ئەنجوومەنی پیرانی ئوسترالیا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە کەسانی خوارووی تەمەنی 16 ساڵی قەدەخە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی پیرانی ئوسترالیا ئەمڕۆ بە زۆرینەی دەنگ، پڕۆژەیاسای قەدەخەکردنی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی لە کەسانی خوارووی تەمەن 16 ساڵی، پەسندکرد.
پڕۆژەیاساکە، دوێنێ لەلایەن پەرلەمانی وڵاتەکەوە بە 102 دەنگی "بەڵێ"، بەرامبەر 13 دەنگی "نەخێر" پەسەندکرابوو، پێش ئەوەی ئەمڕۆ لەلایەن ئەنجوومەنی پیرانی ئەو وڵاتەوە پەسندبکرێت.
لە ئوسترالیا بۆ ئەوەی هەر پڕۆژەیاسایەک بکرێتە یاسا، دوای ئەوەی لەلایەن پەرلەمان و ئەنجوومەنی پیرانەوە پەسند دەکرێت، پێویستە لەلایەن نوێنەری دەسەڵاتی شاهانە لە حکومەتیشەوە پەسند بکرێت، کە لەهەمان کاتدا حاکمی گشتیی وڵاتیشە.
پڕۆژەکە بۆ تۆڕەکانی وەکو ئێکس، تیکتۆک، فەیسبووک و ئینستاگرامە.
بەپێی پڕۆژەکە، کۆمپانیاکان پێویستە رێکخستنی هەژمارەکانیان بە جۆرێک لێبکەن، کە کەسانی خوارووی تەمەنی 16 ساڵ، نەتوانن بەکاریبهێنن.
کۆمپانیاکان پابەندبوونی خۆیان پیشانداوە، بەڵام هۆشدارییان بە بەرپرسان داوە، کە دەکرێت ئەمە ببێتە هۆی ئەوەی منداڵان رێگەی کۆنتڕۆڵنەکراو بۆ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بگرنەبەر.
ئەگەر کۆمپانیاکان شکستبهێنن لە جێبەجێکردنی رێکارەکە، بە 32 ملیۆن دۆلار سزادەدرێن.
ئەم پرۆژەیە لەلایەن پارتی سەوزەوە پێشکێش کراوە.
بەشێک لە مامۆستایان ئەو پڕۆژەیاسایە بە گرنگ دەبینن. ئینا گیگلیۆل، مامۆستایە لە شاری سیدنیی ئوسترالیا و دەڵێ "وەکو مامۆستایەک، پێموایە ئەمە زۆر گرنگە، چونکە رێگری لە بڵاوکردنەوەی هەستی شەڕانگێزی لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەکات."
بە گوێرەی ئاماری فەرمی، 95٪ـی کەسانی تەمەن 13 بۆ 17 ساڵ لە ئوسترالیا، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاردەهێنن.
بەرپرسانی رێکخراوی رێگری لە بڵاوکردنەوەی شەڕانگێزی ئوسترالی دەڵێن، لە هەر پێنج منداڵێکی ئوسترالی، یەکێکیان رووبەڕووی تووندوتیژی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بووەتەوە.