نرخی بیتکۆین بۆ کەمتر لە 57 هەزار دۆلار دابەزی

رووداو دیجیتاڵ

نرخی بیتکۆین زیاتر لە 4 هەزار دۆلار دابەزی و بە نزمترین ئاستی دوو مانگی رابردوو مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 1-5-2024 نرخی یەک بیتکۆین 4 هەزار و 70 دۆلار دابەزی. هەر بیتکۆینێک بە 56 هەزار و 558 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
دواتر بەشێک لە زیانەکانی قەرەبوو کردەوە و ئێستا بە زیاتر لە 57 هەزار و 500 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
ئەمە نزمترین ئاستی نرخی بیتکۆینە لەدوای 28ـی شووباتی ئەمساڵەوە.
 
سیاسەتی نەختینەیی تووندی ئەمریکا و بەندکردنی دامەزرێنەری سەکۆی باینانس بۆ دراوە دیجیتاڵییەکان، هۆکاری سەرەکیی دابەزینی نرخی بیتکۆینن.
 
ماڵپەڕی 'کۆینتەلەگراف' کە تایبەتە بە هەواڵی دراوە دیجیتاڵییەکان پێشتر بڵاویکردەوە، جانێت یێلێن، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا هەنگاو دەنێت بۆ زیادکردنی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بیتکۆین، بەڵام ئێستا یێلێن هەنگاوی پێچەوانەی ناوە.
 
وەک شارەزایان دەڵێن، 60 هەزار دۆلار ئاستێکی بەرگریی تەکنیکی بوو کە پشتیوانیی نرخەکەی دەکرد. 
 
چانگ پێنگ ژائۆ، دامەزرێنەری باینانس، گەورەترین سەکۆی تایبەت بە دراوە دیجیتاڵییەکانیش لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری ئەمریکاوە بە 4 مانگ بەندکردن سزادرا.
 
ژائۆ، دانی بە تۆمەتەکانی ناوە کە هاوکار بووە لە شوشتنەوەی پارە و یاریکردن بە سامانی وەبەرهێنەرانی سەکۆیەکەی.
 
ئەم دوو هۆکارە ترسیان لە بازاڕی دراوە دیجیتاڵییەکان دروستکردووە. تەنیا لە 24 کاژێری رابردوودا، بازرگان و وەبەرهێنەران 470 ملیۆن دۆلاریان لەو سێکتەرەدا کشاندووەتەوە.
 
لە 1ـی نیسانی ئەمساڵدا، نرخی هەر بیتکۆینێک بە 71 هەزار و 180 دۆلار بوو. بەم پێیە، لە یەک مانگی رابردوودا هەر بیتکۆینێک زیاتر لە 14 هەزار و 600 دۆلاری نرخەکەی لەدەستداوە.