كۆچبەرانی كورد لە بولگاریا پەکیان دەکەوێ

رووداو- سۆفیا 

ئەو كۆچبەرە كوردانەی لە بولگاریا بەندكراون و ماوەی حوكمەكەیان تەواو كردووە، وا دەزانن هێشتا لە زیندانن، چونكە نایانەوێ‌ لەو وڵاتە بمێننەوە و رێگەی دەرچوونیشیان بەرەو وڵاتانی دیكە نییە. 


هەمیشە رێگەی پیادەی قاچاخی نێوان توركیا و بولگاریا ئاوەڵایە، بەڵام رێگەی نێوان بولگاریا- سربیا و بولگاریا- رۆمانیا سەخت و دژوارە، بۆیە كۆچبەران لە بولگاریا گیردەبن و بە ئەستەم دەتوانن سنووری ئەو وڵاتە ببڕن. ژمارەیەك لەو كوردانەی لە سۆفیا ماون و دەرفەت و رێگەی ڕۆیشتنیان نییە، سەختی و دژواریی ژیانی خۆیان بۆ هەفتەنامەی (رووداو) باس دەكەن. 

كۆچەر ئیسماعیل، كۆچبەرێكی كوردی خەڵكی هەولێرە، لەدوای گەیشتنی بە بولگاریا دەستگیركراوە و ماوەی زینداییەكەی لە زیندانەكانی ئەو وڵاتە بەسەربردووە. بەهیوای جێهێشتی بولگاریا لە زیندان هاتووەتە دەرەوە و ئێستا لە سۆفیایە. 

كۆچەر سێ مانگە لەم شارەیە، لەو ماوەیەدا هەوڵی زۆری داوە بۆ ئەوەی بگاتە رۆمانیا، بەڵام سەركەوتوو نەبووە. ئەو بە (رووداو)ی گوت: "سێ مانگە لەگەڵ ئەم قاچاخچی و ئەو قاچاخچی قسە دەكەم، هەموویان دەڵێن بەسەرچاو، رێگەمان هەیە و ئارەزووی هەر وڵاتێك دەكەی دەتنێرین، بەڵام كاتێك باس دێتە سەر باسی دیاریكردنی كاتی رۆیشتن و بەڕێكەوتنمان، بە ئەمڕۆ ئەمڕۆ، دەستی دەستیمان پێدەكەن. تەنیا قاچاخچییەكیش بەمجۆرە نییە، بەڵكو هەموویان وان". 

كۆچەر تاوەكو ئێستا قسەی لەگەڵ 10 قاچاخچیی كورد و ئەفغانی كردووە، تەنانەت لەگەڵ هەندێكیان رێككەوتووە، بەڵام هێشتا هەر لە سۆفیایە. ئەو گوتی "قاچاخچییەكان دوای ئەوەی لەگەڵیان رێككەوتووم داوایان لێكردووم كرێی رێگە‌ لە نووسینگە دابنێم، ئینجا لەگەڵ كۆچبەرانی دیكە بەڕێماندەكەن. لەپاش دانانی پارە لە نووسینگە، هەموو رۆژ دواماندەخەن و دەڵێن سنوور بەستراوە، چاودێریی وردی پۆلیس هەیە، دەستگیر دەكرێین و دەیان قسە و پاساوی دیكە". 

كۆچەر كە تەمەنی 21 ساڵە، هەروەها دەڵێت: "داوام لە قاچاخچییەكان كردووە بمگەیێننە رۆمانیا، بەڵام دەڵێن ئەو رێگایە زۆر سەختە و بەهیچ شێوەیەك دەرفەتی پەڕینەوەی كۆچبەر نییە، تەنانەت مێش دەرناچێ. دەڵێم دەچمە سربیا، دەڵێن دەبێ بوەستی و رێگا بەستراوە و دەستگیر دەكرێین. واتە هیچ رێگەیەك نییە". 

خەرجییەكانی كۆچەر و كۆچبەرانی دیكە لە بولگاریا رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبن، هەندێكیان خەریكە پارە لە گیرفانیاندا نامێنێ‌، كۆچەر دەڵێت "لەگەڵ مانەوەی زیاترم خەرجیم زیاتر و زیاتر دەبێ، جگە لەوەی لەكاتی دانانی پارە لە نووسینگە، 50 دۆلار دەستێنن و دەبێتە خەرجی لەسەرم". 

كۆچبەرانی كورد لە بولگاریا دەڵێن بە دەگمەن قاچاخچییەك دەدۆزیتەوە راستییەكەت پێبڵێ كە رێگای دەرچوون ئەستەمە، بەڵكو دەڵێن بە گەرەنتی دەتانگەیەنین. 

رێبین سەعید، كۆچبەرێكی د‌یكەی كوردە، زیاتر لە دوو مانگە لە دوای دەستگیركردن و ئازادكردنی لە زیندان، لە سۆفیایە. دەخوازێ بەرەو فەڕەنسا بڕوا، لەكاتێكدا ئومێدی كەمە لەو سنوورە دەرباز بێ و بڕوات. 

