مارادۆنا.. گیڤارای وەرزش و خاوەن ئایینی تایبەت
رووداو دیجیتاڵ
دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنا، لای هەندێک باشترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێ، لای هەندێکی دیکە، دووەم باشترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێ و لای هەندێکیش یەکێک لە ئەفسانە مەزنەکانی ناو مێژووی یاریگەکانی تۆپی پێ، هەفتەی رابردوو لە تەمەنی 60 ساڵیدا گیانی لەدەستدا.
دیێگۆ، یاریزانێکی مەزن، ئەستێرەیەکی گەورە و سیمبولێکی شۆڕشگێڕانەی ئەمریکای لاتین بوو. ئەو لای زۆر کەس، جیا لەوەی بە یاریزانێکی بێوێنە تەماشا دەکرا، بە نموونەیەکی بەرەنگاربوونەوەی چەوسانەوە و برسیەتی دەهاتە بەرچاو، نموونەیەک هەمیشە لە دژی بوونی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کارەکانی لە ئەمریکای باشووردا دەوەستایەوە، شۆڕشگێڕێک تەنیا بە قسە هانی خەڵکیدەدا بۆ دژایەتی کۆڵۆنیکردنی کیشوەرەکەی.
لە ژیانی مارادۆنادا، چەندین وێستگە و رووداوی گرنگ و سەرنجڕاکێش هەبوو. وێستگەکان لە ژیانی ئەودا لەنێو لاکێشە سەوزەکانی یاریگەوە، تاوەکو ژیانی ئاسایی و دوورکەوتنەوە لە یاریگەکان. لە سەرکەوتنەکانی سەر چیمەنی سەوزی یاریگاوە بۆ ئاڵوودەبوونی هۆشبەر، لە گۆڵکردن بەدەست و لێدوانی ئاگراوییەوە، تاوەکو پشتگیری ئەو رژێم و دەسەڵاتە سیاسییانەی بیری چەپ لە هزریاندا بوو و دژی هەژموونی ئەمریکا بوون لە ناوچەکەدا، پێکهێنەری رۆژانی ژیانی ئەوبوون.
لەوانەیە مارادۆنا مشتومڕهەڵگرترین ئەستێرەی تۆپی پێ بێت لە رووی سیاسەت و ئاینەوە، سەیر نییە کە بزانین ئەو هاوڕێی گیانی بەگیانی سەرکردە کۆمۆنیستەکانی ئەمریکای لاتین و لای هەوادارەکانیشی، خاوەن ئاینی 'مارادۆنایی' بوو.
گیڤارای دووەم
ڤیدڵ کاسترۆ، سەرۆکی پێشووی کوبا، لەلایەن مارادۆناوە بە 'باوکی دووەم' ناودەبرا. ئەو لە بەرامبەر ئەو پێزانینەی ئەستێرەکەی تۆپی پێدا، مارادۆنای ناونابوو 'گیڤارای وەرزش'.
مارادۆنا رۆژێک لە رۆژان مەیلە سیاسییە کۆمۆنیستییەکانی خۆی نەشاردووەتەوە، هەمیشەش بەلای ئەوانەدا شکاندوویەتییەوە کە چەپ و دژە ئەمریکا بوون، ئاخر مارادۆنا بە ئاشکرا خۆی بە 'عاشق'ی هۆگۆ چاڤێز، سەرۆکی پێشووی ڤەنزوێلا ناودەبرد، پێیوابوو ئەو 'سەرباز'ی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ئێستای هەمان وڵاتە. هەرچەندە هەمووکات ئەوانەی مارادۆنا عاشقیان بوو، بە دیکتاتۆر و خۆسەپێن و چەوسێنەر و سەرکوتکەری وڵاتەکانیان ناودەبران.
کاتێک 'لووتکەی سەرانی هەردوو ئەمریکا' لە بۆینس ئایرس ساڵی 2005 بەڕێوەچوو، مارادۆناش لەوێ بوو. کاتێک جۆرج بووش، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا بۆ بەرگریکردن لە پڕۆژەی بازرگانیی ئازادی نێوان هەردوو کیشوەر دەرکەوت و داوای ئازادیی بازرگانی نێوان هەردوولای کرد، چاڤێز بانگی مارادۆنای کرد، کاتێک مارادۆنا گەیشتە سەر ستەیجەکە داوای لە ئامادەبووان کرد، بووش دەربکەن لە ئەرجەنتین، خەڵکەکە پێشوازییان لە قسەکانی کرد.
