وەزیری دارایی بۆ رووداو: بەغدا دوو مووچە قەرزداری هەرێمی کوردستانە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هاووڵاتییان دڵنیادەکەمەوە هاتنی مووچە تەنیا لەسەر کات ماوە و دەبێت پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا لە بەغداوە بێت، بەڵام من لە جێگەی سوودانی ناتوانم کاتەکەی بڵێم."
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان لەگەڵیدا ئەنجامیدا باسی لە ناردنی مووچە لە بەغداوە و دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران کرد.
لەبارەی دابەشکردنی دوو مووچەوە، ئاوات شێخ جەناب گوتی، بەغدا دوو مووچە قەرزداری هەرێمی کوردستانە و چاوەڕوانن پارەکە بنێرێت.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان
رووداو: لێدوانێک بۆ رووداو کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە کاتێک گوتت پرسیاری مووچە لە بەغدا بکەن، ئەم لێدوانە لێکدانەوەی جیاوازی بۆ کرا مەبەستت چی بوو لەو قسەیە؟
ئاوات شێخ جەناب: لەو بارەیەوە من رەخنەم لە رووداو هەیە چونکە قسەکانی منی هەمووی نەگواستەوە، هەندێک لایەنی سیاسی وەکو 'لاتقرب السلاە" قسەکانی منیان لێکدایەوە، لەو قسەیەدا من گوتم هەرێمی کوردستان هەرچی ئەرکی هەیە جێبەجێیکردووە ئێستا تۆپ لە ساحەی عێراقە، بەپێی دواین رێککەوتن کردوومان دەیسلەمێنم کە ئەوانەی لەم دوایانەشدا سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراقیان کردووە کەسیان نە وادەیەکیان وەرگرتووە نە بڕەکەشیان وەرگرتووە، بە ئێمەشەوە. نە کاتی ئەو ئاگەدارکردنەوەی بۆ بانکی ناوەندی دەنێردرێت نە بڕی ئەو پارەیەی بۆ ئێمە دەنێردرێت دیار نییە. حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئامادەییەکی پێشانداوە و پێنج شەممەی پێشوو شاندی ئێمە لە بەغدا گەڕاوەتەوە، چوار بەرێوەبەری گشتی وەزارەتی دارایی لە شاندەکەی هەرێمی کوردستان بووە، جگە لە وەزارەتی سامانەسروشتیەکان و دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، شاندێکی گەورەی هەرێمی کوردستان لەوێ بوون، ئەگەر هەرێمی کوردستان ئەو دانوستاندنەی نەکردووە کێ کردوویەتی؟ ئەو 48 مانگەی پێشوو کێ مووچەی دابەشکردووە؟ ئەوەی چووەتە بەغدا دانووستاندنی لەسەر بودجە کردووە کە هەمووی چاوەڕێیە جێبەجێبکرێت کێ کردوویەتی ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی نەبووە؟ هەرچەندە بە ناوی ئۆپۆزسیۆنەوە قسەدەکەن بەڵام قسەکانی هەمووی دروشمە و قسەکانیش خەڵکی بێ نارەحەت دەکەن و خەڵکی پێدەوروژێنن و یاریکردنە بە هەست و سۆزی خەڵک، مووچە دواکەوتووە بەڵام ئێمە هۆکارەکەی نین لەو رۆژەوەی هەناردەی نەوت راگیراوە داهاتی نەوت نە هاتووەتە وەزارەتی داراییی تاوەکو ئێمە بیدەین بە مووچە، داهاتی نێوخۆ لە مەودوا هەموو بەپێی یاسای بوودجە دەچێتە سەر ئەژمارێکی بانکی وەزارەتی دارایی عێراق، لە 1/8/2023 دەسەڵاتی بەکارهێنانی داهاتی نێوخۆمان نامێنێت، هەمووی دەچێتە سەر ئەژماری بانکی وەزارەتی دارایی عێراق دواتر جارێکی دیکە بۆ ئێمە خەرجدەکرێتەوە، وادەی ناردنی مووچە دیار نییە رۆژی پێنج شەممە کە شاندی ئێمە لە بەغدا گەڕانەوە دەبوو رێکارەکانی ناردنی بوودجە دەستیپێبکردایە، ئەو دوا کەوتنەی ئەم چەند رۆژە لە ئەستۆی هەرێمی کوردستان نییە.
