رووەکی رۆبن هوود لە بەریتانیا دەبڕدرێت؛ پۆلیس دەستی بە دەستگیرکردنی تۆمەتباران کردووە


رووداو دیجیتاڵ 

کوڕێکی تەمەن 16 ساڵ و هاووڵاتیەک کە لە شەستەکانی تەمەنیدایە لە بەریتانیا دەستگیرکران، ئەوەش بە تۆمەتی ئەوەی دەستیان لە بڕینەوەی رووەکێکدا هەبووە کە زۆرترین وێنە لە نزیکی دەگیرێت. 
 
پۆلیسی ناوچەی نۆرزەمبریای بەریتانیا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی رۆژی چوارشەممە 27-9-2023 درەختی "رۆبن هوود" یان "سیکامۆر گاپ" لە ناوچەی نۆرزەمبرلاند لە باکووری رۆژهەڵاتی بەریتانیا بڕدرا، دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد. 
 
پۆلیس دەڵێت، سەرەتا کوڕێکی تەمەن 16 ساڵیان دەستگیرکرد و دواتریش هاووڵاتییەکیان دەستگیر کرد کە لە شەستەکانی تەمەنیدایە. کوڕە 16 ساڵەکە بە دەستەبەری ئازادکراوە، بەڵام هاووڵاتییەکەی دیکە ئازادنەکراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵی بەردەوامە. 
 
بە گوێرەی رێکخراوی "ناشناڵ ترەست"ی بەریتانی، درەختی "رۆبن هوود" لەنێوان ساڵی 1860 و 1890دا روێنراوە. ئەو رووەکە لە چەندین فیلمدا دەردەکەوێت، وەک فیلمی "رۆبن هوود؛ شازادەی دزەکان" کە ساڵی 1991 بەرهەم هێندرا و کێڤین کۆستنەر و مۆرگان فری مان رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن. ساڵانەش هەزاران کەس دەچوونە ئەوێ و وێنەیان لە نزیکی دەگرت. رووەکەکە ساڵی 2016 و لە میانی خەڵاتەکانی "ودلاند ترەست"دا وەک "درەختی بەریتانیا" دیاریکرا. 
 
ئێستا شوێنەکە داخراوە و خەڵک دەڵێن، پێویستە هەوڵ بدرێت ئەو رووەکە سەوز بێتەوە. بەرپرسانی دارستانی ناوچەکە دەڵێن، "دەرفەتی ئەوە هەیە رووەکەکە سەوز بێتەوە، بەڵام چی دیکە وەک جارانی لێ نایەتەوە".