مارادۆنا ئامادەسازیی بۆ ئەو رووداوە کردبوو، گوتی: "ئەم پاشەڕۆ مرۆییە کە ناوی بووشە لەگەڵ 150 کەسی دیکەدا فڕێبدەنە ناو شەمەندەفەری 'مار دیل بلاتا'ەوە با لەم وڵاتەدا نەمێنێت". ئەوانەی دەستخۆشیکەر و پشتگیریکەری گەورەی مارادۆنا بوون لەو رووداوەدا، ئیڤۆ مۆرالیس سەرۆکی بۆلیڤیا لە 2006 تا 2019 و ئیمر کوستوریکا، دەرهێنەری سڕبی بوون. ئەو دووانە دواتر فیلمێکی بەڵگەنامەییان لەسەر ژیانی مارادۆنا بەرهەمهێنا.
مۆرالیس لە یارییەکی تایبەتی دۆستانەدا لە 'لاپاز'ی پایتەختی وڵاتەکەی لەگەڵ مارادۆنادا یاریکرد، لە کۆچی دوایی ئەودا، خەمی خۆی بۆ گیانلەدەستدانی 'براکەی' دەربڕی، گوتی: "گوێی لە چەوساوەکان دەگرت و لەپێناویاندا جەنگا"، لە کاتێکدا لویس ئارسی، شوێنگرەوەی مۆرالیس لە سەرۆکایەتی بۆلیڤیا، نووسی "جیهان بۆ لەدەستدانێک دەگری کە قەرەبوو ناکرێتەوە".
هێرش و پەلامارە سیاسییەکانی بەهرە مەزنەکەی تۆپی پێ بەردەوامبوون، ساڵی 2019 کاتێک مارادۆنا راهێنەری یانەی 'دۆرادۆس سی سینالوا'ی پلە دووی مەکسیکی بوو، هێرشێکی تووندی کردە سەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، گوتی "پۆلیسەکانی جیهان، ئەو ئەمریکییانەی وادەزانن دەتوانن کۆنترۆڵی ژیانی ئێمە بکەن چونکە بۆمبی ئەتۆمییان هەیە، بەڵام نەخێر، ئێمە نا، ئەو بووکەڵەیەی ناوتانناوە سەرۆک، ناتوانێ ئێمە بکڕێت".
ئەو تووندی و هەناسەتەنگییەی لە ژیانی مارادۆنادا هەیە لە بەرامبەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، رەگی قووڵی لە کەسایەتی ئەو منداڵەدا هەیە، کە بەهەژاری لە 'ڤیا ڤیتۆریۆ'، یەکێک لە شارۆچکە بچووکەکانی دەوروبەری 'بۆینس ئایرس'، پایتەختی ئەرجەنتیندا، پێگەیشتووە.
تاتۆی گیڤارا و کاسترۆ
مارادۆنا کە بەگەنجی هەرزوو ناونرا 'بیبی دی ئۆرۆ' واتە 'کوریژگە ئاڵتوونییەکە'، رۆژێک لە رۆژان بنەچەی هەژارانەی خۆی لەبیر نەکرد، هیچ کاتێکیش عەشقی خۆی بۆ خۆشەویستی تەمەنی نەشاردەوە. ئەو زۆر پێچەوانەی ئەفسانە هاوتاکەی خۆی، پێلێی بەرازیلی دەجووڵایەوە. پێلێ و مارادۆنا تائێستاش مشتومڕیان لەسەرە، لەسەرئەوەی کامیان باشترینی مێژووە، یان کامیان باشترینی سەدەی رابردووە؟
پێلێ هەمیشە دیپلۆماسیتر لە مارادۆنا دەرکەوتووە لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا، ئەو ماوەیەک بووە وەزیری وەرزشی وڵاتەکەی و لە دامەزراوەکانییەوە نزیکبوو، تەنانەت لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتیشەوە، کەچی مارادۆنا گۆشەگیر و دژە دەسەڵات بوو، هاوشێوەی 'چێ گیڤارا' بیریدەکردەوە، هاوکاری خەڵک بوو بۆ سەرکەوتن، بەڵام سەرکەوتنی بۆخۆی نەدەویست.
