نرخی گەنم نزمترین ئاستی لە ماوەی ساڵ و نیوێکدا تۆمارکرد

رووداو دیجیتاڵ

نرخی سەرجەم جۆرەکانی دانەوێڵە لەسەر ئاستی جیهاندا دابەزین و نرخی گەنمیش نزمترین ئاستی لە ماوەی ساڵ و نیوێکدا تۆمارکرد.
 
شرۆڤەکاران دەڵێن، هۆکاری سەرەکیی دابەزینی نرخی گەنم، نیگەرانییە لە رەوشی ئابووریی جیهان، پێشبڕکێ لە بواری هەناردەی گەنم لەسەر ئاستی جیهان و پێشبینییەکانی زیادبوونی ئاستی بەرهەمهێنان.
 
ئارلان سودێرمان، ئابووریناسی باڵای کاڵاکان لە رێکخراوی ستۆنێکس بۆ خزمەتگوزاریی دارایی دەڵێت "ئاسۆی زیادبوونی ئاستی بەرهەمهێنان، فاکتەری سەرەکیی سەقامگیریی زیاترە و ئەمڕۆ (چوارشەممە، 31-5-2023) بووە هۆی دابەزینی نرخەکان".
 
دوێنێ چوارشەممە، لە بۆرسەی شیکاگۆ نرخی بوشلێک گەنم کە دەکاتە 27 کیلۆ، 25 سەنت دابەزی و گەیشتە 5.91 دۆلار، بەوەش نرخی هەر تۆنێک گەنم گەیشتە 218 دۆلار.
 
شرۆڤەکاران دەڵێن، خواستی کەمی ئەمریکا بۆ هەناردەکردنی گەنم کاریگەریی لەسەر دابەزینی زیاتری نرخی گەنم داناوە و نرخی گەنمی هەناردەکراوی رووسیاش زیاتر دابەزیوە.