سێ وڵاتی ئەورووپی بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی دەستی کار سەدان هەزار کۆچبەر وەردەگرن
رووداو دیجیتاڵ
سێ وڵاتی ئەورووپی بەدوای کۆچبەر دا دەگەڕێن و مافی مانەوە بە سەدان هەزار کەس دەدەن پێدەدەن. ئەوەش بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی دەستی کار لە وڵاتەکانیان.
یەکێک لەو وڵاتەنە سوێدە؛ دەیەوێ پێدانی مافی مانەوە (ئیقامە) بەوانەی بۆ کار دەچنە ئەو وڵاتە ئاسانتر بکات. لە 10 مانگی رابردووشدا نزیکەی 24 هەزار کەس ئیقامەی کاریان لە سوێد وەرگرتووە.
هەرچەندە ئێستا حکومەتێکی راستئاژۆی حکومڕانیی سوێد دەکات، بەڵام ناچارە کۆچبەری زۆرتر بۆ کار وەربگرێ. تەنیا لە 10 مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا 23 هەزار و 870 کەس لە سوێد مافی مانەوە (ئیقامە)یان بۆ کار وەرگرتووە. لە بەرامبەردا 13 هەزار و 41 کەس مافی پەنابەرییان دراوەتێ. هێشتاش سوێد دەیەوێ ئاسانکاریی زۆرتر بکات بۆ ئەوانەی بۆ کار دەیانەوێ بچنە ئەو وڵاتە و کارتی شین وەربگرن.
کارتی شین جۆرە ئیقامەیەکە کە بۆ ئەوانەیە لە بوارێکی پێویستدا لە ئەورووپا پسپۆڕێتیی باڵایان هەیە و دەیانەوێ بچن لەوێ کاربکەن. لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە، واتە پاش چوار هەفتەی دیکە، سوێد ئاسانکاریی نوێ و زۆرتر بۆ ئەو کەسانە دەکات.
ئێستا کەسێک بیەوێ ببێتە خاوەنی کارتی شینی سوێدی دەبێ گرێبەستێکی کاری بۆ ماوەی یەک ساڵ لە سوێد دەستکەوێ و نابێ مووچەی مانگانەی لە 5 هەزار و 165 یۆرۆ کەمتر بێ. لە سەرەتای 2025ـەوە گرێبەستێکی 6 مانگی و مووچەیەکی مانگانەی 4304 یۆرۆیی بەسە بۆئەوەی کارتی شین وەربگیرێ.
جگە لەوەش لەجیاتی ئەوەی کەسی داواکار 90 رۆژ چاوەڕوان بێ، دەبێ لە ماوەی 30 رۆژدا وەڵامی بۆ بێتەوە. هەروەها ئەگەر کەسێک کارتی شینی وڵاتێکی دیکەی ئەورووپای هەبێ، بۆی هەیە بۆ ماوەی 90 رۆژ بێتە سوێد و کاربکات.
ئیسپانیا 'ئیقامە' دەداتە 300 هەزار کەس
ئیسپانیاش دەیەوێ لە ماوەی 3 ساڵدا مافی مانەوە و کارکردن بداتە 900 هەزار کۆچبەر.
سەرەتای ساڵی داهاتوو بۆ ئەو کەسانەش هەواڵی خۆشی تێدایە کە ئێستا لە ئیسپانیان و مافی مانەوە و کارکردنیان نییە. لە مانگی ئایاری 2025 ئیسپانیا مافی مانەوە دەداتە 300 هەزار کۆچبەر کە لەو وڵاتەن.
بەگوتەی ئێڵما سایێز، وەزیری بەشداریپێکردن و ئاسایشی کۆمەڵایەتی و کۆچبەریی ئیسپانیا، وڵاتەکەی کێشەی کەمبوونەوەی دەستی کاری هەیە. جگە لەوەش زۆر کەس هەن لە ئیسپانیا دەژین و مافی مانەوەیان نییە. بۆیە ئیسپانیا دەیەوێ لە جیاتی ئەوەی وەک ئەڵمانیا و سوێد و شوێنەکانی دیکە دەستی کار لە دەرەوە بهێنێ، هەر ئەوانە وەربگرێ کە ئێستا لە ئیسپانیان.
