هەنگاریا 'هەڕەشەیەکی سەیر' لە یەکێتیی ئەورووپا دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
هەنگاریا 'هەڕەشەیەکی سەیر' لە یەکێتیی ئەورووپا دەکات و رایگەیاندووە کە پلانێکی ئامادەی هەیە بۆ ئەو کۆچبەرانەی بەشێوەی نایاسایی دێنە ئەو وڵاتەوە.
 
پلانەکە ئەوەیە کە بلیتێکی شەمەندەفەریان بۆ دەبڕێ و بەڕێیاندەکات بۆ شاری برۆکسل، کە پایتەختی یەکێتیی ئەورووپایە.
 
هەنگاریا لە بڕیارێکی دادگای باڵای ئەورووپا نیگەرانە کە ناچاری دەکات 200 ملیۆن یۆرۆ وەک سزا بدات. سزایەکەش لەبەرئەوەیە کە دادگاکە پێیوایە هەنگاریا مامەڵەیەکی ئەوروپییانە و مرۆییانەی لەگەڵ کۆچبەراندا نەکردووە.
 
حکومەتی هەنگاریا هەوڵدەدات ئەو بڕیارە هەڵوەشێتەوە و 200 ملیۆن یۆرۆکە نەدات، بۆیە هەڕەشە لە برۆکسل دەکات و دەڵێت ئەگەر نەگەنە رێککەوتن، کۆچبەران بە لێشاو دەنێرێتە برۆکسل "بۆ ئەوەی لەوێ باشتر رێزیان لێبگیرێت".