لە فینلاند ئاهەنگی هاوینەی کوردی بەڕێوەدەچێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

کۆتاییەکانی هاوینە، لە فینلاند کوردی ئەوێ دەیانەوێ بە ئاهەنگێکی هاوینە ماڵئاوایی لێبکەن. لە شاری تورکو کۆمەڵەی کولتووریی کوردی بۆ ئێوارەی رۆژی شەممە، 31ی ئابی 2024، ئاهەنگێکی رێکخستووە. 
 
نادیە نەزەری، بەرپرسی ئەو کۆمەڵەیە میوانی دیاسپۆرا بوو لەو بارەیەوە گوتی: "رۆژی شەممە، 31/8/2024 ئاهەنگی هاوینەی کوردی لە فینلاند بەڕێوەدەچێت، ئاهەنگەکە لە کاژێر 16:00 دەستپێدەکات تاوەکو کاژێر 19:00 دەخایەنێت."
 
هاوکات، ئاماژەی بەوە دا کە مەبەست لە ئاهەنگەکە "ناساندنی زیاتری کولتوور و فەرهەنگی کوردییە بە گەلی فینلاند و هەموو ئەوانەی لە فینلاند دەژین و هاتنیش بۆ هەمووانە."
 
نادیه نەزەری گوتیشی: "لە ئاهەنگەکەدا گۆرانی و میوزیکی کوردی پێشکێش بە ئامادەبووان دەکرێت، هەروەها بەشێکی زۆری خواردنی کوردەواری ئامادە دەکرێن و پێشکێش بە ئامادەبووان دەکرێت، لەهەمان کاتدا چالاکی بۆ منداڵانیش ساز دەکرێت".
 
ساڵانە کۆمەڵەی کولتووریی کوردی لە فینلاند ئاهەنەگی کۆتایی هاوین لە کۆتایی مانگی ئاب ساز دەکات و کۆمەڵێک چالاکی بەڕێوەدەبات.