیچ جیاوازییەکیان نییە و بۆ هەمان مەبەستی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانن، بەومەرجەی بانکەکە لەلایەن ئێمەوە رێگەپێدراوبێت."
 
رۆژی 31ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، ژمارەیەک پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، لە دادگەی کەرخ لە بەغدا دژی پڕۆژەی 'هەژماری من' سکاڵایان تۆمار کرد و پشتیوانی خۆیان بۆ تەوتین دەربڕی.
 
بەگوێرەی نووسراوێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان. کە بۆ رووداو نێردراوە، لە بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەی ژمارە 13ـی چوارشەممە 02-08-2023 بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری، بڕیاری پڕۆژەی 'هەژماری من' دراوە.