سەرۆکی بێلاڕووس: گڕی جەنگێکی ئەتۆم لە ئاسۆدا دیارە


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی بێلاڕووس دەڵێت، پاڵپشتیی وڵاتانی رۆژئاوا بۆ کیێڤ مەترسیی جەنگێکی ئەتۆم لە ئۆکراینا زیاتر دەکات. 
 
رۆژی هەینی، 31ـی ئاداری 2023، ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ، سەرۆکی بێلاڕووس لە گوتارێکدا بۆ سیاسەتڤانان و خەڵکی وڵاتەکە لە مینسک رایگەیاند، "لە ئەنجامی هەوڵەکانی ئەمریکا و سەتەلایتەکانی، جەنگێکی تەواو لە ئۆکراینا بەرپابووە. جەنگێکی سێیەمی جیهان بە گڕی ئەتۆمەوە لە ئاسۆدا دیارە". 
 
لوکاشێنکۆ گوتیشی کە جەنگی ئۆکراینا تەنیا ئەو کاتە کۆتایی دێت کە "ئەمریکا رێگە بەوە بدات". 
 
هاوکات، هاوپەیمانەکەی ڤلادمیر پووتینی سەرۆکی رووسیا داوای ئاگربەستێکی لە ئۆکراینا و دانوستاندنی "بێمەرجی پێشوەختە"ی لەنێوان مۆسکۆ و کیێڤ کرد. 
 
لوکاشینکۆ گوتی، "ئەو ریسکە دەکەم و پێشنیازی کۆتاییهاتن بە شەڕ و راگەیاندنی ئاگربەست دەکەم. هەموو کێشە هەرێمییەکان، بونیاتنانەوە و کێشەی ئەمنی دەکرێت و دەبێت بەبێ مەرجی پێشوەختە لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەر بکرێن." 
 
لوکاشینکۆ هۆشداریشیدا لەوەی لە ئەگەری بوونی مەترسی بۆ سەر رووسیا، مۆسکۆ "ناچار دەبێت تەواوی هێزی سەربازی و یۆرانیۆمی لاواز و دەوڵەمەندیش بەکاربهێنێت." 
 
لە شوباتی 2022دا رووسیا هێرشی بۆ سەر ئۆکراینا دەستپێکرد و تاوەکو ئێستا جەنگەکە بەردەوامە.
 
رۆژی 20ـی شوباتی ئەمساڵ، ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ، سەرۆکی بێلاڕووس پێکهێنانی یەکەیەکی بەرگریی راگەیاند، کە لە 150 هەزار کەس پێکدێت و گوتی: لە ئەگەری ئەوەی وڵاتەکەی بەر هێرش بکەوێت، "ئەوان شەڕ دەکەن".
 
بێلاڕووسی دراوسێی ئۆکراینا، هاوپەیمانێکی نزیکی رووسیایە. ژمارەی دانیشتووانەکەی 9.3 ملیۆن کەس دەبێت. بەگوێرەی پەیمانگەی میلیتاریی باڵانسی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی، سوپاکەی لە 48 هەزار سەرباز پێکدێت، ئەوەش جگە لە سەربازانی پاراستنی سنوورەکانی، کە لە 12 هەزار چەکدارن.