ژووری بازرگانیی ئیستەنبووڵ: تشرینی دووەم هەڵاوسان گەیشتە 105.5%


رووداو دیجیتاڵ

ژووری بازرگانیی ئیستەنبووڵ رێژەی هەڵاوسانی تشرینی دووەمی بڵاوکردەوە و راگەیاند، لە مانگی تشرینی دووەمی 2022 بەراورد بە تشرینی دووەمی 2021 رێژەی هەڵاوسان لە ئیستەنبووڵ بۆ 105.5% بەرزبووەتەوە.
 
بەگوێرەی داتاکانی ژووری بازرگانیی ئیستەنبووڵ کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 1ـی کانوونی یەکەمی 2022 بڵاوکراوەتەوە، لە مانگی تشرینی دووەمدا نرخی فرۆشتن بە تاک 3.1٪ و نرخی فرۆشتن بە کۆ 2.34٪ بەرزبووەتەوە. لەسەر ئاستی ساڵانەش نرخی فرۆشتن بە تاک لە تشرینی دووەمدا بەراورد بە هەمان وادە لە 2021 بە رێژەی 105.55% و نرخی فرۆشتن بە کۆ بە رێژەی 95.72٪ بەرزبووەتەوە.  
 
بەگوێرەی داتاکان، زۆرترین بەرزبوونەوەی نرخ لە فرۆشتن بە تاک لە مانگی تشرینی دووەم بەراورد بە مانگی تشرینی یەکەم، بەرێژەی 5.31% کەلوپەلی ناوماڵ، 4.52٪ خۆراک، 3.84 چاودێریی تەندروستی و کەسی، 1.53٪ رۆشنبیری و پەروەردە و کات بەسەربردن، 0.88٪ تێچووی خانووبەرە، 0.82٪ پۆشاک، 0.71٪ خەرجییەکانی دیکە و 0.14٪ لە گواستنەوە و پەیوەندیکردن تۆمارکراوە. 
 
لە بەرامبەردا لە مانگی تشرینی دووەم بەراورد بە مانگی تشرینی یەکەم نرخ لە فرۆشتن بە کۆ بەرێژەی 4.77٪ لە جۆرەکانی قوماش، 3.72٪ ماددەی خام، 3.31٪ ماددەی کیمیایی، 2.93 ماددە خۆراکییەکان، 0.73٪ دار و کەرەستەی پیشەسازی، 0.06 ماددە وزەبەخشەکان و 1.83٪ گرووپی کانەکان کەمبووەتەوە. 
 
بەگوێرەی دەستەی ئاماری تورکیا، لە مانگی تشرینی یەکەمی 2022 دا هەڵاوسانی ساڵانە لە تورکیا بۆ 85.51% بەرزبووەتەوە، بەڵام بەگوێرەی راپۆرتی گرووپی لێکۆڵینەوەی هەڵاوسان (ENAG)، هەڵاوسانی راستەقینە لەو وادەیەدا گەیشتووەتە 185.34%.