ترسی دووبارەبوونەوەی مێژوو؛ فینلاند سێ کیلۆمەتری لە دیوارە ئاسنینەکەی لەگەڵ رووسیا تەواوکرد


رووداو دیجیتاڵ 

لەسەر سنووری شارۆچکەی ئیماترا لە باشووری رۆژهەڵاتی فینلاند کە هاوسنوورە لەگەڵ رووسیا، حکومەتی فینلاند سێ کیلۆمەتری لە پڕۆژەی دیوارە ئاسنینە 200 کیلۆمەترییەکەی لەگەڵ رووسیا پێشاندا.
 
ئیسمۆ کورکی، بەڕێوەبەری پڕۆژەکە دەڵێت، "بناخەی رێگەکە و دیوارەکە ئامادەیە و بەشێکی دیوارەکە زۆر نزیکە لە تەواوبوون. کاتێک تەواو بوو، هەندێ کاری تەکنیکی وەک کارەبا و تەلە دڕکاوییەکەی دەمێنێت و ئامادە دەبێت."
 
دیوارەکە ئاسنینەکە؛ بەرزییەکەی سێ مەترە و درێژییەکەی 200 کیلۆمەترە؛ تێچووەکەشی 417 ملیۆن دۆلارە و بڕیارە تاوەکو 2026 تەواو ببێت. بۆ بەشێکی فینلاندییەکان، ئەو کارەی کە حکومەتەکەیان پێی هەستاوە کاریگەری لەسەر ئاسایشی ئەوان نابێت.
 
سانا پریۆر، هاووڵاتییە و دەڵێت، "نازانم ئەگەر وام لێبکات هەست بە ئاسایشی زیاتر بکەم، تائێستا هەستم بەوە نەکردووە کە رووسیا مەترسییە بۆسەر من. هەمیشە لە سنووری رووسیاوە نزیک بووین، بەڵام هەستم بە مەترسی نەکردووە."
 
بە ئەندامبوونی فینلاند لە ناتۆ و دروستکردنی ئەو دیوارە ترسی دووبارە بوونەوەی مێژووە. ساڵی 1808 ئیمپراتۆریەتی رووسیا فینلاندی کۆنترۆڵ کرد و تاوەکو شۆڕشی بۆڵشڤیک لە ساڵی 1917، واتە بۆ ماوەی 108 ساڵ، فینلاند بەشێک بوو لە رووسیا؛ دواتریش لە جەنگی جیهانیی دووەمدا شەڕ لەنێوان سۆڤیەت و فینلاندا روویدا و دەیان هەزاریان لە یەکدی کوشت. 
 
ساڵی 1995 فینلاند بووە ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا و 16ـی ئاداری 2022، تەنیا 20 رۆژ دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا، فینلاند داواکاری بەئەندامبوونی لە ناتۆ پێشکێشکرد و دەستی بە دروستکردنی دیوارە 200 کیلۆمەترییەکە کرد. 
 
لە ساڵی 2022دا، تەنیا 30 پەڕینەوەی نایاسایی لە رووسیاوە بۆ فینلاند هەبووە، بەرپرسانی فینلاند دەڵێن، دیوارەکەیان بۆ ئەوە دروستکردووە تاوەکو ئەو بژارەیە بۆ رووسیا نەهێڵنەوە کە لە داهاتوودا لێشاوی کۆچبەر وەکو گوشار بۆسەر ئاسایشی فینلاند بەکاربهێنێت.