ساڵێک دوای بەدەستهێنانی نازناوی مۆندیالی 1986، کە تاکە نازناوی مۆندیالە لە ژیانی مارادۆنادا و ئەو لەوێ لەسەر خاکی مەکسیک، شێتانە و داهێنەرانە و ئەفسووناوی دەرکەوت و وڵاتەکەی کردە خاوەنی نازناوەکە. سەردانی ڤیدڵ کاسترۆی سەرکردەی شیوعیی کرد، ئەوە یەکەم دیداری نێوان ئەو دووانە بوو.
هاوڕێیەتی و دۆستایەتییە ئەفسووناوییەکەی نێوانیان، بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش بەردەوام بوو. ساڵانی 2000 و دواتر 2004، مارادۆنا گەیشتە لێواری قەبر، زۆری نەمابوو هۆشبەرەکان کۆتایی بەژیانی بهێنن، کێشی دوو هێندەی خۆی زیادیکرد و مەرگ تەنگی پێهەڵچنی، ئەو لە گەڕان بەدوای باشترین شوێندا بۆ چارەسەرکردن و دوورخستنەوەی تارمایی مەرگ لە خۆی، رووی لە کوبا کرد و لەژێر باڵی هاوڕێ چەپەکەیدا ماوەی چارەسەری دەستپێکرد.
مارادۆنا لەسەر خاکی هاوخەباتە چەپەکەی چاکبووەوە، قۆناخێکی قورسی تێپەڕاند و دەستی بەژیانی ئاساییکردەوە، لە تەلەڤزیۆنی ئەرجەنتیندا، پڕۆگرامێکی وەرگرت و خۆی بووە پێشکێشکار، بەرنامەکەی بەناوی 'شەوی ژمارە 10' بوو، ئەوکات ڤیدڵ کاسترۆ، جارێک لە جارەکان، بووە میوانی بەرنامەکەی مارادۆنا.
راگەیاندنی گیانلەدەستدانی ڤیدڵ کاسترۆ لە 2016دا بۆ مارادۆنا، مەرگەساتێکی گەورەبوو، ئەوکات ئەو گوتی "دڵگرانم بە لەدەستدانی باوکی دووەمم"، بەگریانەوە گوتی "هەستدەکەم من خەڵکی کوبام".
مارادۆنا بۆ ئەو سەرکردانە وەفاداربوو کە وەک ئەوان بیریدەکردەوە، پێکەوە دروشمی دژە کۆڵۆنیالیزمیان بەرز کردبووەوە، ئەو لەسەر پوزی قاچی چەپی، تاتۆیەکی کاسترۆی هەڵکۆڵیبوو، سەردەستی راستیشی بۆ تاتۆیەکی چێ گیڤارا تەرخانکردبوو.
گیڤارا خەڵکی وڵاتەکەی مارادۆنا بوو، بەڵام لە کوبادا دەرکەوت، هاوڕێی نزیک و گیانی بەگیانی ڤیدڵ کاسترۆ بوو. لە کۆتایی شەستەکانی سەدەی رابردوودا لە پاش هەوڵدان بۆ هەڵگیرساندنی شۆرشی چەپ لە دژی حکومەتی ئەوکاتی بۆلیڤیا، لە کردەیەکی سەربازیدا کوژرا.
قەدەر لە ژیاندا مارادۆنای کردە هاوڕێی کاسترۆ، لە مەرگیشدا رووداوێکی سەیری بۆ هێنان. ئەو رۆژەی مارادۆنا کۆچی دواییکرد، هەمان رۆژی گیانلەدەستدانی ڤیدڵ کاسترۆ بوو. برۆنۆ رۆدریگێز، وەزیری دەرەوەی کوبا لە توویتێکدا نووسی، "25ی نۆڤێمبەر، قەدەر وایهێنا کاسترۆ و مارادۆنا لە هەمان رۆژدا گیانلەدەستبدەن".
هاوپەیمانییەک لە دژی ئەمریکا
ساڵی 2005، مارادۆنا سەوداسەری بیرۆکە شۆڕشگێڕییەکانی خۆی بوو، لەئێوارەخوانێکدا لەگەڵ هۆگۆ چاڤێز، سەرۆکی ئەوکاتی ڤەنزوێلا کۆبووەوە، ئەوکات دوای ئێوارەخوانەکە، مارادۆنا گوتی: "پێشتر ڤیدڵ کاسترۆم ناسیووە، هەروەها موعەمەر قەزافی (سەرۆکی لیبیا)، ئێستاش بە زەبەلاحێکی وەک چاڤێز ئاشنابووم".
