لە کۆڵنی ئەڵمانیا بەهۆی مەترسیی تیرۆرەوە رێوشوێنی تووند بۆ پێشوازی ساڵی نوێ گیراوەتەبەر

رووداو دیجیتاڵ 

ئەم ساڵ لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا، رێکاری ئەمنیی زۆر تووند بۆ پێشوازیکردن لە سەری ساڵی نوێ گیراوەتەبەر. ئەوە لەکاتێکدایە، دوو رۆژ لەمەوبەر لەو شارە دوو کەس دەستگیرکرابوون کە هەردووکیان ئەندامی رێکخراوی داعش بوون و پلانی هێرشکردنە سەر سێ ناوچەی ئەوروپایان داڕشتبوو.
 
بەهۆی ئەو رێوشوێنە ئەمنییانەی گیراونەتەبەر، ئەمڕۆ کاتێدراڵی دۆم لە ناوەندی شاری کۆڵن داخراوە و لە دەورووبەری شارەکەش هێزێکی ئەمنیی زۆر بڵاوەی پێکراوە، هاوکات ئەو ناوچەیەش کە بۆ پێشوازیکردن لە سەری ساڵ دیاریکراوە رێوشوێنی ئەمنیی تووندی تێدا گیراوەتەبەر و ئەو خەڵکەی دەیانەوێ بەشداری لە رێوڕەسمەکەدا بکەن، رێگەیان پێنادرێت یاریی ئاگرین لەگەڵ خۆیان ببەن.
 
بەپێی زانیارییەکانی زنار شینۆ، پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا، ئەو رێوشوێنانە بەهۆی دەستگیرکردنی دوو ئەندامی داعش بووە کە رۆژی هەینی لەلایەن پۆلیسی کۆڵنەوە دەستگیرکراون. پۆلیس ناسنامەی ئەو گیراوانەی ئاشکرا کردووە کە یەکێکیان ناوی عەبدولسەمەدی تەمەن 30 ساڵە، بە نازناوی "شێخ" سەرۆکایەتیی گرووپەکەی کردووە و لە شارۆکەی ئێپن کە نزیکەی 30 کیلۆمەتر لە کۆڵنەوە دوورە، ژیاوە. ئەو کەسە پەیوەندییەکی چڕی لەگەڵ "موسڵمانە توندئاژۆکانی" نیشتەجێی کۆڵن هەبووە و بەرپرسی گرووپی 'سەفاح' بووە و لە تێلیگرام کەناڵێکی تایبەتی بۆ کردبوویەوە.

 

 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، گیراوەکەی دیکە خەڵکی تورکمانستانە بە ناوی عەتا و تەمەنی 29 ساڵە. ئەو گیراوە لەگەڵ عەبدولسەمەد و "کۆمەڵێک موسڵمانی دیکەی لایەنگری داعش" گرووپێکیان پێکهێناوە و لە ماوەی رابردوودا پارەیان بۆ داعش کۆکردووەتەوە. بە گوتەی پۆلیسی ئەڵمانیا، ئەو پارانەیان راستەوخۆ بۆ ئەو گرووپانەی داعش ناردووە کە لە "ناوچەی ژێر دەسەڵاتی کورد لە سووریا چالاکی دەکەن."
 
پۆلیسی ئەلمانیا باس لەوە دەکات، ئەو دوو کەسە بۆ ماوەی چەند ساڵێک لە ئەڵمانیا و هۆڵەندا کاریان کردووە. زۆربەی ئەو کەسانەشی کاریان لەگەڵ کردوون، ئەوانەن کە لەدوای ساڵی 2015ـەوە روویان لە ئەڵمانیا کردووە.
 
مانگی تەممووزی ساڵی 2020 پۆلیسی ئەڵمانیا "گرووپێکی ئیسلامی توندئاژۆی" دەستگیرکرد کە بە بەڵگە سەلمێندرا، یەک لە ئەندامانی ئەو گرووپە لە کەمپێکی داعش کە لەژێر دەسەڵاتی رۆژئاوای کوردستاندا بووە، سەری کەسێکی دیکەی بڕیوە، دوای لێکۆڵینەوەی پۆلیس لە دۆسیەی ئەو گرووپە، مانگی نۆی ساڵی 2022 عەبدولسەمەد بە تۆمەتی ئەندامبوون لەو گرووپەدا دەگیرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی دادوەری لێکۆڵینەوە بڕوای بەو بەڵگانە نەبووە کە لە دژی کۆکراونەتەوە، فەرمانی ئازادکردنی داوە.
 
بەڵام ئەمجارەیان دوای ئەوەی پۆلیسی ئەڵمانیا دەست بەسەر ئەو کەناڵە تیلیگرامییەدا دەگرێت، تێیدا دەردەکەوێت، عەبدولسەمەد لەگەڵ عەتا پلانیان داناوە، شەوی کریسمس، یان ئەمشەو لەبەردەم کەنیسەکەی کۆڵن بۆمبێک بتەقێننەوە.
 
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی پۆلیسی کۆڵن بڵاویانکردووەتەوە، ئەو گرووپە پلانیان داناوە هێرشی تیرۆریستی بکەنە سەر دوو کاتێدراڵ لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا و ڤیەننا و پلانی دووەمیان هێرشێکی تیرۆریستی بووە لە مەدرید، بەڵام بەر لەوەی کەرەستەکانیان بۆ دروستکردنی بۆمب دەستبکەوێت، لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر کراون.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی پۆلیسی کۆڵن، دەرکەوتووە ئەمشەو پۆلیسی ئەڵمانیا سێ کەسی دیکەشی بە تۆمەتی ئەندامێتی لەو گرووپە دەستگیر کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا پۆلیس بە فەرمی ناسنامەی ئەو سێ کەسەی ئاشکرا نەکردووە.