ئەمازیغەکانی باکووری ئەفریقا: زمان و کولتوورمان لەژێر هەڕەشەی تەعریب دان

 
رووداو دیجیتاڵ 

مامۆستا ئاسیرم شواشی لە قوتابخانەکەی لە شاری زوارەی رۆژئاوای لیبیا زمانی دایکی بە ژمارەیەکی زۆری منداڵانی ئەمازیغی دەڵێتەوە؛ ئەو دڵخۆشە و دەڵێت: زمانی ئەمازیغی تەنیا پیت و وشە نییە، بەڵکو گوزارشت لە کولتوور و ناسنامە و مێژووی گەلێکی گەورە دەکات. "ئەمازیغ و عەرەب دوو شتی جیاوازن."
 
گەلی ئەمازیغ بە یەکێک لە گەلە دێرینەکانی جیهان دادەنرێت و بە گوتەی مێژووناسان ئەوان گەلی رەسەنی ناوچەی باکووری ئەفریقان و مێژوویان بۆ زیاتر لە 5 هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە. ئێستا ژمارەیان لە نێوان 30 تا 35 ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێت کە نزیکەی 17 ملیۆنیان لە مەغریبن، 14 ملیۆن لە جەزائیر، 100 هەزار لە تونس و زیاتر لە 500 هەزاریان لە لیبیان. ئەوە سەرباری 2 ملیۆن ئەمازیغی لە ئەوروپا و ئەمریکا.
 
لە سەردەمی موعەمەر قەزافی هەموو شتێكی پەیوەندیدار بە ئەمازیغ قەدەخە بوو؛ بە هاتنی دەسەڵاتی نوێ، قەدەخەکان نەمان؛ بەڵام لە بەرامبەردا نەوەیەکی نوێی ئەمازیغی هاتووەتە ئاراوە زۆر ئاشنای زمان و کولتووری گەلەکەیان نیین.
 
لە شاری زوارە کە بە پایتەختی ئەمازیغەکانی لیبیا ناسراوە، هەڵمەتێكی فێرکردن و هۆشیارکردنەوەی نەوەی نوێیان دەستپێکردووە.
 
ئیسماعیل ئەبوودیب، میدیاکاری ئەمازیغی دەڵێت: "خەڵکی زوارە ئەمازیغین و بە زمانی ئەمازیغی قسە دەکەن، بۆیە ئەرکی سەر شانمانە رێز لە ناسنامە و مێژوومان بگرین و منداڵانمان فێر بکەین."
 
هەرچەندە ئێستا لە لیبیا و مەغریب دان بە زمانی ئەمازیغی دا نراوە و رێگەش دەدرێت لە قوتابخانەکان بخوێندرێت، بەڵام وەک ئەمازیغەکان دەڵێن، لەلایەن عەرەبە نەتەوەپەرستەکانەوە رووبەڕووی بەعەرەبکردن دەبنەوە و ئەو پرۆسەیەش ساڵ دوای ساڵ چڕتر و رێکخراوتر دەبێت.