لە ئیسرائیل بە درۆن سێو دەڕنرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

لە باخێکی سێوی شارۆچکەی ئیالی لە ئیسرائیل، درۆن لەبری مرۆڤ، سێو دەڕنێت. درۆنەکە لە رێگەی کامێرای سێ دووری و ژیریی دەستکردەوە ئەو کارە دەکات؛ ئەگەر سێوەکە تێکچووبێت یان ڤایرۆسی پێوەبێت، نایڕنێت.
 
یانیر مائور، بەڕێوەبەری کۆمپانیای تێڤڵ دەڵێت، "سیستمەکە بە تەواوی سەربەخۆیە. بڕیاردەدات کە چۆن میوەکە لێبکاتەوە. تەنیا کەسێکی پێویستە لە دوورەوە چاودێریی دۆخەکە بکات و تەواو."
 
نرخی ئەم تەکنەلۆجیایە، نزیکەی 70 هەزار یۆرۆیە و لەلایەن کۆمپانیای تێڤڵی ئیسرائیلییەوە دروستکراوە.
 
ئامێرێکیش کرداری پیتاندنی دەستکرد بۆ گوڵەکان دەکات و دەنکە هەڵاڵەی دروست دەخاتە نێو هێلکەدانی گوڵەکانەوە.
 
سای سادی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای "بلووم ئێکس" ئاماژە بەوە دەکات، "کۆمپانیاکەمان پەڕینی دەستکردیش دەکات. چارەسەریشە بۆ پەڕینی هەڵە کە بە هۆکارە سرووشتییەکانی وەکو هەنگ و باوە روودەدەن و دەنکە هەڵاڵەی گوڵێک بۆ گوڵێکی دیکە دەبەن، کە لەوانەیە ئەو جۆرە پەڕێنە هەڵە بێت."
 
هەردوو تەکنەلۆجیاکە بەستراون بە ژیریی دەستکردەوە، ئاماری باخەکە کۆدەکاتەوە و ئاماری تەندروستیی دارەکان، بەرهەم و شێوازی باشترکردنی بەرهەمهێنان پێشکێش دەکات.