هەستەکانی دیێگۆ، بەرامبەر سەرۆکە چەپ و مشتومڕهێنەکانی دونیا و ئەمریکای لاتین، لای مارادۆنا گوزارشتی سەیریان دەخستەوە، ئەو کاتێک باسی لە هەستەکانی خۆیکرد لە دوای ناسینی چاڤێز گوتی: "لەوانەیە هەستی ئێستام لەوکاتە خۆشتربێت کە جامی جیهانیم بەرزکردەوە".
پەیوەندییە رۆمانسییە هزرییەکەی نێوان دیێگۆ و سەرکردە هاوڕاکانی، هەندێکجار سەریان بۆ لێدوانی سەیر دەکێشا. یاریزانەکەی پێشووی ناپۆلی جارێک گوتی "لەگەڵ کاسترۆ، لۆلا داسێلڤا (سەرۆکی بەرازیل) و کیرشنێر، سەرۆکی ئەوکاتی ئەرجەنتین، پێموایە دەتوانین هاوپەیمانییەکی بەهێز دروست بکەین، دژ بە هەژاری و گەندەڵی و بایکۆتی یەکجارەکی ویلایەتە یەکگرتووەکان بکەین و چیدی پەیوەندیمان پێیانەوە نەبێت".
هەڵمەت و سەرکێشییە سیاسییەکانی دیێگۆ بەردەوامبوون، ساڵی 2013 و دواتر 2018، مارادۆنا خۆی وەک "سەرباز"ی نیکۆلاس مادۆرۆ، جێگرەوەی چاڤێز لە سەرۆکایەتی وڵاتدا ناساند، ئەو لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی مادرۆرۆدا بەشداریکرد و هەوڵیدا دەنگ بۆ سەرکردە دڵخوازەکەی کۆبکاتەوە.
دوای گیانلەدەستدانی مارادۆنا، مادۆرۆ کە سیاسەتە چەپەکانی، ڤەنزوێلایان رووبەڕووی گۆشەگیری و برسیەتیی تووندی خەڵک کردووەتەوە، نووسی "هەست بەخەمێکی گەورە دەکەم، ئەفسانەیەکی تۆپی پێ بەجێیهێشتین، برا و هاوڕێی وەفادار بۆ ڤەنزوێلا.. لە دڵ و هزرمدا دەمێنێتەوە. ئێستا هیچ وشەیەکەم نییە گوزارشت لە خەمەکانم بکات، ماڵئاوا 'کوڕیژگە' ئەمریکییەکە، بیبی".
لە وڵاتەکەی خۆیشیدا، مارادۆنا لەبەرەی سەرکردە چەپەکاندا بوو، ئەو کاتێک سەرۆکی پێشووی وڵات نیستۆر کیرشنێر، لە ساڵی 2010دا گیانیلەدەستدا، نووسی "ئەرجەنتین زۆرانبازێکی لەدەستدا". ساڵی 2015 مارادۆنا چەپکە گوڵی هاوبەشیی خەمی بۆ ئالۆردۆ کریستینا کیرشنێر، هاوژینی نیستۆر نارد کە لە دوای مێردەکەیەوە بووە سەرۆکی وڵات.
دانیێل ئۆرتێگا، سەرۆکی نیکاراگوا بۆ مەرگی مارادۆنا نووسی: "زەبەلاحێکی دیکە ماڵئاوایی لێکردین، ئەو برای هەموو گەلە ئازادیخوازەکانی دونیا بوو".
یەکێک لە دیارترین هەڵوێستە سیاسییەکانی مارادۆنا، لە مۆندیالی 2018دا روویدا، کاتێک لەوێ چاویکەوت بە مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین و پێیگوت "من فەلەستینیم"، دواتر گوتی "دڵم فەلەستینییە".
تۆڵە لە دۆڕانی دوورگەکانی فۆکلاند
ئەرجەنتینییەکان لەخۆڕا نەبوو تاڕادەی پەرستن شەیدای مارادۆنا بوون. ئاخر ئەو جیا لەوەی مۆندیالی بۆ وڵاتەکەیان بردەوە، قوربانییەکی زۆریدا بۆ ئەوەی تۆڵەی شکستێکی سەربازی بۆ وڵاتەکەی بکاتەوە.