رێبین خەڵكی شارەزوورە و دەرچووی زانكۆیە، بەهۆی نەبوونی كار و دانەمەزراندنەوە، رێگەی ئەوروپای گرتووەتەبەر، رێبین بە (رووداو)ی گوت: "زیاتر لە دوو مانگە لەنێو كوچە و كۆڵان و شەقامی سۆفیا دەگەڕێم و سۆراخی قاچاخچیی باش دەكەم، ئامادەم پارەیەكی باش بدەم، بۆ ئەوەی بەرەو فەڕەنسا بەڕێمكەن. قاچاخچییەكان دەڵێن بە گەرەنتی دەتبەین، بەڵام دەبێ جارێ چاوەڕێ بیت". 

رێبین باوەڕی بە بەڵێنی قاچاخچییەكان نەماوە و دەڵێت: "هەندێك قاچاخچی كە ژمارەیان لە پەنجەی دەستێك كەمترە، راستگۆیانە دەڵێن رێگەی قاچاخ بەستراوە و دەرفەتی رۆیشتن زۆر كەمە، لەگەڵ هەر رێبەر و قاچاخچییەكیش بڕۆن، بازرگانیتان پێوەدەكەن، دەیانەوێ ئێوە لە رێگە بكەنە قوربانی و دەستگیر بكرێن، خۆیان وا بیردەكەنەوە ئەگەر كۆچبەران گەیشتنە شوێنی مەبەست، كرێی رێگایان لێوەردەگرن، ئەگەر دەستگیریش كران كێشەیان نییە و ئەوان زەرەر ناكەن".  

ئەو كۆچبەر كوردە گوتیشی: "سەت لە سەت دڵنیایی دەدەم، رێگەی رۆمانیا بەستراوە". 

تەنیا رێگەی سربیا و رۆمانیا دانەخراوە، بەڵكو رێگەی سربیا - رۆمانیاش داخراوە و دەرچوون ئەستەمە. شاڵاو خدر، كۆچبەرێكی دەڤەری پشدەرە، لەدوای مانگ و نیوێك چاوەڕوانی لە سۆفیاوە گەیشتە بەلگرادی پایتەختی سربیا، دوو مانگیشە لەوێ‌ گیری خواردووە و رێگەی رۆیشتنی بۆ رۆمانیا نییە. ئەو كۆچبەرە تەمەن 20 ساڵە بە (رووداو)ی گوت "هەر سنوورێ دەبڕین خۆزگە بە وڵاتی پێشوو دەخوازین، لە بولگاریا خۆزگەمان بە توركیا دەخواست، لێرە خۆزگە بە بولگاریا دەخوازین، لایەنی كەم لە بولگاریا دەمتوانی لە كەمپ یان شوقە بمێنمەوە، بەڵام لە بەلگراد كەمپمان نادەنێ و شوێنی مانەوەمان نییە. سوێند بەخوا شەوانە لەسەر شەقام و شۆستەكان دەخەوین". 

شاڵاو گوتیشی "ئێمە لە مەملەكەتی درۆستان چاوەڕوانی قسە و بەڵێنی قاچاخچین، كە راستیمان لێ نەبیستوون. بەدەیانجار قاچاخچی گوتوویەتی ئەم ئێوارەیە، ئەمشەو، سبەی، دوو سبەی، دەڕۆن. كەچی هەموو قسەكان درۆ دەرچوون و راست نەبوون. لەڕاستیدا خۆمان گەیشتووینەتە ئەو باوەڕەی رێگاكە زۆر سەخت و دژوارە، هاوڕێیانمان رۆیشتوون و لە سنوور دەستگیركراون و ناردوویاننەتەوە بۆ بەلگراد". 

زۆرینەی كۆچبەرانی رێگەی پیادەی قاچاخ بە رێڕەو و سنووری ئەم وڵاتانەدا‌ دەڕۆن، توركیا، بولگاریا، سڕبیا، رۆمانیا، هەنگاریا، نەمسا، ئەڵمانیا، فەڕەنسا و بەریتانیا. 

كۆچبەران دەزانن رێگە نییە، بەڵام زۆرجار دەكەونە دوای درۆی قاچاخچییەكان. شاڵاو دەڵێ‌ "كە قسە لەگەڵ قاچاخچیدا دەكەین، دەڵێ رێگەی تایبەت بەخۆمان هەیە و‌ دڵنیابە بە سەلامەتی دەگەن، لەپاش دانانی بڕە پارەی دیاریكراو‌ لە نووسینگە، دەڵێ رێگاكە سەخت بووە، پۆلیس پێی زانیوە، چاودێریی وردی لەسەرە، بوەستن تا ڕێگا دەبێتەوە، دوو مانگە چاوەڕوانم، رێگە هەر نەكرایەوە".