ئەندازیارێکی کورد لە ئەڵمانیا بەشداری لە داهێنانێکی نوێی تەکنەلۆژیدا دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ 

دیاسپۆرانشینانی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان لە ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکەی ئەورووپاش بە ماوەی کەم سەرکەوتنی گەورەیان تۆمار کردووە. 
 
یەکێک لەوان جیهاد ئەحمەدە، کە ئەندازیارێکی خەڵکی عەفرینە و لە ئەڵمانیا کاری گەورە دەکات. نوێترین کاری بەشداریکردن بووە لە داهێنانێکی نوێی تەکنەلۆژی بۆ باشتر پێڕاگەیشتن و خزمەتکردنی رەز بە تەکنەلۆژیای نووژەن. 
 
جیهاد ئەحمەد مێوانی دیاسپۆرا بوو لەبارەی پرۆژەکەی رایگەیاند، پڕۆژەکەیان بریتییە لە توێژینەوەیەکی زانستی بۆ پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ و دەڵێت: "لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لە حکومەتی ئەڵمانیا دانیشتین بۆ چۆنێتی پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ لە ئەڵمانیا و ئەوەمان خستەڕوو چۆن لە رێگەی تەکنەلۆژیاوە بتوانین پەرە بە کەرتی کشتوکاڵ بدەین و بەرهەم زیاد بکەین، ئەوە بوو رێککەوتین دەرفەتی ساڵێکیان پێداین کە کار لەسەر چەند باخێک بکەین، بەتایبەت ئەوانەی لەقەدپاڵی شاخەکانن و بۆ مرۆڤ کەمێک قورسە کاری تێدابکات و بەردەوام ئاگادارییان بێت، ئەوەبوو دەستمان پێکرد و بەرێژەیەکی زۆر باش بەبێ بەشداری مرۆڤ و تەنیا لە رێگەی تەکنەلۆژیاوە سەرکەوتنێکی گەورەمان بەدەستهێنا".
 
جیهاد ئەحمەد گوتیشی: "پڕۆژەکەمان بەکارهێنانی تەکنەلۆژیایە بۆ کشتوکاڵ بەبێ بەکارهێنانی دەستی مرۆڤ، ئەمەش لە رێگەی ئینتەرنێتی 5G و رۆبۆت و هەروەها درۆنەوە کە پشکنین بۆ باخی کشتوکاڵی دەکات و نەخۆشی و پێداویستی و ئاودان و هەموو ئەو کارانەی پێویستە بۆ باخێک لە رێگەی ئەو رۆبۆت و درۆنانەوە ئەنجام دەدرێت".
 
جیهاد ئەحمەد روونیکردەوە، ئەڵمانیا جگە لەوەی لە زۆربەی بوارەکان ژیری دەستکرد و تەکنەلۆژیا بەکاردەهێنێت، بەڵام پرۆژەکە و توێژینەوەکەی ئەو سەرەتای بەکارهێنانی ئەو تەکنەلۆژیا نوێیەیە لە کەرتی کشتوکاڵی وڵاتەکە لە رێگەی درۆن و رۆبۆت بە بەکارهێنانی ئینتەرنێتی 5G و هیوای خواست کارەکەی ببێتە خزمەتێکی گەورە بۆ کەرتی کشتوکاڵی لە هەموو جیهاندا.