لە سۆماڵ وشکەساڵی و هەڕەشەی گرووپە چەکدارەکان یەک ملیۆن کەس ئاوارە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
سۆماڵ بە وشکەساڵی و برسێتیی بەنێوبانگە، گۆڕانی کەشوهەوا لەمساڵدا قەبارەی کاریگەرییەکەی زیادکردووە، بەشێوەیەک وشکەساڵی ئەمساڵ لە نیو سەدەی رابردوودا وێنەی نەبووە.
بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، لە 2011دا نزیکەی 250 هەزار کەس لە سۆماڵ لە برسان مردن، زۆربەیان لەبەرئەوەی گرووپی چەکداری شەباب رێگر بوو لە گەیاندنی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکانیان.
هەزاران هاووڵاتیی سۆماڵی، لە تاوی برسیێتی، روویان لە بیابانێکی باشووری رۆژئاوای وڵاتەکە کردووە، ئاوارەبوونێک کە یەک ملیۆن سۆماڵی ناچار بە جێهێشتنی ماڵەکانیان کردووە.
بەشێک لە خەڵکەکە لەبەر وشکەساڵی ئاوارەبوون، بەشێکی دیکەیشیان لەبەر ئەوەیە ناوچەکانیان کەوتووەتە دەست گرووپی چەکداری شەباب کە بەگوتەی خۆیان، بە زۆر سەرانەیان لێسەندوون و بەرهەمی کشتوکاڵی لەگەڵ کردوونەتە نیوە.
محەمەد خەیر، ئاوارەیەکی سۆماڵییە و دەڵێت، "هیچ کەسێک ئاگای لە ئێمە نەبوو، بەڵام لە هەر بارێکدا سوپاسگوزاری خواین. خۆشمان هیچمان دەستنەدەکەوت. لە رێگەی هاتنمان بۆ دۆڵۆو، هیچ رێکخراوێکی ناحکومی بەهانامانەوە نەهات. یەک هەفتە بە رێگەوەبووین، هیچ خۆراکێک نەبوو، هیچ کەسێک پەناگەی بۆ دابین نەکردین."
بۆ یەکەمجار لە مێژووی وڵاتەکەدا، ژمارەی ئەوانەی لەسەر هاوکاریی مرۆیی دەژین دەگاتە 4.4 ملیۆن کەس.
پیترۆک ویڵتۆن، گوتەبێژی پرۆگرامی خۆراکی جیهانی دەڵێت، "ئەوەی لەدوای منەوە دەیبینن 48 کاژێر لەمەوبەر لێرە نەبوو. سەدان هەزار کەس خۆیان دەکەن بەنێو ئەم کەمپانە، رۆژانە بەدوای هاریکاریدا دەگەڕێن. بەڕاستی دەتوانی قەبارەی کێشەکە ببینی."