سەرۆکوەزیرانی پێشووی پاکستان بە 10 ساڵ بەندکردن سزادرا
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی پێشوو و وەزیری دەرەوەی پێشووی پاکستان لەلایەن دادگەیەکی وڵاتەکەیانەوە بە تۆمەتی ئاشکراکردنی نهێنییەکانی دەوڵەت، سزای 10 ساڵ بەندکردنیان بۆ دەرکرا.
عیمران خان، سەرۆکوەزیرانی پێشووی پاکستان و شاهـ مەحموود، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەو وڵاتە، لەلایەن دادگەیەکی تایبەتەوە کە بۆ لێکۆڵینەوە لە تۆمەتی ئاشکراکردنی نهێنییەکانی وڵات پێکهێنرابوو، ئەمڕۆ سزادران.
رۆژی سێشەممە، 30ـی کانوونی دووەمی 2024، زولفەقار بوخاری، گوتەبێژی پارتی بزووتنەوەی دادگەریی پاکستان کە پارتەکەی عیمران خانە، رایگەیاند، ئەمڕۆ سزای 10 ساڵ بەندکردن بۆ هەر یەکیان دەرکرا.
هەردووکیان تۆمەتبارن بەوەی نامەیەکی نهێنییان ئاشکرا کردووە کە گوایە باڵیۆزی پاکسان بۆ ئەمریکای ناردووە و تێیدا باسی لەوە کردووە، "واشنتن لە پیلانگێڕییەکدا تێوەگلاوە بۆ ئەوەی خان لە حکومەت دووربخەنەوە."
گوتەبێژی پارتەکە دەڵێت، دادگاییکردنەکە لە زیندانی ئادیالا لە شاری راوالپندی بەڕێوەچوو.
عەبدولحەسانت زولقەرنەین، دادوەری دادگەکە گوتی، "بەشی پێویست" بەڵگە بۆ ساخبوونەوەی تۆمەتەکە بەسەر دوو سکاڵالێکراوەکەدا هەیە.
عیمران خان، کە نیسانی ساڵی 2022 لە پەرلەمان متمانەی لێ سەندرایەوە و خۆبەربژێرکردنەوەشی لێ قەدەخەکرا، پێش ئەم سزا نوێیە، لە دۆسیەیەکی گەندەڵیدا، سزای سێ ساڵ بەندکردنی بۆ دەرکرابوو.
چاوەڕواندەکرێت تیمی پارێزەرانی خان لە دادگەی تێهەڵچوونەوە تانە لە بڕیارەکەی رۆژی سێشەممە بدەن.
وێڕای ئەوەی کە خان ناتوانێت خۆی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پاکستان بەربژێر بکات کە لە مانگی شوباتی ئەم ساڵ بەڕێوەدەچێت، هێشتا بە هێزێکی کاریگەری وڵاتەکەی دادەنرێت، چونکە بنکەیەکی جەماوەریی گەورەی هەیە.
خان پێیوایە، ئەو دۆسیانەی لە دژی کراونەتەوە، پیلانگێڕیێکن بۆ ئەوەی پێش هەڵبژاردنەکە، پەراوێزی بخەن.
دوای ئەوەی خان لە ئایاری 2023 دەستگیرکرا، پاکستان چەندین خۆپێشاندانی گەورەی بەخۆیەوەبینی. حکومەتی پاکستان رێوشوێنی توندی بەرامبەر بە لایەنگر و پارتەکەیشی گرتووەتەبەر.
کۆمیسیۆنی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤی پاکستان رایگەیاندووە، دەرفەتی هەبوونی هەڵبژاردنێکی پەرلەمانیی پاک و بێگەرد لاوازە بەهۆی ئەوەی کە "ساختەکاریی پێشوەخت" کراوە.
هەروەها نیگەرانیی خۆی بەرامبەر بە رەتکردنەوەی خۆبەربژێرکردنی خان و کەسایەتییە دیارەکانی دیکەی پارتەکەی دەربڕی.