بەرپرسێکی گەنجینەی ئەمریکا: لە عێراق پێشکەوتنی زۆر باشمان لە پارەدانی ئەلیکترۆنی بەدیهێناوە

رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسێکی گەنجینەی ئەمریکا دەڵێت، چاوەڕوانیی ئەوەیان لە عێراق هەیە کە هاوکاریان بێت لە بنبڕکردنی سەرچاوەی دارایی تیرۆر. دەشڵێت، متمانەی هەیە لەوەی عێراق دەگەیێننە ستانداردە نێودەوڵەتییەکان لە وشککردنی سەرچاوەی دارایی تیرۆر.
 
بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، ئەمریکا چاوەڕوانیی ئەوەی لە عێراق هەیە، هاوکاری بێت لە دەستنیشانکردن و بڕینی سەرچاوەی دارایی گرووپە چەکدارە پاڵپشتیکراوەکانی ئێران لە عێراق.
 
ئەو بەرپرسە کە ئاگاداری رێکارەکانە و نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت بەهۆی هەستیاریی بابەتەکەوە دەڵێت، "ئێستا لە دۆخێکداین کە سەربازی ئەمریکی لە ئوردن کوژراون". دەشڵێت: "بەگشتی، گرووپگەلێک هەن کە چالاکانە عێراق، سیستمە داراییەکەی و هەیکەلەکەی بەکاردەهێنن بۆ هێرشەکان و دەبێت راستەوخۆ چارەسەری ئەوە بکەین".
 
بەرپرسەکەی گەنجینەی ئەمریکا گوتیشی: "راشکاوانە پێموایە کە تێڕوانینی ئێمە لە وەزارەتی گەنجینە ئەوەیە کە کاری زیاتر هەیە بتوانین بەیەکەوە بیکەین بۆ هاوبەشیپێکردنی زانیاری و دەستنیشانکردنی وردی ئەو گرووپە میلیشیایانەی لە عێراق کار دەکەن".
 
عێراق زیاتر لە 100 ملیار دۆلار یەدەگی دراوی لە ئەمریکادا هەیە و زۆر پشت بە واشنتن دەبەستێت بۆ دڵنیابوون لە دەستڕاگەیشتن بە داهاتی نەوت و بلۆکنەکردنی دۆلار و سەرچاوەی داراییەکەی.
 
حکومەتی ئێستای عێراق بە پاڵپشتی لایەنە زلهێزەکان و گرووپە چەکدارەکان کە بەرژەوەندیی زۆریان لە ئابووریی نافەرمیی عێراقدا هەیە، هاتە سەر دەسەڵات، لەنێویاندا کەرتی دارایی کە لەمێژە وەک شوێنێکی گەرمی سپیکردنەوەی پارە سەیر دەکرێت.
 
سەرەڕای ئەوەش، بەرپرسانی ئەمریکا ستایشی هاوئاهەنگییەکانیان لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەن لە ئەنجامدانی چاکسازیی ئابووری و دارایی کە مەبەست لێی سنووردارکردنی توانای ئێران و هاوپەیمانەکانییەتی لە دەستڕاگەیشتن بە دۆلاری ئەمریکی و، هاوتەریبکردنی ئابووریی عێراق لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکان.
 
ئەوەش پاڵنەرێکە بۆ بەستنەوەی بانکەکان بە سیستەمی دارایی نێودەوڵەتی و پێشخستنی پارەدانی ئەلیکترۆنی لە عێراق، کە هێشتا پشت بە پارەی کاش دەبەستێت.
 
بەرپرسەکەی گەنجینەی ئەمریکا دەڵێت: "هەست دەکەم تەنیا لە ماوەی 12 بۆ 13 مانگدا پێشکەوتنی زۆرباشمان لە هەموو ئەو بوارانەدا بەدیهێناوە". 
 
هاوشان لەگەڵ سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، واشنتن هەوڵی داوە دەستڕاگەیشتن بە دۆلاری ئەمریکی لە عێراق لەلایەن ئێرانەوە سنووردار بکات؛ لەم نێوەندەدا لە ساڵی 2022ـدا رێکاری زیاتر و تووندی خستە سەر خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە، کە پڕ بوو لە پسووڵەی ساختە و سەرچاوەیەکی سەرەکیی بەقاچاخبردنی دۆلار بوو.
 
بانکی ناوەندیی عێراق داوای دۆلاری خۆی لە بانکی فیدراڵی ئەمریکا دەکات و دەیفرۆشێت بە بانکە بازرگانییەکان، ئەوانیش لە بەرامبەردا دەیفرۆشن بە بازرگانانی نێوخۆیی عێراق.
 
ئەو دۆلارەی ئەمریکا بۆ عێراقی دەنێرێت رۆژانە نزیکەی 200 ملیۆن دۆلارە.
 
ساڵی رابردوو بە تۆمەتی سپیکردنەوەی پارە، ئەمریکا 14 بانکی عێراقیی لە لیستی ئەو بانکانە دەرهێنا، کە دەتوانن مامەڵە بە دۆلار بکەن.
 
واشنتن داوای لە بەغدا کردووە کە رۆڵێکی چالاکتر بگێڕێت کە چارەسەرکردنی نیگەرانییەکانی ئەمریکایە لە بانکەکان.
 
بەرپرسەکەی گەنجینەی ئەمریکا دەڵێت: "ئێمە هەوڵی گەیشتن بە کامڵبوون نادەین، چونکە ئەمە ناوچەیەکی سەختە و ئێرانیش بەدیاریکراوی لەم بابەتەدا زۆر شارەزایە".
 
باس لەوەشدەکات، "هەندێک متمانەم هەیە بەوەی کە عێراق دەگەیێنینە ستانداردە نێودەوڵەتییەکان لە رووبەڕووبوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر."