لە 10 ساڵی رابردوودا 131 ژنی كورد لە سوێد خەڵاتكراون
رووداو- ستۆكهۆڵم
"ئافرەتی كورد توانایەكی شاراوەی هەیە، لەگەڵ هاتنی بۆ نێو كۆمەڵگەی ئەوروپی، ئەو توانایە دەیكاتە داهێنەر و پێشەنگ". ئەمە گوتەی چالاكڤانێكی سوێدییە، ئەو نموونە بە نادیە موراد و ئەو ژنانەی سوێد دەهێنێتەوە كە ئەمساڵ لە سوێد زۆرترین خەڵاتەكانی ساڵیان بردووە. ئاگنیتا سڤانسۆن كە دۆستایەتییەكی زۆری لەگەڵ كوردی سوێد هەیە و كاری لەگەڵ كردوون، دەڵێت "سەرسامم بە توانای ئافرەتانی كورد".
لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا بە تایبەتیش سوێد ساڵانە چەندین خەڵاتی جۆراوجۆر لەلایەن ناوەند و دامەزراوە مێدیایی و جڤاكییەكانەوە دابەش دەكرێن، چەندین كەس وەكو كەسایەتی ساڵ دەستنیشان دەكرێن. هەڵبژاردنی ئەو كەسانەش لەسەر بنەماكانی چالاكی و كاریگەرییانە لەسەر كۆمەڵگەی سوێدی.
تەنیا لە سوێد و لە ساڵی 2016دا زیاتر لە 4 ژنی كوردی دانیشتووی سوێد بوونەتە كەسایەتی ساڵ. سڤانسۆن دەڵێت: "ئەمە یەكێكە لە سوودەكانی رەوەندەی كوردی بۆ كۆمەڵگەی سوێدی و وەك سوێدییەك خۆم بە قەرزداری ئەو نەتەوەیە دەزانم و شانازییان پێوە دەكەم".
لەنێو ئافرەتە براوەكانی ئەمساڵ لەسەر ئاستی سوێد، پارلەمانتار ئامینە كاكە باوە هەبوو كە لەلایەن گۆڤاری فۆكۆس وەك (åretssvensk) واتە سوێدیی ساڵ دەستنیشان كرا. بەو پێیەی كاكە باوە خاوەنی زۆرترین چالاكیی تاكەكەسی بووە لە بوارەكانی نەهێشتنی جیاكاریی رەگەزی و كولتووری نامووسپەرستی.
هەروەها تینا موراد، چالاكڤان و خۆبەخشی كورد لە سوێد، دوای ركابەری لەگەڵ زیاتر لە 120 بەربژێر لەسەر ئاستی سوێد، لەلایەن دامەزراوەی (راوڵ ڤۆڵینبێری) و لەسەر بنەمای كارە خۆبەخشەكانی كە زۆرترین خزمەتی بە كۆچبەران كردووە، خەڵات كرا. بەپێی راگەیاندنی ئەو دامەزراوەیە، ژیانی چەندین كەسی رزگار كردووە و هاوكاریی سەدان منداڵی كۆچبەری كردووە.
هەروەها رۆژنامەنووس و چالاكڤان ساكینە مودا و ژنە چالاكڤان سارا محەممەد، لەلایەن رادیۆی نیشتمانیی سوێد وەك دوو لە كەسایەتییەكانی ساڵ لەگەڵ 48 كەسی دیكەی سوێدی دەستنیشان كران. رادیۆكە هەموو ساڵێك 50 كەسی سوێدی وەك كاریگەرترین كەسایەتی ساڵ دەناسێنێ كە لەنێویاندا سەرۆكوەزیران و وەزیر و سەرۆكی پارتەكان هەن.
ئەمە جیا لەوەی لە 100 كەسی كاریگەری ساڵ كە بڕیارە هەفتەی كۆتایی ساڵ رابگەیەنرێت، چەند كوردێكی دانیشتووی سوێد بەربژێرن، لە نێویاندا دوو ژن هەن: نووسەر و هونەرمەند (نیستی ستێرك) و سیاسەتمەدار و ئەندامی سەركردەی پارتی گەلی لیبراڵ (گوڵان ئاڤچی).
