فێستیڤاڵێکی هونەری و کولتووریی رۆژئاوای کوردستان لە ئەڵمانیا سازدەکرێ

 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ لە شاری ڤوپەرتال لە ئەڵمانیا فێستیڤاڵێک سازدەکرێ کە دەیەمین فێستیڤاڵی هونەر کولتووریی رۆژئاڤایە.
 
ئەوەی باڵکێشە 37 کەسایەتیی فەرهەنگیی دیاسپۆرانشین بەشداری لە فێستیڤاڵەکەدا دەکەن. 
 
ماڵڤا عەلی یەکێکە لە رێکخەرانی فێستیڤاڵەکە لە ستۆدیۆ میوانی دیاسپۆرا بوو و لەبارەی فێستیڤاڵەکەوە رایگەیاند، فێستیڤاڵەکە بە ناوی دەیەمین فێستیڤاڵی هونەر کولتووریی رۆژئاڤای کوردستانە و رۆژی شەممە، 30/11/2024 لە شاری ڤوپەرتاڵ سازدەکرێت و بەشێکی زۆر لە هونەرمەندان و رۆشنبیر و نووسەرانی رۆژئاوای کوردستان بەشدار دەبن.
 
ماڵڤا عەلی گوتیشی" فێستیڤاڵەکە کۆپی هەمان ئەو فێستیڤاڵەیە کە چەند رۆژێک لەمەوبەر لە رۆژئاڤای کوردستان ساز کرا کە 10 رۆژی خایاند، بەڵام ئەمەی ئێرە تەنیا رۆژێک دەخایەنێت" و دەشڵێت" فێستیڤاڵەکە لە کاژێر 10ی بەیانی دەستپێدەکات تاوەکو کاژێر 6ی ئێوارە بەردەوام دەبێت و هاتن بۆ هەمووانە و بەخۆراییە".
 
ماڵڤا عەلی لە بارەی ناوەڕۆکی فێستیڤاڵەکە گوتی: "18 هەڵبەستڤان بەشداریی دەکەن و هۆنراوەکانیان پێشکێش دەکەن، هەروەها چەندین نووسەر بەشدارن نوێترین پەرتووکەکانیان دەناسێن، جگە لەمەش چەندن چیرۆکنووس چیرۆکی خۆش دەگیڕنەوە، هەروەها چەندین هونەرمەند بەشدار دەبن و گۆرانی دەڵێن".
 
ماڵڤا عەلی گوتیشی: "لە کۆتایی فێستیڤاڵەکە شانۆ نمایش دەکرێن، بەڵام بەشێوەیەکی نوێ و جیاواز".
 
ماڵڤا روونیکردەوە کە ئامانجێکی فێستیڤاڵەکە نزیکخستنەوە و کۆکردنەوەی کوردی رۆژئاڤای کوردستانە لە تاراوگە و ئاشکرایکرد کە ناونیشانی شوێنی فێستیڤاڵەکەیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان بڵاوکردووەتەوە.