هۆتێلی ترەمپ بۆنەیەكی بۆ پشتگیری لە كورد هەڵوەشاندەوە
رووداو - هەولێر
هۆتێلی ترەمپ لە واشنتن بۆنەیەكی هەڵوەشاندەوە كە بڕیار بوو بۆ پشتگیری لە كوردی رۆژئاڤا رێكبخرێ. هۆتێلەكە هۆكاری هەڵوەشاندنەوەی بۆنەكەی بۆ مەسەلەی ئەمنی گەڕاندووەتەوە. رێكخەرانی بۆنەكە دەڵێن ئەو چالاكییە لە شوێنێكی دیكە بەڕێوەدەبەن.
بەرەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی (FAI)كە رێكخراوێكی مەسیحیی ئیڤانجلیك یان كەنیسەییە، ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە ئەوان بۆ بەرەنگاربوونەوەی دۆخی قەیراناوی و دابینكردنی هاریكاری مرۆیی كار دەكەن و زۆر چالاكییان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەبووە. ئەو رێكخراوە پلانی بۆنەیەك لەژێر ناونیشانی "شەوی نزا بۆ كوردان"یان بۆ رۆژی 27ی ئۆكتۆبەر دانابوو كە بڕیار بوو لە هۆتێلی ترەمپ بەڕێوەبچێ.
رێكخراوی (FAI) رایگەیاند كە ئەوان دەیانەوێ سەرنجی میدیای نێودەوڵەتی بكەوێتە سەر كورد و پشتگیرییان بكەن. بۆنەكە لە رۆژی نۆی ئۆكتۆبەر راگەیەندرا، بەڵام هەفتەیەك دوای راگەیاندنی بۆنەكە، هۆتێلەكە رێكخەرانی بۆنەكەیان ئاگاداركردبووەوە كە ئەوان ناتوانن میوانداری ئەو چالاكییە بكەن.
هەفتەی رابردوو رێكخراوەكە لەسەر پێگەی خۆیان لە تۆڕی فەیسبووك بەیاننامەیەكیان بڵاوكردەوە كە لە بەشێكیدا هاتووە: "چەند رۆژێك لەمەوبەر هۆتێلی ترەمپ، بە ئاماژەدان بە نیگەرانیی ئەمنی و هۆكاری دیكە، میوانداریكردنی بۆنەكەیان هەڵوەشاندەوە"، بەڵام رێكخراوەكە كۆڵ نادات و وەك لە بەیاننامەكەدا هاتووە، رۆژی یەكشەممە 27ی تشرینی یەكەم لە هۆتێلی گراند هیات لە واشنتن كۆدەبنەوە.
بەپێی بەیاننامەیەك كە لە ماڵپەڕی رێكخراوەكە بڵاوكراوەتەوە، ئەو گروپە ماوەی هەشت ساڵە پەیوەندیی مەیدانییان لەگەڵ كوردی عێراق، سووریا، توركیا و ئێران هەیە. بەیاننامەكە ئاماژە بە هێرشەكانی ئۆكتۆبەری 2017ش دەكات كە تێیدا "میلیشیاكانی سەر بە ئێران هێرشیان كردە سەر كوردی عێراق و جیهان هیچی نەكرد بۆ راگرتنی ئەو هێرشە... ئێستاش كوردەكان لە باكووری رۆژهەڵاتی سووریا لە بەرامبەر هێرشێكی دیكەی توركیادا بە تەنیا ماونەتەوە".
هێرشی توركیا بۆ سەر رۆژئاڤای كوردستان لە رۆژی نۆی ئۆكتۆبەرەوە دەستیپێكردووە، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا رۆژی شەشی ئۆكتۆبەر هاوتا توركەكەی دڵنیا كردەوە لە حاڵەتی هێرشی توركیا بۆ سەر باكووری سووریا، هێزەكانی وڵاتەكەی لەو ناوچەیە دەكشێنەوە.
هۆڵی بۆنەكانی ترەمپ 1226 مەترە كە بە گەورەترین هۆڵی بۆنەكان لە واشنتن لە قەڵەم دەدرێ.
