پرسی کۆچبەران مژارێکی گەرمی هەڵبژاردنی نەمسایە
رووداو دیجیتاڵ
مژارێکی سەرەکیی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی نەمسا پرسی کۆچبەرانە، سۆشیال دیموکراتەکان هەمیشە پشتیوانی کۆچبەران دەکەن و مافی مانەوە و ژیانیان پێدەدەن، بەڵام راستئاژۆکان پێچەوانەن و پێیان وایە کۆچبەران وڵاتەکانی ئەوانیان شێواندووەو دەیانەوێ رێگری لە کۆچبەران بکەن و بەهیچ شێوەیەک مافی مانەوەیان پێنەدەن.
ئێستا لە کۆی 27 وڵاتی یەکێتیی ئەورووپا شەش وڵات کەوتوونەتە دەست راستئاژۆکان و پێشبینی دەکرێت چوار وڵاتی دیکەش لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بکەونە ژێر دەسەڵاتی راستئاژۆکان، یەکێک لەوانە نەمسایە، بەم پێیەش دەسەڵاتی راستئاژۆکان لە پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا بەهێزتر دەبێت و بەمەش پشتیوانی مۆسکۆ لە یەکێتییەکەدا فراوانتر دەبێت.
لە ساڵی 2022 نزیکەی 120 هەزار کۆچبەر داوای مافی مانەوەیان لە نەمسا کردووە، لە ساڵی 2023 نزیکەی 60 هەزار کۆچبەر.
هێما حوسێن، پسپۆڕی بواری کار و کاروباری کۆمەڵایەتییە و لەیلان بەرواریش، پشتیوانی کۆچبەرانە و لە رێکخراوێکی کۆچبەران کاردەکات، ئەوانیش رای خۆیان لەسەر هەڵبژاردن و کاریگەرییەکانی ئەنجامی هەڵبژاردنەکە لەسەر کۆچبەرانی وڵاتەکەیان بۆ بەرنامەی دیاسپۆرا دەربڕی.
سەرەتا هێما حوسێن رایگەیاند، سێ بەربژێری کورد لە نەمسا بەشداریی هەڵبژاردن دەکەن، پەناخوازانی کورد لە نەمسا ترسیان لەم هەڵبژاردنە هەیە، بۆیە گرنگە کوردەکان دەنگ بەو بەربژێرانە بدەن و مەترسی لەسەر خۆیان دووربخەنەوە.
دەشڵێت: "جگە لە کۆچبەران رێکخراوەکانی کۆچبەرانیش ترسیان لەم هەڵبژاردنەی نەمسا هەیە لە ئەگەری بردنەوەی راستئاژۆکان، چونکە هەر پەناخوازێک کە دێتە نەمسا مافی مانەوەی نەبێ ناتوانێ کاربکات".
هەروەها لەیلان بەرواری کە ماڵباتەکەیان یەکێکن لە کۆنترین ماڵباتەکانی باشووری کوردستان کە بۆ یەکەمجار لە نەمسا نیشتەجێبوونە، سەرەتای قسەکانی بەوە دەستپێکرد کە ئەو رێنمایی بەو پەناخوازانە دەدات کە دێنە نەمسا و گوتی" 9 ساڵە لەبواری کۆچبەریدا کاردەکەم و زۆر هاوکاریم کردوون".
لەیلان بەرواری گوتیشی: "میدیای نەمسا رۆڵی خراپ لە پرسی کۆچبەراندا دەگێڕێت، ئەمەش وا دەکات رای شەقامی نەمسا بەو ئاراستەیە بچێت کە دەنگ بە راستئاژۆکان بدەن بەمەبەستی رێگریکردن لە کۆچبەران بۆ وڵاتەکەیان".
لەیلان بەرواری ئاماژەی بەوەکرد، ژمارەی راستئاژۆکان لە ئەورووپا زیاد دەبن.
بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی نەمسا زۆر تووند بووە، بەتایبەتی لەنێوان پارتی سۆشیال دیموکرات و پارتی ئازادیی راستئاژۆ، بەشێوەیەک ئەندریاس بابلێر، سەرۆکی پارتی سۆشیال دیموکراتی نەمسا، هێربێرت کیکلی سەرۆکی پارتی ئازادی راستئاژۆ بە هیتلەر چواند و گوتی: "کاتێک گوێ لە کیکل دەگرین، هەست دەکەین کە ئەدۆلف هیتلەر سەرکردەی نازییەکان هێشتا لە ژیاندایە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە کیکل مەترسییەکی راستەقینەیە بۆ سەر دیموکراسی".