فەرەنسا رێکارە ئەمنییەکانی بۆ سەری ساڵ تووندتر دەکات
رووداو دیجیتاڵ
فەرەنسا پێچەوانەی شەوی سەری ساڵی رابردوو؛ ئەمساڵ بۆ پێشوازیکردن لە ساڵی 2024 رێکارە ئەمنییەکانی تووندتر دەکات.
جێرالد دارمانان، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا رایگەیاند "بەڕێوەبەری پۆلیسی پاریس فەرمانی تایبەت بە هێزەکان دەردەکات بۆ پاراستنی ئاسایشی ئاهەنگەکانی ساڵی نوێ. هێزەکانی پۆلیس رێگەیان پێدراوە رێکخراوتر لە ساڵانی رابردوو هەرکەسێك دەستگیر بکەن، کە ئاسایشی ئاهەنگەکانی ساڵی نوێ تێکبدات."
زیاتر لە 95 هەزار کەس لە هێزە ئەمنییەکان و 5 هەزار سەربازی سوپا و هەزارانی دیکە لە دەزگا هەواڵگرییەکان بە شارەکانی فەرەنسادا بڵاودەکرێنەوە؛ تەنیا پاریس شەش هەزار کەسی بەردەکەوێت.
جۆناسن گەشتیاری فەرەنسییە و لەبارەی رێکارە ئەمنییەکانی لە پاریس گیراونەتەبەر، دەڵێ "بەدڵنیاییەوە هۆکارێك بۆ ئەو شتانە هەیە، دەبینین کە هێزێكی زۆر بڵاوکراونەتەوە."
هاوشێوەی ساڵی پار، پێشبینی دەکرێت سەرووی ملیۆنێک کەس لە دانیشتووانی فەرەنسا و گەشتیارانی بیانی بەشداری لە ئاهەنگی ساڵی نوێی 2024دا بکەن.
لە قەرەباڵخیی زۆردا ئەگەری تووندوتیژیش هەڵدەکشێت، بەتایبەتی لەم کاتەدا کە لە غەززە لەنێوان چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس و سوپای ئیسرائیل شەڕە، ئەم شەڕە بەگوتەی بەرپرسانی فەرەنسا لە حەوتی تشرینی یەکەمەوە بووەتە هۆی هەزار رووداوی هێرشکردن و هەڵمەت بۆ کوشتنی جووەکان لە فەرەنسا، کە بەهۆیانەوە نزیکەی 500 کەس دەستگیرکراون.
بەگوێرەی رێنماییە نوێیەکان، خواردنەوە کحولییەکان لە هەندێ شوێن قەدەخەیە، هەڵگرتنی چەک، چەقۆ یان هەر شتێک کە دەکرێت ئازار بگەیێنێت قەدەخەیە، هەروەها چوونە نێو ناوچە قەرەباڵخەکان بەبێ پشکنینی پۆلیسیش، قەدەخەیە.