ئامادەكارانی بۆنەكە لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا ئاشكرای دەكەن كە دوای هەڵبژاردنی هۆتێلەكەی ترەمپ بۆ ئەو بۆنەیە، ئیمەیل و پەیوەندیی رەخنەئامێزیان بۆ هاتووە، لە كاتێكدا ئیدارەی ترەمپ هۆكاری رووداوەكانی چەند هەفتەی رابردووی باكووری سووریان.
دیلمان یاسین، كە كوردێكی نیشتەجێی ئەمریكایە، لە كۆمێنتێكدا بۆ بەیاننامەكەی (FAI) نووسیویەتی: "بوەستە... دەكرێ خەڵكێك كە چەوسێنراونەتەوە بهێنن و لە باڵەخانەی چەوسێنەرەكەدا نزایان بۆ بكەن؟"، لە كاتێكدا "ترەمپ دەستی لە پاكتاوی نەژادی و جینۆسایدی كورداندا هەیە"، چونكە گڵۆپی سەوزی بۆ هێرشەكانی توركیا داگیرساند.
جۆل ریچاردسن، یەكێك لە بەرپرسانی (FAI) دەڵێت یەكێك لە هۆكارەكانی هەڵبژاردنی ئەو هۆتێلە بۆ بۆنەكە، ئەوە بوو كە ویستوویانە روحی هاوكاریی نێوان هەموو حیزبەكان لەو بۆنەیەدا هەبێ و خۆیان لە ململانێی سیاسی بەدووربگرن، بە تایبەتیش لە سەردەمێكدا كە ئەمریكا زیاتر لە هەمووكات تووشی ناكۆكی سیاسی بووە و دەشێ سەرۆكی ئەمریكا لە داهاتوویەكی نزیكدا رووبەڕووی لێپرسینەوە بكرێتەوە.
ریچاردسن دەڵێ: "گرنگ نییە تۆ پشتگیری لە سەرۆك بكەیت یان نا، ئێمە بڕوامان وایە كە خەڵكی كورد زۆر لەوە گرنگترن بكرێنە بارمتەی عوقدەی سیاسیی ئێستای خەڵكانێك. دووبارەی دەكەمەوە، پشتگیری لە ترەمپ بكەیت یان نا، ئێمە بڕوامان وایە كورد شایانی باشترن". پەیامەكە جەخت لەوە دەكات كە "نیگەرانی و مەبەستی ئێمە دەبێ بۆ پاراستنی كورد و پێكهاتەكانی دیكە بێ، نەك بۆ لێدانی سەرۆك ترەمپ".
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆكی ئەنجوومەنی سووریای دیموكرات (مەسەدە)، یەكێك لە میوانانی بۆنەكە بوو. ئیلهام ماوەی هەفتەیەكە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئیداری و كۆنگرێسمانەكانی ئەمریكا لە ئەمریكایە.
بۆنەكەی یەكشەممە چوار بەشی لەخۆگرتبوو: نزای جەماوەری بۆ خەڵكی كورد، نزای هاوبەشی سەركردە ئەمریكی و جیهانییەكان بۆ داهاتووی كورد، پەیوەندیی ستراتیژی لە نێوان كەسایەتییەكان، وەزیرەكان، رێكخراوەكان و لایەنەكان كە خەمێكی هاوبەشیان سەبارەت بە خەڵكی كورد هەیە و خستنەڕوو و بیركردنەوە لەو ئاستەنگانەی كە كورد و دۆستەكانیان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تووشی دەبن".
لە بەشێك لە بەیاننامەكەی فەیسبووكی گروپەكەدا هاتووە: "ئێمە هەر لە سەرەتای دەستبەكاربوونمانەوە كوردمان بۆ گرنگ بووە... پابەندیشین بەوەی هاوڕێیەكی باشتر لە شاخەكان بین بۆیان، بۆیە لە زنجیرەیەك دوكۆمنێتاریی مەیدانیدا دەستمان بە گێڕانەوەی چیرۆك و بەسەرهاتی خەڵكی كورد كردووە".
بەشداری لە بۆنەكە بە خۆڕایی بوو، بەڵام بەو پێیەی شوێنەكەیان سنووردار بوو، پێویست بوو ئامادەبووان ناو تۆمار بكەن.