رووداو: هۆکاری دواکەوتنەکە چییە؟
ئاوات شێخ جەناب: لە نێو حکومەتی فیدراڵی هەندێک گرفت هەبووە، گرفتەکان یەکێکیان ئەوەیە بەپێی یاسای بودجە دەبێت وەزارەتی نەوتی عێراق بە وەزارەتی دارایی بڵێت کە من نەوتم وەرگرت، وەزیری نەوت بە فەرمی لە راگەیاندنەکانەوە دەڵێت بەڵی نەوتمان وەرگرتووە، بەڵام بە نووسراو نەیناردووە، بڕیارە ئەمڕۆ لە لیژنەی باڵای ئابووری ئەو گرفتە هونەرییانە چارەسەر بکرێت، کە بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە نییە، ئەو قسانەی بە ناوی هەرێمی کوردستانەوە کرا کە هەرێمی کوردستان گوتویەتی بەرپرس نیم لە مووچە، وانییە، هەرێمی کوردستان بەرپرسە لە هەموو ئەو گرفتەکان لە ماوەی پێشوشدا خۆی لەو بەرپرسیارێتیە نە شاردووەتەوە، بەڵام راستیەک هەیە دەبێت بیزانین ئەوەیە کە ئەو گرفتانەی هەن هەمووی لەم کابینەیە دروست نەبووە، ئەگەر دروشمی سیاسی'پۆپۆلیستی' نەبێت هەموومان دەزانین چ لایەنێکی سیاسی لە کابینەی هەشت بەشداربووە، پاشەکەوتی مووچە و گرفتەکانی دیکەش لە کابینەی هەشت و کابینەکانی ترەوە بۆمان ماوەتەوە، ئێمە لەگەڵ خۆمانا نەمانهێناوە، تاوەکو بەرپرستارێتی هەموو ئەو گرفتانە هەڵگرین، لە ئابووری سەربەخۆوە تاوەکو ئەوەی ئەمڕۆ پێیگەیشتووین. لە مانگی 7/2019 خۆمان بە بەرپرسیاری هەموو ئەو کێشانە دەزانین کە هەبوون و لە هەموو کەس زیاتر خۆمان بە خاوەنی ئەو میللەتە دەزانین و ئەوەی کردومانە بە ئەرکی خۆمانی دەزانین و هیچ منەتی تێدا نییە.
رووداو: دەگوتریت هەرێمی کوردسیان پابەند نابێت بە رێککەوتنەوە، نەوت و داهاتی نێوخۆ رادەست ناکات پابەند نابێت بە یاسای بودجەوە.
ئاوات شێخ جەناب: بە راستی ئەوەی دەگوترێت 'نیفاقی سیاسییە' بەپێی ئەو رێککەوتنەی لە پێنج شەممەی رابردوو لە 27/7/2023 لە نێوان شاندی هەرێمی کوردسیان و حکومەتی عێراق واژۆ کراوە لە بڕگەی پێنجەمدا کە ئەمە وەک وەڵامێکە بۆ ئەوانەی ئەو قسانە دەکەن، لە بڕگەی پێنجەمدا هاتووە کە حکومەتی هەرێمی کوردسیان لە 26/6/2023 بە تەواوی پابەند بووە.
رووداو: باشە ئەوان بۆ پابەند نابن؟
ئاوات شێخ جەناب: ئەوە ئەو پرسیارەیە دەبێت لە وەزارەتی دارایی عێراق و حکومەتی عێراقی بکرێت بۆ پابەند نابن ئێمە لە 26/6/2023 پابەندبووین و هەموو ئەرکەکانمان جێبەجیکردووە.
رووداو: نەوت رادەستکراوە؟
ئاوات شێخ جەناب: زۆر لەوە پێشتر کردومانە، بەڵام هەندێک گرفتی هونەری هەبوو بۆ نموونە کام داهات فیدراڵیە کام داهات فیدراڵی نییە.
رووداو: عێراق داوای هەموو شتێک دەکەن؟
ئاوات شێخ جەناب: بەڵی داوای هەموو شتێکیان کردووە و ئێمە رەزامەندیشمان داوە ئەوانەی ئەوان داوای دەکەن رادەستیان دەکەین دواتر لیژنەیەکی باڵا هەیە لە نێوانی ئێمەدا لەگەڵ هەردوو سەرۆکوەزیران باس دەکرێت ئەگەر چارەسەر نەبوو لە دادگەی فیدراڵی یەکلادەکرێتەوە، لەسەر ئەم گرفتانە نابێت یاسای بودجە رابگیرێت و ناردنی پارە رابگیرێت، ئێمە لە یاسای بودجەدا وامانکردووە کە مووچەی فەرمانبەران دووربێت لە هەموو مەترسییەک.
رووداو: مەبەستت چی بوو کە گوتت لە 1/8/2023ـەوە داهاتی نێوخۆ لە دەستی ئێمەدا نامێنێت؟
ئاوات شێخ جەناب: هەموو داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان دەچێتە سەر ئەژمارێکی بانکی وەزارەتی دارایی عێراق، ئەوەش بەپێی یاساکەو جارێکی دیکە بۆمان خەرجدەکرێتەوە'تەمویل'.
