بەغدا نزیکەی 600 ملیاری بۆ مووچەی فەرمانبەران خەرجکرد


رووداو دیجیتاڵ 

سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی مانگی 6ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی خەرج کردووە کە بڕەکەی نزیکەی 600 ملیار دینارە. 
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی ئامادەکردووە و لەکاتی گەیشتنی پارەکە دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت. بڕیارە ئەمڕۆ پارەکە بخرێتە سەر هەژماری بانکیی هەرێمی کوردستان. 
 
لەبارەی مووچەی هێزە ئەمنییەکانەوە، تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک لەبارەی ناردنی مووچەکانیان نەدراوە، چونکە "وەزارەتی دارایی عێراق ئامادە نییە بەو شێوەیەی کە ناوەکانیان نێردراوە، مووچەیان بۆ خەرج بکەن."

 

ئەگەر بە زوویی یەکلایی نەکرێتەوە، دەبێتە دوو مانگ کە هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان مووچەیان وەرنەگرتووە. 

 

رووداو زانیویەتی هەوڵی جدی هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، دوێنێ یەکشەممەش خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق رایگەیاند، کێشەی تەکنیکی هەیە و هەوڵی چارەسەرکردنی دەدرێت، بەڵام مووچە "کێشەی یاسایی و سیاسی" نییە.
 
هەر ئەمڕۆ د. فازڵ نەبی، بریکاری پێشووتری وەزیری دارایی عێراق لە بووڵتەنی نیوڕۆژی رووداو رایگەیاند،  "کێشەی مووچەی هێزە ئەمنییەکان، بەداخەوە تائێستاش چارەسەر نەبووە، بەڵام شاندێک ئێستا لە بەغدایە بۆ ئەوەی لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق و دیوانی چاودێریی دارایی ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت."

هەروەها گوتی، "ئومێد زۆرە لەو چەند رۆژەدا کێشەی مووچەی هێزە ئەمنییەکانیش چارەسەر بکرێت."