جارێکی دیکە پاشماوەی دەریاچە لەسەر مەریخ پشتڕاستکرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
گالیسکەیەکی ناسا، پاش کۆکردنەوەی نموونەی زۆر لە رووکاری هەسارەی مەریخ و شیکارکردنیان، هەبوونی دەریاچە لەسەر هەسارەکە لە ماوەکانی رابردوودا پشتڕاست دەکاتەوە.
گالیسکەکە ناوی (پێرسیڤەرەنس - Perseverance)ـە، لە شوباتی 2021 گەیشتە سەر مەریخ.
لە ماوەی ئەو سێ ساڵەی رابردوودا، ئەرکێکی سەرەکی ئامێرەکە هەڵکەندنی چینە خاکی و بەردینەکانی سەر رووی مەریخ و دواتر شیکارکردنیان بووە لە رێگەی ئەو تاقیگە بچووکانەی لێی بەستراون.
توێژینەوەیەکی تازە کە رۆژی هەینی رابردوو، لەلایەن تیمێکی زانکۆی کالیفۆرنیای ئەمریکا بڵاوکرایەوە، بە پشتبەستن بە نموونەکانی پێرسیڤەرەنس دەڵێت، سەرجەم پێداویستییەکانی هەبوونی دەریاچەی ئاوی لەسەر مەریخ کۆکراونەتەوە و دڵنیابوونەتەوە کە رۆژێک لە رۆژان، دەریاچە و رووباری ئاوی هەبوون لەسەر ئەو هەسارەیە.
مەریخ لەنێو زانستکاران و ئەوانەی حەزیان بە بابەتی گەردوونی هەیە بە "هەسارە سوورەکە"ش ناسراوە. هەسارەی چوارەمە لە خۆرەوە و توێژەران پێیان وایە ئەگەر شوێنێکی شیاو هەبێ بۆ ژیان لەم نزیکانەی خۆمان لە گەردوون، ئەوا مەریخ ئەگەرە بەهێزەکەیانە.
تائێستا مرۆڤەکان توانیویانە خۆیان یان ئامێرەکانیان بنێرنە دوو شوێنی دیکەی جگە لە زەوی، ئەوانیش مانگ و مەریخن. شەش ئامێری مرۆڤەکان گەیشتوونەتە سەر مەریخ؛ پێنجیان ئەمریکین و یەکێکیان چینییە.
دەیڤد پێج، زانای بواری هەسارەکان و یەکێک لە نووسەرەکانی توێژینەوەکە دەڵێت، "لە رێگەی راداری گالیسکەکە [پێرسیڤەرەنس]ـەوە توانیمان چینە بەردینەکانی نێو مەریخ تاوەکو 50 مەتر قووڵی بپشکنین و بەوە بۆمان دەرکەوتووە ئەو بەردانە بۆ ماوەیەکی زۆر ئاویان بەسەردا رۆیشتووە".
گالیسکەکە لە ناوچەیەکی مەریخ کە بە Jezero Crater ناسراوە پشکنینەکانی کردووە، ئەنجامەکان دڵنیایی دەدەن لەوەی رۆژانێک کەشی ئەو ناوچەیە سارد و گەرمی کردووە هەروەکو زەوی، بەڵام هێشتا دیارنییە ئایا بۆ ژیانی بوونەوەرێکی وەکو مرۆڤ شیاو بووە یان نا.
ئێستا تینی گەرما لەسەر مەریخ لەنێوان 20 بۆ 153- پلەی سیلیزی دەگۆڕێت، لەکاتی نووسینی ئەم هەواڵەدا، 347.5 ملیۆن کیلۆمەتر لە زەوی دوورە (ھەردووکیان بە دەوری خۆر دەسوڕێنەوە، ھەربۆیە دووری نێوانیان کەم و زیاد دەکات).