لەوانەیە سەیر بێت باسی سیاسەت و سەربازی لە ژیانی مارادۆنادا بکەین، بەڵام ئەوە چیرۆکەکانی ژیانی ئەوە پێماندەڵێت، ئەو هزرمەندی سیاسی و کارکردوو لە دۆخی سەربازی بووە، ئەو شکستی بوارە سەربازییەکانی وڵاتەکەی، بەسەرکەوتن لە تۆپی پێدا، بەسەر دوژمنەکانی، قەرەبوو کردووەتەوە.
مارادۆنا لە ساڵی 1986دا، نازناوی مۆندیالی بۆ ئەرجەنتین بەدەستهێنا، لە قۆناخی هەشتی پاڵەوانیەتییەکەدا، ئەرجەنتین لە بەرامبەر ئینگلتەرادا یاریکرد و سەرکەوتنی بەدەستهێنا و لەوێوە خەونی ئەرجەنتینییەکان، بۆ بوونە خاوەنی نازناوی پاڵەوانیەتییەکە، بووە راستی.
بەدەستهێنانی نازناوەکە بۆ دانیشتووانی وڵاتەکەی مارادۆنا، مانایەکی قووڵی وەرزشی و سیاسی هەبوو. ئەوان چەندە دڵخۆشبوون بەوەی هەڵبژاردەکەیان نازناوەکەی بردەوە، ئەوەندەش دڵخۆشبوون بەوەی مارادۆنا لەڕێگەی فێڵ و بەدەست، گۆڵێكی لە هەڵبژاردەی ئینگلتەرا کرد و یارییەکەیان لێبردەوە. ئەوکات میدیاکان سەرنجی زۆریان خستە سەر 'گۆڵە دەستەکە'ی مارادۆنا، بەڵام ئەو خۆی لە رووداوەکە گێلکرد و بەناوبژیوانی نەگوت تۆپەکەی بەدەست ئاودیوی گۆڵی ئینگلتەرا کردووە. کاتێک رۆژنامەڤانەکان پرسیاریان لە هەستی کرد بەرامبەر گۆڵەکە، مارادۆنا گوتی، "ئەوە دەستی من نەبوو، دەستی خودا بوو".
دەستی خودا، بووە دەستەواژەیەکی گەورەی سەر زاری ئەرجەنتینییەکان، چونکە هەمووان بەو جۆرە تۆڵەیەی دیێگۆ دڵخۆشبوون، لەبەرئەوەی لای ئەوان گۆڵەکە، تۆڵەی ئەرجەنتین بوو، وەک وڵات و وەک نیشتمان و وەک نەتەوە، کە لە ساڵی 1982دا شەڕێکی لە نزیک سنوورەکانی خۆی لە بەرامبەر ئینگلتەرا لەسەر دوورگەکانی فۆکلاند دۆڕاند و بەریتانیا ئەو دوورگەیەی لە ئەرجەنتین داگیرکرد.
ئاینی مارادۆنایی
هەموو ئەوەی مارادۆنا لە نێو دونیای تۆپی پێدا پێشکێشکی ئەرجەنتینییەکانی کرد، خۆشەویستی ئەوانی بۆ ئەفسانەکەیان گەیاندە لووتکە. هەر ئەوەش هۆکاربوو بۆ ئەوەی ئەرجەنتینییەکان نیگەران نەبن لەوەی مارادۆنا، رۆژانێک خووپێوەگرتوویەکی خراپی مادە هۆشبەرەکان بووە و ساڵانێکیش، کە راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی گرتە دەست، شکستی ئابڕووبەرانەی بەسەرداهێنان، ئاخر مارادۆنای یاریزان، وێنەیەکی هێندە سوریالی لای ئەرجەنتینییەکان دروستکردبوو، هیچ تەنگژەیەک نەیتوانی ئەو لە دڵی هاونیشتمانییەکانیدا کاڵ بکاتەوە. تەنانەت هەندێکیان گەیشتنە رادەی پەرستنی ئەفسانەکە.
