ترەمپ بەنیازە ئیخوان موسلیمین بخاتە لیستی تیرۆر

رووداو - هەولێر 

رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی بڵاویکردەوە، سەرۆکی ئەمریکا بەنیازە رێکخراوی ئیخوان موسلیمین بخاتە لیستی تیرۆرەوە. ئەوەش دوای سەردانەکەی عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر بۆ کۆشکی سپی و کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ دێت. 

کۆشکی سپی داوای لە ئاسایشی نیشتمانی و دیپلۆماتکاران کردووە بۆ ئەوەی رێگەیەک بۆ سزاخستنەسەر ئیخوان موسلیمین بدۆزنەوە، ئەوەش دوای سەردانەکەی عەبدولفەتاح سیسی لە 9ی ئەم مانگە بۆ واشنتن و کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ.

بەپێی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا دوور لە چاوی کامێرا و رۆژنامەڤانان، سیسی داوای لە ترەمپ کردووە ئیخوان موسلیمین بخاتە لیستی تیرۆر.

ئیدارەی ترەمپ باوەڕی وایە "ئیخوان موسلیمین کە ملیۆنان لایەنگریان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە، هۆکاری بڵاوبوونەوەی تووندئاژۆییە". 

سارا ساندەرس، گوتەبێژی کۆشکی سی لە راگەیێندراوێکدا پشتڕاستیکردووەتەوە کە ئیدارەی ترەمپ کار لەسەر ناساندنی ئیخوان موسلیمین وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی دەکات.

سارا ساندەرس دەڵێت "سەرۆک لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتمانی و سەرکردەکانی ناوچەکە، کە هەمان نیگەرانیان هەیە، راوێژی کردووە. ئەم ناساندنە بەپێی رێکارە ناوخۆییەکان کاری لەسەر دەکرێت".

 نیویۆرک تایمز ئاشکرای کردووە، هەریەک لە جۆن بۆڵتن، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوە پشتیوانی ئەو هەنگاوە دەکەن. بەڵام پێنتاگۆن، بەشێک لە ستافی ئاسایشی نیشتمانی، پارێزەرانی حکومەت و دیپلۆماتی دیکە باسیان لە کێشە یاساییەکانی ئەو پرسە کردووە و دەیانەوێ هەنگاوێکی سنووردارتر بدۆزنەوە بۆ ئەوەی کۆشکی سپیش رەزامەندی لەسەر بدات.

ئیخوان موسلیمین لە ساڵی 1928 لە میسر دامەزرا، یەکێکە لە گەورەترین بزووتنەوە ئیسلامییەکانی جیهان و لە 2013 لەلایەن عەبدولفەتاح سیسی، وەکو گرووپێکی تیرۆریستی ناسێندرا، ئەوەش دوای ئەوەی محەممەد مورسی، ئەندامی ئیخوان موسلیمین دوابەدوای کودەتایەکی جەماوەری دەسەڵاتی لە میسر گرتەدەست، بەڵام دوای ساڵێک کودەتای سەربازی بەسەردا کرایەوە و لە 3-7-2013 لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.