كچێكی كورد لەڕێی كۆچ عاشقی كوڕە ئەفغانێك دەبێت
رووداو- بولگاریا
سەداقەت، لە نێوان سنووری بولگاریا و سربیا، رێبەری 26 كۆچبەری كوردی ئێزدییە بۆ ئەوەی بیانگەیەنێتە شوێنی مەبەست، بەڵام پێش ئەوەی بگەنە سربیا، لەلایەن پۆلیسی بولگارییەوە دەستگیر دەكرێن و سەرجەمیان دەبرێن بۆ گرتووخانەی بۆسمۆس. سەداقەت لەنێو ئۆتۆمبێلی پۆلیس لەگەڵ كاڵێ كە كچێكی كوردی ئێزدییە، بە فارسی دەكەوێتە قسەكردن، لەسەر ئەوە رێكدەكەون لەكاتی لێكۆڵینەوەی پۆلیس، وەك هاوژین خۆیان بناسێنن، بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی جیاواز مامەڵەیان لەگەڵدا بكەن و زوو ئازادیان بكەن.
پۆلیس لە دوای لێكۆڵینەوە، سەداقەت و كاڵێ بەیەكەوە دادەنێن و (33) رۆژ لە بەشی خێزان لە گرتووخانەی بۆسمۆس دەیانهێڵنەوە. لەو ماوەیەدا، رۆژانە و شەوانە ئەو كچە كوردە و ئەو كوڕە ئەفغانییە بەیەكەوە دەبن و هەمیشە قسە دەكەن، وردە وردە تێكەڵاوی دروست دەكەن و هەموو راز و نیازێكی یەكدی دەزانن، لەدوای دوو هەفتە لە قسەكردن و لەیەك گەیشتن، هەستی خۆشەویستییان بۆ یەكدی دەجوڵێ و بڕیاری خۆیان دەدەن.
سەداقەت، گەنجێكی تەمەن 28 ساڵە و ماوەی سێ ساڵە لە بولگاریا كاری قاچاخچێتی دەكات، ئەو كۆچبەران لە بولگاریاوە دەگەیەنێتە سربیا، لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا فێری زمانی بولگاری بووە، جگە لەوەش زمانی پشتۆ و فارسیش دەزانێ. كاڵێی تەمەن 23 ساڵیش پێشتر دانیشتووی شنگال بووە. ئەو لەگەڵ 25 كۆچبەری ئێزیدی رێگەی ئەوروپایان گرتووەتە بەر. كاڵێ كە ئارەزووی فێربوونی زمانی هەیە، زمانی فارسی و عەرەبی و توركی فێر بووە.
سەداقەت و كاڵێ، لە گرتووخانەی بۆسمۆسەوە عاشقی یەكدی دەبن، بە وردی لەبارەی داهاتووی ژیانیانەوە قسە دەكەن و دەگەنە ئەو باوەڕەی دەتوانن خێزان پێكەوەبنێن، لەسەر كۆمەڵێك بنەما ڕێكدەكەون بەو مەرجەی لەدوای ئازادبوونیان لە زیندان، بەیەكەوە بڕۆنە ئەڵمانیا و لەوێ ژیانێكی ئارام بەسەربەرن.
لەدوای (33) رۆژ لە بۆسمۆس ئازادیان دەكەن و بەرەو كەمپی كراوەی خەرمەلی بەڕێیان دەكەن، سەداقەت و كاڵێ بەیەكەوە دەڕۆنە كەمپ و چەند مانگێك لەوێ دەمێننەوە. سەداقەت دەیەوێ لەو ماوەیەدا چەند وەجبە كۆچبەرێكی دیكە بگەیەنێتە سربیا، تا پارەی دەستبكەوێ و بەو پارەیە دوو بە دوو لەگەڵ كاڵێی خۆشەویستی بگەنە ئەڵمانیا، لەدوای گەیاندنی دوو وەجبە كۆچبەر، سەداقەت لەكاتی هاتنەوەدا لەلایەن پۆلیسی سنووری سربیاوە دەستگیر دەكرێ، لەدوای دوو شەو رادەستی پۆلیسی بولگاری دەكەنەوە و دەهێنرێتە زیندانی لۆبۆمێز.