لە کۆتاییەکانی ساڵی 1998 و بەدیاریکراوی لە 30 تشرینی یەکەمی ئەو ساڵەدا، هەوادارانی ئەستێرەکە، ئاینێکی نوێیان دروستکرد و ناویاننا 'ئاینی مارادۆنایی'، ئاینەکەی مارادۆنا زۆر لایەنی ئاینەکانی دیکەی تێدابوو، لە ساڵی 2008دا شوێنکەوتووەکانی ژمارەیان گەیشتە 120 هەزار کەس.
شوێنکەوتووانی ئەو ئاینە، کڵێسای مارادۆنییان دروستکرد، رووداوەکە لە ساڵیادی لەدایکبوونی ئەودا بوو، ئاخر شوێنکەوتووەکانی پێیانوایە کەس ناتوانێ هاوشێوەی ئەو (مارادۆنا)، شەش یاریزانی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا و گۆڵپارێزەکەیان ببڕێت و پاشان گۆڵ تۆمار بکات، وەک ئەوەی ئەو لە مۆندیالی 1986دا کردی.
ئاینەکە لە گۆڵەکەی 'دەستی خودا'وە سەرچاوەی گرت، ئەوانەی یەکەمجار پێشنیازی دروستکردنی ئەو ئاینەیان کرد، دوو رۆژنامەڤان بوون بەناوی 'ئەلیخاندرۆ ڤیرۆن و هێرنان ئامێس'، ئاینەکە تایبەتە بە پەرستنی مارادۆنا، چونکە ئەو تۆڵەی دوورگەکانی فۆکلاندی بۆ ئەرجەنتینییەکان، لە بەریتانیا کردەوە.
ئاژانسی دەنگوباسی 'ئاسۆشێیتد پرێس' لە دوای مەرگی مارادۆناوە بڵاویکردەوە، کە شوێنکەوتووانی ئاینەکەی، داوایان لە لایەنگرەکانی کردووە، روو لە کڵێسای مارادۆنا بکەن. ئەو کڵێسایە نوێژی تایبەتی تێدا دەخوێنرێت، هەروەها دە ئامۆژگاری گرنگی هەیە بۆ شوێنکەوتووەکانی، لەوانەش "منداڵەکەت ناوبنێ دیێگۆ، بەرگری لە رەنگەکانی ئەرجەنتین بکە، بێسنوور تۆپی پێت خۆش بووێت، قسەکانی مارادۆنا لە هەموو جیهاندا بڵاوبکەرەوە".
لە سرووت و نزا ئاینییەکانی مارادۆناییدا هاتووە: "دیێگۆ کە لە یاریگەکاندایت، با دەستی چەپت پیرۆز بێت و جادووەکەتمان بۆ بهێنێت، گۆڵەکانت وەک چۆن لە ئاسمانن، لەسەر زەویش بن، هەندێک لەو جادووەی خۆتمان پێبدە، لە ئینگلیزەکان خۆشببە وەک چۆن ئێمە لە مافیای ناپۆلی خۆشبووین، خۆت بە ئۆفسایدەوە سەرقاڵ مەکە، بەڵام لە جواو هاڤیلانچ و پێلێ رزگارمان بکە.. دیێگۆ".
ئەوانەی هەڵگری ئاینی مارادۆنا دەبن، دەبێ بڕوایان بەڕۆحی تۆپی پێ هەبێت، وەک بە کەنیسەی مارادۆنا، بەگۆڵەکەی کە لە ئینگلتەرای کرد، بەپیرۆزیی قاچی چەپی جادوویی، هەروەها بڕینە شەیتانییەکانی و نەمریی دیێگۆ.
جەژنەکانی ئایینە مارادۆناییەکە
شوێنکەوتووانی ئاینە مارادۆناییەکە، ساڵانە لە 30 تشرینی یەکەمی هەموو ساڵێکدا ئاهەنگی لەدایکبوونی مارادۆنا دەگێڕن، هەوادارەکانی کۆدەبنەوە، سەما دەکەن و دەخۆنەوە، گۆرانی بەسەر وێنە و پەیکەرەکانی مارادۆنادا دەڵێن، کەشەکانیان هاوشێوەی کەسی ناو کەنیسەیە.
جەژنێکی دیکەی لایەنگرانی ئاینەکەی مارادۆنا، رۆژی 22ی حوزەیرانی هەموو ساڵێکە، ساڵڕۆژی ئەوکاتەی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە هەڵبژاردەی ئینگلتەرای بردەوە لە مۆندیالی 1986دا.