وەزیری دەرەوەی رووسیا بۆ رووداو: دانوستاندنی تورکیا و سووریا دەستپێدەکاتەوە و گرنگی بە پرسی کوردیش دەدرێت

رووداو – نیویۆرک 

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا لەبارەی دەستپێکردنەوەی دانوستاندنی نێوان تورکیا و سووریا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ماوەیەکی کەم لەمەوبەر، قسەم لەگەڵ هاوتا تورکییەکەم کرد، هەروەها قسەم لەگەڵ وەزیری نوێی دەرەوەی کۆماری سووریا کرد. هەردوولا هەندێ بیرۆکەیان هەیە کە بە بڕوای من دەبنە هۆی دەستپێکردنەوەی ئەو پڕۆسەیە".
 
هەروەها گوتی "بێگومان پرسی کوردیش لە دانوستاندنەکاندا گرنگی پێدەدرێت، لەگەڵ پرسەکانی دیکەی پەیوەست بە مەترسییەکانی تیرۆر و پاراستنی ئاساییشی سنوور". گوتیشی دەبێ کورد "بەهەموو شێوەیەک خۆیان لە گرووپە تیرۆریستییەکان جیابکەنەوە".
 
وەزیری دەرەوەی رووسیا کە دوێنێ 28ـی ئەیلوول لە نەتەوەیەکگرتووەکان وەڵامی رووداوی دایەوە، رایگەیاند سەبارەت بەو دانوستاندنانەی هەبوون بۆ ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و رێکخراوی حەماس، ئەمریکییەکان "رێگری لە پڕۆژە بڕیارەکان دەکەن. ئەو پڕۆژە بڕیارەش کە خۆیان پێشنیازیان کرد، چەواشەکارانە بوو ، چونکە گوتیان ئیسرائیلییەکان جێبەجێی دەکەن، بەڵام ئەوە درۆ دەرچوو".

دەقی پرسیار و وەڵامەکان: 

رووداو: زۆر سوپاس، جەنابی وەزیر. من سینان تونجدەمیرم لە تۆڕی میدیایی رووداو. دوای کوژرانی ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا، رووسیا دەتوانێت چ کارێک بکات بۆ ئەوەی شەڕ نەگاتە سووریا و عێراق؟ دووەم پرسیار ئەوەیە؛ ئێمە دەزانین رووسیا هەوڵدەدات پەیوەندییەکانی تورکیا و سووریا ئاسایی بکاتەوە. ئەگەر ئەو هەنگاوە سەربگرێت، چ کاریگەرییەکی لەسەر کوردی سووریا دەبێت؟ 
 
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا: دووپاتی دەکەمەوە، ئێمە دەمانەوێت ئەنجوومەنی ئاسایش ویستی خۆی پیشانبدات و ئەرکی خۆی جێبەجێبکات، چونکە ئەنجوومەنی ئاسایش ئامرازی پێویستی هەیە بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر ئەو لایەنانە هەبێت کە بڕیارنامەکانی جێبەجێناکەن. 
 
ئەمریکا رێگری لە کارکردنی ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات؛ هەروەها ئەمریکا دەیەوێت لەو رێگەیەوە هەموو شتێک کۆنترۆڵ بکات.
ئەو کێشانەی لە سەرانسەری جیهان هەن، خەریکە چەند هێندە زیاد دەبن و تەشەنە دەکەن. ئەوان (ئەمریکییەکان) رێگری لە پڕۆژە بڕیارەکان دەکەن. ئەو پڕۆژە بڕیارەش کە خۆیان پێشنیازیان کرد، چەواشەکارانە بوو (مەبەست لێی پلانەکەی بایدنە بۆ ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل)، چونکە گوتیان ئیسرائیلییەکان جێبەجێی دەکەن، بەڵام ئەوە درۆ دەرچوو. ئێمە پێشبینی ئەوەمان دەکرد، بەڵام بێلایەن ماینەوە و دەنگمان پێنەدا و ڤیتۆشمان نەکرد، چونکە هاوڕێیانمان داوایان لێکردین دەرفەتێکیان پێبدەین.
 
سەبارەت بە رێگریکردن لە تەشەنەکردنی ململانێیەکە بۆ  وڵاتانی دیکە، ئەوەی ئێمە پێمان بکرێت دەیکەین. لەسەر داوای حکومەتی رەوای سووریا، ئێمە لە رۆڵی خۆمان لەو وڵاتە بەردەوامین و هاوکاری پاراستنی ئاساییشەکەی دەکەین و بەردەوام دەبین لە ئەرکەکانمان. بەڵام تێگەیشتنی من ئەوەیە کە هەندێ لایەن دەیانەوێت ئێران هانبدەن تاوەکو لە کۆتاییدا ئەمریکاش دنەبدەن و جەنگێکی سەرتاسەری لە سەرانسەری ناوچەکەدا بەرپا بکەن. 
 
