2022 ساڵی سوپرایزەکانی گەردوون بوو


رووداو دیجیتاڵ 

50 ساڵ لەمەوبەر دوایینجاربوو مرۆڤ لەسەر مانگ نیشتەوە. دوای ئەو دابڕانە دوور و درێژە لە 2022دا جارێکی دیکە کەشتییە ئاسمانییەکان گەڕانەوە سەر مانگ.
 
ناسا سەرکەوتنێکی مەزنی تۆمارکرد، کاتێک لە 16ی تشرینی دووەمی 2022، کەپسولی ئۆریۆنی لە سەنتەری بۆشایی ئاسمانی کەنەدی رەوانەی سەر مانگ کرد. چاوەڕواندەکرێت لە 2025دا ناسا بە مرۆڤەوە بگەڕێتەوە سەر مانگ.
 
مارسیا دون، رۆژنامەنووسێکە و دەڵێت: "گوێمان لە بەڵێنی گەڕانەوە بۆ سەر مانگ بوو دوای 50 ساڵ، لەوکاتەی ئاپۆڵۆ لە ساڵی 1972 دوایین گەشتی بۆ سەر مانگ کرد. ئینجا ناسا لە کۆتاییدا کەپسولێکی ناردە سەر مانگ، هیچ کەشتیوانی تێدا نەبوو، هێشتا ئەو بڕیارە نەدراوە. بەڵام ئێستا بەڕێگاوەیە، کاری لەسەر دەکەن، لەوەدەچێت بەمزووانە رووبدات."
 
لە هاوینی 2022 سوپرایزێکی دیکە، تەنانەت گەردوونناسانیشی تووشی شۆککرد، ئەویش بڵاوبوونەوەی چەند وێنەیەکی تەلەسکۆپی جەیمس وێب سپەیسی سەر بە ناسابوو.
 
وێنەکان بۆ یەکەمجار لە مێژوودا بە وردەکاریێکی زۆرەوە درەوشانەوەی گەردوونی پێشانداین کە مێژووی دروستبوونیان بۆ 13.7 ملیار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە یاخود تەنیا 100 ملیۆن ساڵ لەدوای تەقینەوە گەورەکەی ناسراو بە بیگ بانگ.
 
سوپرایزەکان تەواو سەرسوڕهێنەردەبن کاتێک لە 2023 کۆمپانیای سپەیس ئێکسی ئیلۆن مەسک بە سەرپەرشتیی ئیسحاکمان، سەرمایەداری سێکتەری تەکنیکی، گەشتێکی بۆشایی ئاسمان بە چوار گەشتیار دەکەن.
 
چاوەڕواندەکرێت گەشتی Polaris Dawn بکەوێتە مانگی ئاداری 2023. مارسیا دون گوتی: "ئەم چوار کەسە نەک تەنیا لە کاتێکدا بەدەوری زەویدا دەسوڕێنەوە کە لەوانەیە لە هاویندابێت، بەڵکو یەکێک لەوان راستییەکەی بەنیازە گەشتێکی ئاسمانی تایبەت بکات، ئەمەش خۆی شتێکە."
 
لە کۆتایی مانگی ئەیلوولی 2022 ناسا گەورەیی ئاژانسەکەی دووپاتکردەوە کاتێک لە دووری ملیۆنان کیلۆمەتر لە بۆشایی ئاسمان، مانگێکی دەستکردی بە هەسارۆکەیەکدا داکێشا.
 
ئەوە تاقیکردنەوەیەکی سەرکەوتووبوو بۆ سەلماندنی گۆڕینی ئاراستەی ئەو تەنە ئاسمانییانەی کە لەوانەیە لە داهاتوودا خۆیان بە زەویدا بکشێن.