10 وڵاتی ئەورووپا ئەو کەسانە دەستگیردەکەن کە ئەپە نایاساییەکان دەفرۆشن

 
رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی 10 وڵاتی ئەورووپا، کە ئەڵمانیا و بەریتانیا و هۆڵەندا و سوێدیشیان تێدایە، هەڵمەتێکی دەستگیرکردن و چاودێریکردنی ئەوانەیان دەستپێکردووە کە ئەو ئامێر و ئەپە نایاساییانە دەفرۆشن یان مامەڵەی پێوە دەکەن.
 
پۆلیسی ئەورووپی (یۆرۆپۆل) کە پشتیوانیی ئەو وڵاتانە دەکات، ئاشکرایکردووە کە 102 گومانلێکراویان لەو وڵاتانە دەستنیشانکردووە و 11 کەسیان دەستگیرکردووە. 
 
یۆرۆپۆل دەڵێ ئەوانە بەشێوازی نایاسایی 2500 کەناڵی تەلەڤیزیۆنی و دەیان فیلم و درامایان لەسەر ئەپ و ئامێرەکانی ئای پی تیڤی بۆ 22 ملیۆن بەشداربوو بەردەست کردووە و پێیان فرۆشتوون.
 
لە ئۆپەراسیۆنە گەورەکەی پۆلیسی ئەو 10 وڵاتەدا 112 ماڵ پشکندراون و 560 کەسیش دەستنیشانکراون کە ئامێر و کۆدی ئەپیان لە کەسە دەستگیرکراوەکان وەرگرتووە و بە خەڵکیان فرۆشتووەتەوە.