لە بارەی پرسیاری دووەمت، بێگومان ئێمە ساڵی رابردوو ژمارەیەک کۆبوونەوەمان لەبارەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی سووریا و تورکیا کردن. بەرپرسانی سەربازی و وەزیرانی دەرەوەی کۆبوونەوە، واتە رووسیا، ئێران و سووریا دانوستاندنی هاوشێوەی ئەستانایان کرد. کۆماری عەرەبیی سووریا راستەوخۆ لەو دانوستاندنانەدا بەشدار بوو. ئەوانە کۆبوونەوەی ئەرێنی بوون. ماوەیەکی کەم لەمەوبەریش، قسەم لەگەڵ هاوتا تورکییەکەم کرد، هەروەها قسەم لەگەڵ وەزیری نوێی دەرەوەی کۆماری سووریا کرد. هەردوولا هەندێ بیرۆکەیان هەیە کە بە بڕوای من دەبنە هۆی دەستپێکردنەوەی ئەو پڕۆسەیە. 
 
بێگومان پرسی کوردیش لە دانوستاندنەکاندا گرنگی پێدەدرێت، لەگەڵ پرسەکانی دیکەی پەیوەست بە مەترسییەکانی تیرۆر و پاراستنی ئاساییشی سنوور. پێشتر رێککەوتنی ئەدەنە هەبوو لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوودا، وێڕای ئەوەی ئێستا کاری پێ ناکرێت، بەڵام هەندێ بنەما لەنێو ئەو رێککەوتننامەیدا هەن بۆ پێکەوەکارکردنی سووریا و تورکیا، بۆ پاراستنی ئاساییشی سنوور و بەرەنگاربوونەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان. دەکرێت ئەو بنەمایانە کاریان پێبکرێت، بەڵام بێگومان دەبێت لەگەڵ دۆخی ئەمڕۆدا بگونجێنرێن. 
 
کێشەیەکی دیکە ئەوەیە کە ئەمریکا بەردەوامە لە پشتگوێخستنی بەرژەوەندییەکانی سووریا و تورکیا. ئەمریکا بەشێوەیەکی نایاسایی لەنێو خاکی کۆماری عەرەبیی سووریادا ماوە و لەدیوی چەپی رووباری فورات نیمچە دەوڵەتێکیان دامەزراندووە کە تێیدا نەوتی سووریا دەردەهێنن، گەنم و دانەوێڵەی سووریا دەبەن و دەیفرۆشن و پارەکەی بۆ خۆیان دەبەن. 
 
پێویستە رێکخراوە کوردییەکان بەهەموو شێوەیەک خۆیان لە گرووپە تیرۆریستییەکان جیابکەنەوە و لە کۆتاییدا لەوە تێبگەن کە هیچ رێگەیەکی دیکەیان لەبەردەم دا نییە جگە لەوەی لە چوارچێوەی دەوڵەتی سووریادا بژین. لە هەندێ قۆناخ دا، ئێمە ئامادەبووین نێوەندگیری بکەین، ئێمە سەرکردەکانیان دەناسین و ئەوانیش دەزانن هەڵوێستی ئێمە چییە. ئەوان هاتنە لای ئێمە بۆ ئەوەی یارمەتییان بدەین کاتێک سەرۆک ترەمپ رایگەیاند هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا دەکێشێتەوە، ئەوکاتە نوێنەرانی کورد یەکسەر هاتنە لای ئێمە بۆ ئەوەی دانوستاندن بکەن. چەند رۆژێک دواتر، ئەمریکییەکان رایانگەیاند بڕیاری خۆمان گۆڕیوە و ناکشێینەوە، ئیدی ویستی کوردەکانیش نەما. ئەوە هەڵوێستێکی کورتبین بوو. ئەوە هەڵوێستێک نییە کە روانگەیەکی دوورمەودا لەخۆبگرێت بۆ داهاتووی کورد. پێویستە ئەوان دانوستاندن لەگەڵ دیمەشق بکەن. هێندەی من بزانم، دراوسێ تورکییەکانیشیان ئامادەن بۆ ئەوە دەستی یارمەتی درێژ بکەن".