بەرپرسێکی بازرگانیی ئێران: لە 20 ساڵدا هەناردە بۆ عێراق 15 هێندە زیاد بووە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی بازرگانیی ئێران دەڵێت، لە دوو دەیەی رابردوودا هەناردەی کاڵای ئێرانی بۆ عێراق 15 هێندە زیادبووە.
جەعفەر حوسەینی، بەڕێوەبەری بەشی پلاندانانی ئاسمانی و هەرێمیی رێکخراوی پلان و بودجەی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی ساڵانە 2 هەزار و 200 جۆر کاڵا بە بەهای 12 ملیار دۆلار هەناردەی عێراق دەکات.
حوسەینی لە کۆنگرەی "پێداچوونەوەی دەرفەت و ئاڵنگارییەکان لەبەردەم راکێشانی وەبەرهێنەرانی عێراقی و بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان" گوتی، عێراق یەکێکە لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی رۆژئاوای ئاسیایە.
حوسەینی دەڵێت، هەناردەی کاڵای ئێرانی بۆ عێراق لە دوو دەیەی رابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادبووە. لە ساڵی رابردوودا بە بەهای 12 ملیار دۆلار کاڵایان هەناردەی ئەو وڵاتە کردووە، لە کاتێکدا لە ساڵی 2003ـدا بەهاکەی نزیکەی 600 ملیۆن دۆلار بوو.
بەم پێیە، لە 20 ساڵی رابردوودا هەناردەی کاڵا لە ئێرانەوە بۆ عێراق 15 هێندە زیادبووە.
ئەو بەڕێوەبەرە گوتیشی، ئێستا وڵاتەکەی ساڵانە زیاد لە 2 هەزار و 200 جۆر کاڵا و خزمەتگوزاری هەناردەی عێراق دەکات. دەشڵێت، زیاد لە نیوەی بازرگانە چالاکەکانی ئێران لە بازاڕی عێراق کار دەکەن.
سەرەتای مانگی رابردوو، فەرزاد بێلتن، نوێنەری تایبەتی بازرگانیی ئێران لە عێراق گوتی، ئێران لەماوەی ساڵی 2023 بە بەهای 580 ملیۆن دۆلار لە عێراقەوە کاڵا هاوردە کردووە.