هەواڵێکی خۆش بۆ ئەوانەی دەیانەوێ بۆ کارکردن بچنە ئەورووپا

رووداو دیجیتاڵ
 
هەریەک لە یۆنان، ئیتاڵیا، ئێستۆنیا و سلۆڤاکیا مەرجەکانی پێدانی مافی مانەوە (یان کارتی شین)یان کەمتر کردووەتەوە.
 
سوێدیش دەیەوێ مەرجەکان ئاسانتر بکات.
 
کارتی شین بۆ ئەو کەسانەیە کە لە بوارێکدا کارامەیی باڵایان هەیە و یەکێتیی ئەورووپا پێویستی پێیانە؛ هەر وڵاتێکی نێو یەکێتییەکە ئازادە کە مەرجەکان قورس یان ئاسان بکات.
 
یۆنان لەمەودوا رێگە بەوانە دەدات کە بە ڤیزای کورت و تەنیا بۆ سەردان چوونەتە ئەو وڵاتە داوای کارتی شین بکەن. هەرکەسێک لە یۆنان داوای ئەو کارتە بکات دەبێ 300 یۆرۆ بدات. ئەگەر کارتەکەی وەرگرت بۆ 2 ساڵ مافی مانەوەی دەبێ و ئەگەر ویستی نوێی بکاتەوە، دەبێ 450 یۆرۆ بدات.
 
ئیتاڵیاش پۆرتاڵێکی دیجیتاڵی دەبێ کە خاوەنکارانی ئیتاڵی هەلی کارەکانیانی تێدا دادەنێن و خەڵک لە دەرەوەی ئیتاڵیاوە دەتوانن داواکاری بۆ کارتی شین و دەستخستنی کارەکە بکەن.
 
سوێدیش ئامادەکاری دەکات بۆئەوەی ئەگەر کەسێک توانی کارێک لەو وڵاتە بدۆزێتەوە کە مووچەی مانگانەی 4300 یۆرۆ بێ، کارتی شینی دەداتێ. تاوەکو ئێستا دەبووایە مووچەکە 5200 یۆرۆ بێت.