هەواڵی دەستگیركردنی سەداقەت، كاڵێی خۆشەویستی دڵتەنگ و نائاسوودە دەكات، بەتایبەتی دوای ئەوەی كە دەزانێ خۆشەویستەكەی دەبێ شەش مانگ لەو گرتووخانەیە بمێنێتەوە. كاڵێ بەدەم گریانەوە بە سەداقەتی گوتبوو كە لە كەمپی خەرمەلی چاوەڕوانی ئازادكردنی دەكات.
سەداقەت ئەو رۆژانەی كە لەو گرتووخانەیە بوو، چیرۆك و سەرگوزەشتەی نێوان خۆی و كاڵێی بۆ هەفتەنامەی (رووداو) گێڕایەوە.
بە گوێرەی بڕیاری دادگا، سەداقەت شەش مانگ لە گرتووخانەی لۆبۆمێز دەمێنێتەوە و پاشان ئازاد دەكرێ. لە ماوەی ئەو شەش مانگەدا كاڵێ چەند جارێك سەردانی كرد. ئەو چاوەڕوانی ئازادكردنی سەداقەتە تا پێكەوە بچنە ئەڵمانیا.
سەداقەت موسڵمانە و كاڵێش ئێزدییە، بەڵام سەداقەت دەڵێت دین رێگری بەردەم عەشقەكەیان نییە و لەسەر دینیش رێككەوتوون "لەسەر جیاوازیی دین رێككەوتووین، من لەسەر دینی خۆم و كاڵێ لەسەر دینی خۆی، لەم رووەوە دین هیچ رێگری و بەربەستێك دروست ناكات. چونكە ئێمە لەسەر بنەمای دین یەكترمان قبوڵ نەكردووە، بەڵكو لەسەر بنەمای مرۆڤایەتی و مرۆڤدۆستی بڕیارمان داوە بەیەكەوە بژین".
سەداقەت گەنجێكی باڵابەرزی رەشتاڵەیە و پرچی تا سەرشانی درێژ كردووە و تەنكە ریشێكی رەشی هێشتووەتەوە، زۆربەی كات بەتەنیا لە سووچێكی گرتووخانەدا دانیشتووە. وەك سەداقەت باسی دەكات، كاڵێ كچێكی جوانی قژ زەردی چاو مەست و چاو گەورەیە، رەنگی سپی و سوورباوە و باڵایەكی رێك و جوانی هەیە.
شەش مانگ بەسەر چاوەڕوانیی هەردووكیاندا تێپەڕی و سەداقەت چاوەڕوان بوو لە زیندان ئازادی بكەن، وەلێ لە مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی رابردوو، دادگا سێ مانگی دیكەی بۆ سەداقەت درێژ كردەوە، دەبێ بەم نزیكانە ئازاد بكرێ، ئەو دەخوازێ بە زوویی ئەو ماوەیە تێپەڕێ و لەگەڵ كاڵێ یەك بگرنەوە و بولگاریا بۆ هەمیشە جێبێڵن.
هەواڵی درێژكردنەوەی ماوەی بەندكردنی سەداقەت بۆ سێ مانگی دیكە كاڵێ بێزار دەكات، ئەگەرچی دووبارە دڵنیایی بە سەداقەت داوە كە چاوەڕوانی دەكات.
سەداقەت لە گرتووخانەی لۆبۆمێزیشەوە خەریكی رێكخستن و ئامادەكردنی كۆچبەران بوو. بە تەلەفۆن كۆچبەرەكانی كۆدەكردەوە و لەڕێی رێبەرێكی هاوڕێیەوە بەرەو سربیا رەوانەی دەكردن.