باڵیۆزی ئیسرائیل لە فەرەنسا لە دژی حکومەتەکەی نەتەنیاهوو دەست لەکار دەکێشێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

باڵیۆزی ئیسرائیل لە فەرەنسا بۆ نیشاندانی ناڕەزایی بەرامبەر حکومەتەکەی نەتەنیاهوو، دەستی لەکار کێشایەوە. ئەوەش دوای ئەوە هات کە پەرلەمانی ئیسرائیل متمانەی بە حکومەتە نوێیەکە بەخشی. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 29ـی کانوونی یەکەمی 2022، یائیل جێرمان، باڵیۆزی ئیسرایل لە فەرەنسا کە بە هاوپەیمانی یائیر لاپید، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل دادەنرێت، نامەیەکی دەستلەکارکێشانەوەی بە زمانی عیبری لە تویتەر بڵاوکردەوە کە وەکو خۆی دەڵێت "بۆ نەتەنیاهووی ناردووە".  
 
یائیل جێرمان، لە نامەی دەستلەکارکێشانەوەیدا دەڵێت، "سیاسەتەکەتان و لێدوانەکانی وەزیرانی حکومەتەکەتان و نیازەکانتان لە دژی ویژدان و دیدی من و پرنسیپەکانی سەربەخۆیی دەوڵەتی ئیسرائیلن". 
 
باڵیۆزی ئیسرائیل گوتیشی کە "لەژێر رۆشنایی ئەم دۆخەدا، ناتوانم درۆ لەگەڵ خۆم بکەم، بەردەوامی بە سیاسەتێکی لە ریشەوە دژی هەموو بیر و باوەڕەکانم بدەم. هەربۆیە دەستلەکارکێشانەوەی خۆم لە پۆستی باڵیۆزی ئیسرائیل لە فەرەنسا پێشکێش دەکەم". 
 
ئەوەش لەکاتێکدایە کە ئەمڕۆ بنیامین نەتەنیاهوو وەزیرەکانی حکومەتە نوێیەکەی بردە پەرلەمانی ئیسرائیل ناسراو بە کنێست و لەدوای وەرگرتنی متمانەی زۆرینەی پەرلەمان، سوێندی یاساییان خوارد. 
 
جێرمان سەرەتای کاری سیاسی لە پارتی مێرێتزی چەپڕەو دەستپێکرد و لە ساڵی 2013 دا لە سەر پارتی پێش ئاتیدی یائیر لاپید بە ئەندام پەرلەمان هەڵبژێدرا و لە ساڵەکانی 2013 بۆ 2014 وەکو وەزیری تەندروستی کاریکرد. لە ساڵی 2021ـەوە وەکو باڵیۆزی ئیسرائیل لە پاریس کاری کردووە.