جەنگی رووسیا و ئۆکراینا دەچێتە ئاسمان و درۆنەکان راوی یەکدی دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
شەڕی ئۆکراینا و رووسیا تا ڕادەیەکی زۆر چووەتە ئاسمان، بۆچی سەربازان سەرکێشی بە ژیانی خۆیان بکەن لەکاتێکدا درۆنەکان دەتوانن کارەکە بکەن؟
شەڕی درۆنەکان هێندە چڕبووەتەوە، سەربازان ئەگەر چاوێکیان لەپێش خۆیان بێت، چاوێکیشیان لەسەر سەریانە، چونکە درۆنەکان میوانی ناوەختن و زۆر بە وردی ئامانجەکانیان دەپێكن.
ستیڤ، سەربازی ئۆکراینییە و دەڵێت، "ئێمە لەدواوە سەیری رووسەکان دەکەین. چاو دەگێڕین و زانیاری هەواڵگری لەسەر پلانەکانیان بەدەستدەهێنین."
هەرچەندە ستیڤ دوور لە بەرەی جەنگ درۆن دەفڕێنێت، بەڵام مەترسی لەسەر ژیانی خۆیشی هەیە.
هەر کات درۆنەکانی دەگەڕێنەوە، درۆنێکی رووسیا راوی دەنێت، ئەگەر بەپەلە شوێنی خۆی نەگۆڕێت مووشەکێک لەو شوێنەکەی ئەو دەدات.
ئەو سەربازە ئۆکراینییە دەڵێت، "مەترسییە راستەقینەکە زیانی فڕۆکەکە نییە، بەڵکو ئەو زیانەیە بە گرووپ بەرمان دەکەوێت. بۆ نموونە فڕۆکەکانی ئەولا بەدوامانەوەن، ئێمەش بەدوای ئەوانەوەین بۆ ئەوەی شوێنیان ئاشکرا بکەین، ئەمە بابەتەکەیە."
رۆژ بە رۆژ شەڕی درۆنەکان مەترسیدارتر و دوور مەودا تر دەبێت. درۆنەکانی هەردوولا دەتوانن زیاتر لە 1000 کیلۆمەتر ببڕن؛ لەکاتێکدا مۆسکۆ تەنیا 400 کیلۆمەترێک لە سنوروی ئۆکرایناوە دوورە.
لەوەتەی شەڕ دەستیپێکردووە، درۆنەکانی ئۆکراینا 15 پاڵاوگە و کۆگای نەوتیان لە رووسیا بە ئامانج گرتووە. لە 2023دا بە 190 هێرشی درۆنی مۆسکۆ بووە یەکێک لە ناوچەکانی جەنگ. بەڵام دۆخی ئۆکراینا لە بەرەکانی جەنگدا خراپە.
لە مانگی شوباتدا 4 گوند و شارۆچکەیەکی لەدەستداوە، بەڵام هەر کە پاکێجە 61 ملیار دۆلارییەکەی ئەمریکا گەیشت، ئەگەری هەیە رووسیا زیاتر بکەوێتە ژێر گوشاری درۆن و چەکە پێشکەوتووەکانی دەستی ئۆکراینا.