چالاکڤانێکی کورد پاش ساڵێک بەندکردن لە ئیتاڵیا ئازادکرا
رووداو دیجیتاڵ
پاش نزیکەی ساڵێک هێشتنەوەی لە زیندانی ئیتاڵیادا، چالاکڤانی مافەکانی مرۆڤ و کۆچبەری کورد مەیسوون مەجیدی ئازادکرا.
ئیتاڵیا تۆمەتی ئەوەیان دابووە پاڵی کە یارمەتیی ئەو قاچاخچییانەی داوە کە ئەو و براکەی و کۆچبەرانی دیکەیان بە کەشتییەک گەیاندووەتە ئیتاڵیا. بۆ ئەمەش پشتی بە شایەتیی دوو کۆچبەری دیکە بەستبوو لەدژی ئەو خانمە.
لەو ماوەیەدا زۆر دامەزراوەی ئیتاڵی و ئەورووپی و کوردستانیش پشتیوانییان کرد و زیندانیکردنەکەیان بە ناڕەوا دانا.
ئێمەش لە دیاسپۆرا بەشێکی بەرنامەیەکمان بۆ رووماڵی ئەو دۆسێیە تەرخانکرد. ئێستا کە ئازاد بووە، پێناچێ بیەوێ کەیسەکە بەیەکجاری دابخرێ.
لەم باریەوە خاتوو مەیسوون مەجیدی لە ئیتاڵیاوە بووە میوانی دیاسپۆرا و وردەکاری دادگاییەکە و هەروەها تۆمەتەکەی و چۆنیەتی زیندانی کردنی و ئازادبوونی بۆ بینەرانی دیاسپۆرا ئاشکرا کرد و گوتی: "شەوی سەری ساڵی 2024 ئێمە 77 کۆچبەر لەسەر یەختێکی بچووکی دە مەتری گەیشتینە کەنارەکانی باشووری ئیتالیا لە کەمپی کرۆتۆن، لەوێ پۆلیس هات و گوتیان چەند پرسیارێکت لێدەکەین و ئیتر دەستگییرکرام و دواتر بۆیان روونکردمەوە گوایە دوو کەس لە سەرنشینانی یەختەکە تۆمەتباریان کردووم کە هاوکاری کۆچبەرانم کردووەو وەک قاچاخچی یان هاوکاری کۆچبەرەکان دەستگیرکراوم، هەرچەندە من رەتمکردەوە، بەڵام ئەوان گوێیان پێنەدام و زیاتر لە 10 مانگ لە زیندان هێشتمیانەوە".
مەیسوون مەجیدی روونیکردەوە، کە پرۆسەی دادگاییکردن لە ئیتالیا درێژخایەنە و زۆری پێدەچێت و دەڵێت: "دوای بڵاوبوونەوەی تۆمەتی ئەو دوو کەسە لە راگەیاندنەکان لە دژی من، گوایە شایەتیان لەسەرداوم کە قاچاخچیم یاخود یارمەتی کۆچبەرانم داوە، ئەو دوو کەسە بەشدارییان لە بەرنامەیەکی تیڤییەکی ئیتالیدا کرد و رەتیان کردەوە کە ئەوان ئەو قسانەیان کردبێت و ئیتر دادگا هیچ بیانوویەکی بەدەستەوە نەما و ئازادکرام".
مەجیدی ئاشکرایکرد، یەکختەکە کون ببوو، هەروەها سیستەمی فڕێدانە دەرەوەی ئاوی تێدا کاری نەدەکرد، بۆیە هەمووان بە بوتڵ و دەست ئاوەکەیان فرێدەدا دەرەوەی یەختەکە و سەرنشینەکان دەروونیان تێکچووبوو و لە مردنێکی حەتمی گەڕانەوە و دواتر باشبوو بە سەلامەتی گەیشتنە باشووری ئیتالیا.
خاتوو مەیسوون گوتیشی: "لە دادگاکانی باشووری ئیتالیا نزیکەی 1148 کۆچبەر و پەنابەر بە تۆمەتی جیاجیا و ناڕەوا لە زیندان، بۆیە کەیسەکەم بە کراوەیی بەجێهیشتووەو بەرگری لەو کۆچبەر و پەنابەرانە دەکەم کە ئێستا لە زیندانن".
مەجیدی روونیکردەوە، کۆچبەر و پەنابەر جیاوازییان هەیە، ئەوان وەک پەنابەر هاتوونە ئەورووپا، واتە پەنابەر بۆ مانەوە لەژیان دێتە ئەورووپا و مەترسی لەسەر ژیانی هەیە، بەڵام کۆچبەر بۆ ژیانێکی باشتر دێتە ئەورووپا، ئەمە جیاوازییەکەیە، بۆیە دەبێت وڵاتانی ئەورووپی ئەو جیاکارییە بکەن.
.