گووگڵ گەشتی ڤێرچواڵ بۆ نێو کۆشکی سپی بڵاودەکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

کۆشکی سپی تەلارێکی سەرنجڕاکێشی ئەمریکایە و مێژووەکەی بۆ سەدەی حەڤدەهەم دەگەڕێتەوە؛ ساڵانە 1.25 ملیۆن گەشتیار سەردانی دەکەن.
 
ئەگەر تۆش یەکێکی لەو کەسانەی تامەزرۆی سەردانێکی بۆ نێو کۆشکی سپی و رێکناکەوێت، کۆمپانیای گووگڵ دەڵێت، نیگەران مەبە. گووگڵ گەشتێکی ڤێرچواڵی بۆ نێو باڵەخانە 222 ساڵییەکە بڵاوکردووەتەوە و خەڵک دەتوانن لە ماڵی خۆیانەوە هەموو کون و قوژبنێکی کۆشکی سپی ببینن.
 
کارلۆس ئێلیزۆندۆ، سکرتێری کۆمەڵایەتیی کۆشکی سپی دەڵێت، "خانمی یەکەم یەکەمین مامۆستای ئەمریکایە کە هیوا بخوازێت ئەم ئامرازە هاوکاریی فێرخواز و خەڵکی دیکە بکات کە وا هەستبکەن لە راستیدا لەنێو کۆشکی سپیدان بە بەکارهێنانی ئەم تەکنەلۆژیایە."
 
بە بەکارهێنانی گووگڵ ماپ و گووڵ ئارت، خەڵک دەتوانن هەر لە رێگەی مۆبایلە زیرەکەکانیان گەشتی نێو کۆشکی سپی بکەن.
 
تەنیا بینینی نێوی کۆشکی سپی نییە، بەڵکو گووگڵ ماپ زانیاریی لەسەر سەرجەم بەش و پێکهاتەکانی باڵەخانەکە پیشان دەدات.
 
خۆسی کاستانیدا، گوتەبێژی گووگڵ ئاماژە بەوە دەکات، "مێژووی زۆر لەوێ نووسراوەتەوە. هیواخوازین کاتێک مامۆستا و فێرخوازان لە پۆلن و باسی رووداوە مێژووییەکان دەکەن، ئەمە بخەنە بەردەمیان و لەجیاتی ئەوەی باسی ئەو ژوورە بکەن کە رووداو تێیدا روویداوە، ئەو ژوورەیان پیشان بدەن کە رووداو تێیاندا روویانداوە."
 
بۆئەوەی زۆرترین خەڵک بتوانن لە ماڵی خۆیانەوە سەردانی کۆشکی سپی بکەن، هەریەک لە گووگڵ ماپ و ماڵپەڕی فەرمیی کۆشکی سپی گەشتە ڤێرچواڵەکەیان دەستەبەر کردووە.