رووداو: بەپێی یاسای بودجە 50٪ دەگەڕێتەوە؟
ئاوات شێخ جەناب: بەڵێ
رووداو: کێشەکە لەسەر ئەوەیە کامەی دەگەڕێتەوە و کامەی ناگەڕێتەوە؟
ئاوات شێخ جەناب: نەخێر لە 26/6/2023 ئەو گرفتە نەماوە.
رووداو: دەگوترێت بەغدا داوای هەموو داهاتی نێوخۆ و دەروازە سنوورییەکان دەکات؟ 50٪ ئەو داهاتانە دەگەڕیتەوە؟
ئاوات شێخ جەناب: کێشە لەسەر ئەوانە هیچی نەماوە، لە بڕگەی پێنجی رێککەوتنەکەدا بە روونی باسکراوە، هاتنی مووچە وبودجە تەنیا لەسەر کات وەستاوە و دەبێت ئێستا پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە بێت.
رووداو: کەی دێت؟
ئاوات شێخ جەناب: ئەوەی یاری بە رستەکانی من کردووە لەسەر ئەو 'کەی'ە، من ناتوانم لە جێگەی تەیف سامی بڕیار بدەم، لە جێگەی سوودانی من ناتوانم پێت بڵێم کەی، دەبێت ئەوان پێمان بڵین کەی، هەرکات ئەوان پارەکەیان خستە سەر ئەژماری بانکی هەرێمی کوردستان لەلای ئێمە روون دەبێتەوە کەی مووچە دابەش دەکرێت، چاوەڕوان دەکەین ئەمڕۆ بێت ئەگەر وەک پێنج شەمەی لێنەکرێت.
رووداو: ئەمڕۆ لە پەیوەندیدا دەبن لەگەڵیان
ئاوات شێخ جەناب: لەو کاتەوەی ئەم گرفتە هەیە پەیوەندی لە نیوان هەردوو سەرۆکوەزیران، هەردوو وەزارەتی دارایی، وەزارەتی نەوت و وەزارەتی سامانە سروشتیەکان هەیە، لە رێگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەیوەندی هەیە و ئێستا تیمی وەزارەتی دارایی لە بەغدان.
رووداو: تیمێکی هەرێمی کوردستان بڕیار وابوو بچیتەوە بەغدا رۆشتوون؟
ئاوات شێخ جەناب: بڕیارە چوار نوێنەری ئێمە تەنسیب دەکرێن و لە وەزارەتی دارایی عێراق دەوام دەکەن بۆ ئەوەی ئەو گرفتانەی دێنە پێش راستەوخۆ چارەسەر بکرێن و شوێنیش بۆ ئەو نوێنەرانەی ئێمە دیاریکراوە.
رووداو: ئەوە پارەیەی دێت مووچەی مانگی چەندە؟
ئاوات شێخ جەناب: ئێمە چاوەڕوانی مووچەی مانگی 6 و 7 دەکەین، ئێمە چاوەڕوانین بزانین بڕیارەکەی ئەوان چیە.
رووداو: ئێوە چاوەڕێن دوو بڕە پارە لە بەغداوە بێت؟
ئاوات شێخ جەناب: ئێمە چاوەڕوانی ئەوە دەکەین، لای ئێمە بەغدا قەرزاری دوو مووچەیە چاوەڕوان دەکەین هەردوو مووچەکە بنێردرێت، بەپێی یاسای بودجەش دەبێت بنێردرێت.
رووداو: ئێستا بایکۆت دەستی پێکردووە پەیامی ئێوە چییە؟
ئاوات شێخ جەناب: کەی پارە بێتە سەر ئەژماری بانکی مووچە دابەش دەکەین و تەنیا لەسەر کات ماوە.
رووداو: دابەشکردنی مووچە دواناکەوێت؟
ئاوات شێخ جەناب: نەخێر دواناکەوێت پێشتر چاوەڕوانی کۆکردنەوەی داهاتی نێوخۆ دەکرا بۆیە کاتی پێویست بوو
رووداو: ئەو بڕە پارەیەی دێت بڕەکەی چەندە؟
ئاوات شێخ جەناب: تاوەکو ئێستا نازانرێت بڕەکە چەندە چونکە نازانرێت لەو 50٪ چەند دەمێنێتەوە و حکومەتی عێراقی چەندی بۆ دیاریکردووین بەڵام لەم مانگەوە دەردەکەوێت مانگانە چەند بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت.
رووداو: ئەم رێکەوتنە بۆ یەک مانگە یان بۆ ساڵەکە هەموویەتی؟
ئاوات شێخ جەناب: رێکەوتنەکە بۆ هەموو مانگەکانە.
رووداو: رێککەوتنەکە جێبەجێبکرێت گرفت نامێنێت؟
ئاوات شێخ جەناب: نەخێر نامێنێت.