تاوەکو ئێستا ئیسپانیا رێگەیەک بوو کە ساڵانە هەزاران کۆچبەر لێیەوە دەچوونە وڵاتانی دیکەی یەکێتیی ئەورووپا و لەوێ نەدەمانەوە.
بەپێی داتاکانی دەوڵەت زۆرترین ئەوانەی لە ئیسپانیا ماونەتەوە هاووڵاتییانی سووریا، مالی و ئەفغانستانن. لە رێگەی لیبیا و مەغریبەوە زۆر کەسی خەڵکی رۆژئاوای کوردستانیش گەیشتوونەتە ئیسپانیا و زۆربەیان لەوێوە چوونەتە شوێنەکانی دیکەی ئەورووپا. حکومەتی ئیسپانیا پلانی داناوە لە ماوەی سێ ساڵدا هەر ساڵەی 300 هەزار کۆچبەر وەربگرێ و بەمەش ژمارەی کۆچبەرە وەرگیراوەکان بگەیەنێتە 900 هەزار.
ئەڵمانیا ساڵانە پێویستی بە 288 هەزار کۆچبەرە
داتا نوێیەکان دەریدەخەن کە ئەڵمانیا بۆ بەهێز هێشتنەوەی ئابوورییەکەی ناچارە لە ئێستاوە تاوەکو ساڵی 2040 ساڵانە بەلایەنی کەمەوە 288 هەزار کۆچبەر وەک دەستی کار وەربگرێ. هۆشداریش دەدات کە ئەگەر ئەمە نەکرێ ئابوورییە بەهێزەکەی ئەڵمانیا وەکو خۆی نامێنێ.
دامەزراوەی (بێرتێلزمان) کە داتاکان و توێژینەوەیەکی لەوبارەیەوە بڵاوکردووەتەوە، ئاشکرایکردووە کە ئێستا 46 ملیۆن و 400 هەزار دەستی کار لە ئەڵمانیا هەیە، ئەگەر بێتو تاوەکو ساڵی 2040 هەموو ساڵێک ئەو نزیکەی 300 هەزار کۆچبەرە وەک دەستی کار نەچنە ئەڵمانیا، ئەوە رێژەی دەستی کار دەبێتە 35 ملیۆن و 100 هەزار.
واتە بە بەراورد بە ئێستا 10٪ کەم بکات. سوزانە شۆڵتز، کە یەکێکە لە ئامادەکارانی توێژینەوەکە، هۆی ئەو گۆڕانکارییە بۆ خانەنشینبوونی ئەوانە دەگەڕێنێتەوە کە پێیاندەڵێن (بەیبی بوومەرس). واتە ئەوانەی لەنێوان ساڵانی 1941 و 1955 لەدایکبوون، ئێستا ساڵمەندن و وردە وردە توانای کاریان نامێنێ.
سەرەڕای ئەوەی مژاری کۆچبەری دەنگی باشی لە هەڵبژاردنەکاندا بۆ ئەو پارتانە تێدایە کە تووندتربن بەرامبەر کۆچبەران، بەڵام حکومەتی فیدراڵیی ئەڵمانیا بە زانینی ئەو داتایانە، ساڵی رابردوو ریفۆرمی گەورەی لە یاساکانی کۆچبەریدا کرد و هاتنی دەستی کار و بەشێوەی یاسایی بۆ کۆچبەران ئاسانتر کرد.
وەزیری نێوخۆی ئەڵمانیا ئەوکات گوتی: "بووینەتە خاوەنی مۆدێرنترین یاسای کۆچبەری لە جیهان."