لەسەر ئاستی ئەوروپاش خەڵاتی ساخارۆف درایە دوو ژنە چالاكڤانی ژنی رزگاربووی دەستی داعش، (نادیە موراد) و (لەمیا بەشار).
خەڵاتكردنی ژنانی كوردی دانیشتووی سوێد، سنووری ئەو وڵاتەی بڕیوە. ژنە رۆژنامەنووسی كورد ئینجیل ئالچوو كە لە بنەڕەتدا خەڵكی ئامەدی باكووری كوردستانە و پەنابەرە لە سوێد، رۆژی هەشتی ئەم مانگە لە لەندەن خەڵاتی (مارتن ئادلەر)ی پێدرا. ئاڵچوو وەكو سوێدییەك خەڵاتەكەی لەندەنی بردەوە.
ئاگنیتا سڤانسۆن كە شارەزاییەكی دیاریشی لە بواری مێژووی مافەكانی مرۆڤ هەیە، دەڵێت "كەم نەتەوە و پێكهاتەی كۆمەڵایەتی هەیە، بەو شێوەیە و لە یەك ساڵدا ئەو هەموو كەسایەتییەی تێدا هەڵبكەوێت".
گوتیشی "ئەگەر بە خێرایی چاوێك بە گووگڵی سوێدیدا بخشێنی، تەنیا بۆ یەك ساڵ، دەیان ناوی كچانی چالاك و ئازا دەبینی كە خاوەنی دەیان كار و چالاكی و پرۆژە بوون".
ژنانی كورد زیاتر حەزیان لە سیاسەتە
ژنانی كوردی دانیشتووی سوێد، لە پیاوان زیاتر حەزیان بە سیاسەتە و زۆرترین پێگەشیان لە ئاستی سەركردایەتی و دەسەڵاتەكانی دەوڵەتدا گرتووە بە بەراورد لەگەڵ پیاوانی كوردی ئەو وڵاتە.
بەپێی راپرسییەكی ئەمساڵی رێكخراوێكی سوێدی، لەگەڵ دابەزینی ئاستی بەشداریی گەنجان لە سیاسەت، بەڵام ژنان زیاتر مەیلی سیاسەتیان هەیە و ژنانی كوردی لەدایكبووانی ساڵانی حەفتاكانیش بە پلەی یەك حەزیان بە سیاسەتە و بەشدارییەكی كارایان هەیە.
چالاكڤانە سوێدییەكە ئەگەرچی زۆر ئاگاداری ئەو راپرسییە نییە، بەڵام دەڵێت "بوونی چوار ژنی كورد لە پەرلەمان و دەیان ژنی دیكەی كورد لە كۆمۆن و ئەنجوومەنی هەرێم و پارێزگاكان، كارایی ژنانی كورد لە سیاسەتدا نیشان دەدات".
ژنانی كورد لە سوێد حوكم دەكەن
بەپێی راپۆرتێكی رێكخراوی (KYEO)ی سوێدی كە رێكخراوێكی كوردییە، 116 ژنی كورد لە پۆستە هەستیارەكانی دامەزراوەی ئیداریی سوێددا هەن، 18 ژنی كورد لە سەركردایەتیی پارتەكانی سوێد هەن. هەروەها چوار ژن لە پەرمانی سوێد و 97 ژنیش لە ئاستی باڵای بەڕێوەبردنی رێكخراوەكانی مافەكانی مرۆڤ و 11 ژنی رۆژنامەنووسی زۆر ناسراویش لەو وڵاتە هەن. هەر بەپێی راپۆرتەكە، لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا 131 جار ژنانی كورد لەلایەن دامەزراوە و رێكخراوەكانی سوێدەوە خەڵات كراون، یان وەكو كەسایەتیی ساڵ دەستنیشان كراون.