زانایان پێشبینی دەکەن 80%ی ماڵدیڤ تاوەکو 2050 ژێرئاو بکەوێت

 
رووداو دیجیتاڵ

کەناراوەکانی ئاتلانتیک سیتی لە نیوجێرزیی ئەمریکا بەپێی پێشبینییەکان تاوەکو ساڵی 2070 ئاستی ئاوەکەی 76 سانتیمەتر بەرز دەبێتەوە و دەگوترێت، شارە زۆرینە هەژارنشینەکەی ئەمریکا ژێرئاو دەخات کە ژمارەی دانیشتووانی 38 هەزار  و500 کەسە.
 
هۆکاری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی کەناراوەکەی نیوجێرزی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و توانەوەی بەستەڵەکەکانە کە ئاستی ئاوی زەریا و دەریاکان بەرز دەکاتەوە. خەڵکی کەناراوەکە نیگەرانن و لە کۆچكردن زیاتر هیچ بژارەیەکی دیکەیان نییە، شارەکە 100 ملیۆن دۆلاری داناوە بۆئەوەی بە بەربەستی کۆنکرێتی رێ لە سەرڕێژبوونی ئاوی دەریا بگرێت.
 
کیمبەرلی مکینا، یاریدەدەری بەڕێوەبەر لە زانکۆی Stockton دەڵێت، "ئەگەر بیر لە بەرزبوونەوەی ئاستی دەریاکان بکەیتەوە، خۆ دەبێت ئەم ئاوە بڕوات بۆ شوێنێک. لە ئەنجامدا باهۆز و زریانی زۆرتر روودەدەن. شاهیدی لافاوی زیاتر دەبین."
 
ئەو ماڵدیڤەی کە خەڵک لە سەرتاسەری جیهانەوە بۆ مەبەستی گەشتوگوزار رووی تێدەکەن، زانایان پێشبینی دەکەن، تاوەکو ساڵی 2050، 80%ی ژێرئاو بکەوێت؛ بەڵام ئەوە بەو مانایە نایەت ژیانی زیندەوەرە ژێردەریاییەکان لەو کارەساتە سرووشتییە رزگاریان دەبێت.
 
هانا ئەمیر، زیندەوەرناسی دەریایی ئاماژە بەوە دەکات، "ئێستا لە دۆخێکداین کە ژیانی زیندەوەری دەریاکان لەدەستدەدەین، بەڵام نازانین ئەوەی دی چییە کە لەدەستی دەدەین. ئەمە یارمەتیمان دەدات بەڕاستی لەو پرسە تێبگەین و قەبارەی کاریگەریی راستەقینەی گۆڕانی کەشوهەوا بزانین، لەگەڵ پەرەسەندنی کەناراوەکان یاخود هەر گوشارێکی دیکە کە بەرەوڕووی زەریاکان بووەتەوە."
 
لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، بەستەڵەکەکان زۆر بە خێرایی دەتوێنەوە، لە ماوەی 100 ساڵی رابردوودا، ئاستی دەریاکان 45 سانتیمەتر بەرز بوونەتەوە، زانایان دەڵێن، تاوەکو ساڵی 2100 بۆ 66 سانتیمەتر بەرز دەبێتەوە. بەرزبوونەوەکە هاوکاتە لەگەڵ توانەوەی بەستەڵەکە جەمسەرییەکان، بۆ نموونە لە جەمسەری باشوور لە ساڵی 1982 قەبارەکەی 16000 کیلۆمەتر سێجا بووە، بەڵام ئێستا لە 2022دا بۆ 4000 کیلۆمەتر سێجا کەمیکردووە، واتە سێیەکی کەمیکردووە.
 
لافاو تەنگی بە 33 ملیۆن خەڵکی پاکستان هەڵچنیوە، لە کەمتر لە دوو مانگدا زیاتر لە 1136 کەس بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە.
 
رووباری مەدیان لە باکووری پاکستان، ئاوەکەی بەرزبووەتەوە و ژێرخانی شارۆچکەکەی سەراوژێر کردووە. زاناکان دەڵێن، ئەوەی دەیبینین، مشتێکە لە خەرواری گۆڕانەکانی ژیانی گۆی زەوی لە کەمتر لە 100 ساڵی داهاتوودا.