لە گابۆن کودەتای سەربازی کرا

رووداو دیجیتاڵ 

ژمارەیەک ئەفسەر لە سوپای گابۆن، دەسەڵاتی سیاسیی وڵاتیان گرتە دەست و دەڵێن، ئەنجامی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکە رەتدەکەنەوە.
 
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، 30-8-2023، ژمارەیەک ئەفسەر سەر بە سوپای گابۆن لە کەناڵی "گابۆن 24" رەتکردنەوەی ئەنجانی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکە، هەڵپەساردنی کاروباری حکومەت و داخستنی سنوورە دەرەکییەکانی وڵاتیان راگەیاند.
 
کودەتا سەربازییەکە دوای ئەوە هات رۆژی سێشەممە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە عەلی بونگوی بە بەدەستهێنانی ٪64.27ـی دەنگەکان وەکو براوەی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی وڵات راگەیاند.
 
کودەتاکە لەلایەن 10 ئەفسەری سەربازییەوە کرا کە خۆیان بە نوێنەری سەرجەم هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی وڵات ناودەبەن و رەخنەی تووندیان لە شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە گرت و بڕیاری رەتکردنەوەیان دا. 
 
ئەو ئەفسەرانە گوتیان، "ئێمەی ئەفسەرانی سوپای گابۆن لە رێگەی کۆتاییهێنان بەم دەسەڵاتەی ئێستاوە بەرگری لە ئاشتی و سەقامگیریی وڵاتەکەمان دەکەین".
 
لە دوای راگەیێندراوی ئەفسەرانی سوپای گابۆن، هەزاران کەس لە لیبەرڤیل ـی پایتەختی ئەو وڵاتە بە خۆپیشاندان و بەرزکردنەوەی دروشمی دژ بە سەرۆکی دوورخراوە، دڵخۆشی و پشتگیریی خۆیان بۆ "کودەتا سەربازییەکە" دەربڕی.
 
گابۆن دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای ئەفریقا لە بەشی باشووری زەریای ئەتڵانتیك؛ ژمارەی دانیشتووانی 2.3 ملیۆن کەسە کە سەرووی 75٪ کریستیانن؛ یەكێكە لەو وڵاتانەی ئەفریقا کە لەژێر دەسەڵاتی فەرەنسا بووە و لە ساڵی 1958 سەربەخۆیی وەرگرت.
 
دەرمان، گەنم و جۆ سێ بەرهەمی سەرەکین کە گابۆن هەناردەی فەرەنسایان دەکات؛ هاوکات کۆمپانیای فەرەنسی "ئیرامیت" تایبەت بە پیشەسازیی کانزای "مەنگەنیز" راگرتنی سەرجەم کاروچالاکییەکانی راگەیاند. گوتەبێژی کۆمپانیاکە گوتی، "لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممەوە، بەرهەمی مەنگەنیز و گواستنەوەی لە رێگەی هێڵەکانی شەمەندەفەرەوە راگیراون."
 
لە 63 ساڵی رابردوودا فەرەنسا دەستی باڵای لە دیاریکردنی سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوە و دیاریکردنی سیاسەتی بازرگانیی گابۆندا هەبووە. دەرمان، گەنم و جۆ سێ بەرهەمی سەرەکین کە گابۆن هەناردەی فەرەنسایان دەکات.