تورکیا داواکاریی فینلاندی بۆ ئەندامبوون لە ناتۆ قبووڵ کرد
رووداو دیجیتاڵ
دوای چەندین مانگ لە دواکەوتنی بڕیاردانی تورکیا لەبارەی بەئەندامبوونی فینلاند و سوێد لە هاوپەیمانیی ناتۆ، درەنگانی شەوی 30-03-2023 پەرلەمانی تورکیا لە بەرژەوەندیی فینلاند دەنگی دا بۆ بوونە ئەندامی لە هاوپەیمانێتییەکە. تورکیا دوایین ئەندامی رێکخراوی ناتۆ بوو کە بەربەست بوو لەبەردەم بوونە ئەندامی فینلاند تێیدا، ئەوەش دوای ئەوەی رۆژی دووشەممە 27-03-2023 بەئەندامبوونی ئەو وڵاتەی لە ناتۆ قبووڵ کرد.
دوای بڕیارەکەی تورکیا، یانس ستۆڵتەنبێرگ، سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی ناتۆ ستایشی کرد و لە تویتێکدا نووسیویەتی، پێشوازی لەو بڕیارە دەکات و "هاوپەیمانیی ناتۆ بەهێزتر و سەلامەتتر دەکات."
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پێشتر فینلاند و سوێدی بەوە تۆمەتبار دەکرد کە داڵدەی "رێکخراوی تیرۆریستی" دەدەن، هەنگاریاش ئەو دوو وڵاتەی بەوە تۆمەتبار دەکرد کە "درۆ" لەبارەی رۆڵی سەروەریی یاسا لە وڵاتەکەی بڵاودەکەنەوە؛ دواتر هەردوو وڵات بەرامبەر فینلاند نەرمییان نواند و دەرگایان بەڕوویدا کردەوە بۆ بوونە ئەندام لە ناتۆ، بەڵام دژی بەئەندامبوونی سوێدن.
رێکخراوی ناتۆ لە 30 وڵاتی ئەندام پێکدێت، هەر وڵاتێك بیەوێت ببێتە ئەندامی رێکخراوەکە، دەبێت رەزامەندیی هەر 30 وڵاتەکە بەدەستبێنێت.
تورکیا وەکو یەکێک لە ئەندامی رێکخراوەکە پێشتر رایگەیاند، کە ئامادەن داواکاری فینلاند و سوێد بۆ بوون بە ئەندامی رێکخراوەکە پەسند بکەن بەو مەرجەی هەردوو وڵاتەکە، بەتایبەتی سوێد، ژمارەیەک داواکراویان رادەست بکەنەوە، بەڵام سوێد نەچووە ژێرباری داواکارییەکەی تورکیا. بۆیە رەجەب تەیب ئەردۆغان، تەنیا بە بەئەندامبوونی فینلاند لە ناتۆ رازی بوو.