هەرێمی ساکسۆنی؛ دەرگەی سەرەکی کۆچبەران بۆ چوونە نێو ئەڵمانیا
رووداو دیجیتاڵ
دەوامی رۆژانەی پۆلیسی فیدراڵیی ئەڵمانیا لە هەرێمی ساکسۆنی رۆژهەڵاتی وڵات بەمشێوەیەیە کە هەر رۆژێک و گرووپێک کۆچبەر لەدەست قاچاخچییان رزگار دەکەن.
ئەمجارەیان گرووپێکی شەش کەسی خەڵکی سووریایان رزگار کرد کە لە چوار پیاو و دوو منداڵ پێکهاتبوون، بەڵام قاچاخچییەکە رایکردووە.
ئەلفرێد کلانەر، ئەفسەری پۆلیسی فیدراڵیی ئەڵمانیا دەڵێت: هەفتەی رابردوو لەنێوان هەینی و دووشەممەدا ئۆفیسەکەمان 131 کۆچبەریان لەو سێگۆشەیەی ئەڵمانیا، چیک و پۆڵەندا تۆمارکرد، سێ قاچاخچیشیان دەستگیرکرد.
هەواڵ بە پۆلیسی ساکسۆنی گەیشتووە کە ژمارەیەک کۆچبەر گیریان خواردووە. پۆلیس ویستی بەهانایانەوە بچێت، بەدەم رێگەوە دەستی بەسەر ڤانێکدا گرت کە 21 کۆچبەری هەڵگرتبوو، لەنێویاندا منداڵ هەن.
ئالفرێد کلانەر گوتی، "دەرفەتی دانیشتنیان نەبوو، دەبوو بە پێوەبن. هەندێ گەشتیان 10 کاژێر دەخایێنێت بەبێ وەستان."
کۆچبەرەکان دڵخۆشن کە لەدەست ئەو قاچاخچییە رزگارکراون کە 14 کاژێر ئەوانی لە دواوەی ڤانەکە هێشتووەتەوە.
کۆچبەرێکی سووریایی دەڵێت: "بە ئێمەی گوت، نیگەران مەبن ئێوە لە ئەڵمانیان و سەلامەتن. ئارام بن."
ئەوە ئەو قۆناخەی گەشتی کۆچبەرانە کە لە هەموو کاتێک زیاتر ژیانیان دەکەوێتە مەترسییەوە.
ئارمین شوستەر، وەزیری ناوخۆی ساکسۆنی دەڵێت: "چیدی لەوەدا نەماوەتەوە ئاخۆ کەی کارەسات روودەدات.. کارەسات واتا داواکراوەکان کە رووداویان ناوەتەوە، ئەوانەی لە تێنوویەتی و بێ ئۆکسجینی مردوون."
قاچاخچییان بەردەوام فێڵ و تەڵەکەی جیاواز بۆ خەڵەتاندنی پۆلیس بەکاردەهێنن. پۆلیسی ساکسۆنی ناچاربووە هێز و ئەفسەری هەواڵگری زیاتر بۆ ئاشکراکردنیان بڵاوبکاتەوە.
بەگوێرەی ئامارێکی پۆلیسی فیدراڵیی ئەڵمانیا، لە پێنج مانگی یەکەمی 2023دا 35877 سنووربڕینی نایاسایی تۆمارکراون، ئەو ژمارەیەش 60٪ زیاترە لە پێنج مانگی یەکەمی 2022.