خواردن لە رێستۆرانتێکی 400 ساڵە لە پاریس؛ نرخی ژەمێک تاوەکو 900 دۆلارە
رووداو دیجیتاڵ
لەنێو جەرگەی پاریس و لە نهۆمی شەشەمی باڵەخانەیەک، رێستۆرانتێک لەسەر رووبەری 171 مەتر دووجا سەرنجت بۆ دیمەنە ناوازەکانی پایتەخت رادەکێشێت، رێستورانتی تووغ داغژۆ، تەمەنی 400 ساڵە.
رێستۆرانتێک کە بەسەر خانووە سەقف مسەکانی پاریسدا بڕوانێت، لە راستت تاوەری ئیفڵ بێت و لە چەپت کاتێدرالی نۆتردام، هەر دەبێت کەسانی ناودار و خواپێداو رووی تێبکەن.
لە مارلین مۆنرۆی و ژان پۆل بێلمۆندۆی گەنجینەی سینەمای فەرەنساوە بگرە، تاوەکو نیکۆلا سارکۆزی و جاک شیراک و ئەنجلینا جۆلی و براد پیت و چەندین ئەستێرە و سیاسەتمەداری دیکە لەو رێستۆرانتە نانیان خواردووە.
ئاندری تیرەیل، خاوەن رێستۆرانتەکەیە و دەڵێت، "میوانمان هەن تایبەت بۆ تووغ داغژۆ دێن، باپیرە هاتووە، کوڕەکەی هاتووە و نەوەکەشی هاتووە، لەوانەیە نەوەی نەوەشی هەر بێن.. هەست دەکەن ماڵی خۆیانە. بۆ زۆر سەردانیکەر جێگەی دڵنەواییە کە دەبینن رێستۆرانتەکە هێشتا لە مێژووی فەرەنسیدا ماوە."
خواردنەکانی رێستورانتی تووغ داغژۆ لە هەسارەیەکی دیکەوە نەهێنراون، بەڵام نهێنیی ئامادەکردنیان هۆکارێکە نرخەکەیان لە 170 دۆلارەوە دەستپێبکات بۆ 900 دۆلار بۆ هەر کەسێک.
سەردانکەران سەریان لە خواردنێکیان سووڕماوە، هێلکە بە سۆسی قارچک، بەڵام نهێنییەکەی لەوەدایە، سپێنەکەی کوڵاوە و زەردێنەی نێوی خاوە.
لە ساڵی 1890ـەوە تووغ داغژۆ بە دانە مراوی پێشکێشکی میوانەکانی دەکات، تاوەکو ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک مراویی برژاندووە.
دیمەنی ساڵانی 800ـەکان بەردەست نییە، بەڵام گرتەیەکی دەگمەنی کڵاودی باوکی ئەندری خاوەن رێستورانت ماوە لە باڕی رێستۆرانتەکەی لەگەڵ خانمە مۆدێلەکان دانیشتووە و گاڵتە و گەپ دەکات.
کڵاود لە ساڵی 1996 لە تەمەنی 88 ساڵی کۆچی دواییکرد.
ئاندری ئەو رێستۆرانتەی لە باپیرییەوە بۆ ماوەتەوە، هۆتێلێکی لەگەڵدایە مانەوەی یەک شەو لە هۆتێلکە بە 10 هەزار دۆلارە.
تووغ داغژۆ کلیپ و فیلمی لێ تۆمارکراوە، لە 2024یشدا دەبێتە دەروازەی کردنەوەی یارییەکانی ئۆلۆمپیی فەرەنسا.