بایدن و ئەردۆغان باسی فڕۆکەی F-16 و ئەندامبوونی سوێدیان لە ناتۆ کرد
رووداو دیجیتاڵ
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاوە کرد بەبۆنەی هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆککۆماری تورکیا بۆ پێنج ساڵی دیکە، هەر لە چوارچێوەی ئەو پەیوەندییەدا هەردوولا تاوتوێی بابەتی فڕۆکەی ئێف 16 و بە ئەندامبوونی سوێدیان لە ناتۆ کرد.
جۆ بایدن بەر لە جێهێشتنی کۆشکی سپی و گەڕانەوە بۆ ماڵەکەی لە ویلایەتی دێلاوێر بۆ پشوودان، بە رۆژنامەڤانانی گوت، قسەی لەگەڵ ئەردۆغان کردووە و پیرۆزباییشی لێکردووە، بایدن بە ئەردۆغانی گوتووە دەیانەوێت پرسی بە ئەندامبوونی سوێد لە ناتۆ بە ئەنجام بگەیەنن و پێی گوتووە "با کارەکە تەواو بکەین."
بڕیارە هەردوولا هەفتەی داهاتوو جارێکی دیکە لەبارەی ئەو پرسە هەڵپەسێردراوە گفتوگۆ بکەنەوە کە تورکیا رەخنە و تێبینی لەسەر سوێد هەیە و دەڵێت، وڵاتەکە بووەتە شوێنی داڵدەدانی لایەنگرانی شەڕڤانانی پەکەکە و ئەندامانی بزووتنەوەی فەتحوڵا گولەن.
قبوڵکردنی سوێد لە ناتۆ پێویستی بەوەیە سەرجەم وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ پەسندی بکەن، تاوەکو ئێستا هەریەک لە هەنگاریا و تورکیا ئەم هەنگاوەیان بۆ سوێد نەناوە.
فڕۆکەی ئێف 16
تورکیا هەوڵدەدات بە بەهای 20 ملیار دۆلار فڕۆکەی ئێف 16 لە ئەمریکا بکڕێت، بەڵام بەهۆی درووستبوونی بەربەست لە کۆنگرێسی ئەمریکاوە ئەو مامەڵەیە وەستاوە، هەرچەند ئیدارەی بایدن گوتوویەتی پاڵپشتی لە مامەڵەکە دەکات.
ئەمساڵ کۆنگرێسی ئەمریکا پاکێجێکی 259 ملیۆن دۆلاری پەسندکرد کە پێکهاتبوو لە نوێکردنەوەی بەرنامە ئەلیکترۆنییەکانی فڕۆکە ئێف 16ـەکانی تورکیا کە بە ئاڤیۆنیکس ناودەبرێت، ئەمەش دوای ئەوەی لە کۆتایی مانگی ئاداردا تورکیا ئەندامبوونی فینلاندی لە ناتۆ پەسەندکرد.
هەرچەندە ئیدارەی بایدن رەتیدەکاتەوە بابەتی فرۆشتنی فڕۆکە پەیوەندی بە فراوانبوونی ناتۆوە هەبێت، مەولوود چاوشئۆغلو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کانوونی دووەمی ئەمساڵ گوتی کە واشنتن بە روونی دەڵێت، کۆنگرێس بەدوای ئەوەیە ئەنقەرە فراوانکردنی ناتۆ لەبەرچاوبگرێت.
هەندێک سەرچاوە بە میدیای رۆژئاوایان گوتووە کە ئەمریکا پێشتر بە تورکیای راگەیاندووە، قایلکردنی کۆنگرێس بۆ فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف 16 بە تورکیا ئاسان نابێت ئەگەر ئەنقەرە گڵۆپی سەوز بۆ سوێد هەڵنەکات.
لە ساڵی 2022، هەریەکە لە سوێد و فینلاند داواکاری ئەندامبوونیان لە ناتۆ پێشکێشکرد و دەستبەرداری ماوەیەکی زۆر لە بێ لایەنی بوونەوە لەگەڵ رووسیا، ئەمەش دوای ئەوەی کرێملین لە 22ی شوباتی هەمان ساڵ هێرشی کردە سەر ئۆکراینا.
کۆتایی مانگی ئاداری ئەمساڵ تورکیا ئەندامبوونی فینلاندی لە ناتۆ قبوڵکرد، بەڵام هێشتا تێبینی لەسەر سوێد هەیە و دەڵێت وڵاتەکە بووەتە "لانەی تیرۆرستان".
ئەندامبوونی سوێد لە ناتۆ لە نێوەڕاستی مانگی تەمووز کاری لەپێشینەی ئیدارەی بایدن دەبێت کاتێک هاوپەیمانی ناتۆ لە لیتوانیا لووتکەیەک دەبەستێت.