هەڵبژاردنی پەرلەمانی نەمسا بەڕێوەدەچێت؛ 'دیاسپۆرانشینانی کورد پەرتەوازەن'

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە سەردانێکی مەیدانیی تیمی دیاسپۆرا بۆ ڤیەننا بۆ رووماڵی هەڵبژاردنی پەرلەمانی نەمسا، هەریەکە لە عەبدوڵڵا زەنگەنە و دانا شەدەڵا کە دوو کەسایەتیی دیاسپۆرانشینی کوردن لە نەمسا و شارەزاییان لە هەڵبژاردن و سیستەمی حکومڕانی نەمسادا هەیە بەشدارییان لە بەرنامەکەدا کرد.
 
سەرەتا دانا شەدەڵا باسی مێژووی سۆسیال دیموکراتەکانی لە نەمسا کرد و روونیکردەوە کە مێژووی دروستبوونی سۆشیال دیموکرات دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1889، گوتی: "برۆنۆ کرایسکی کە گەورەترین کەسایەتیی سۆشیال دیموکراتەکانی نەمسایە و لە ساڵی 1970 بووتە سەرۆکی نەمسا، ئەو باسی کوردی کردووە و لە کتێبەکەیدا نووسیویەتی 'لەگەڵ کوردەکان هاوسۆز بووم و  یارمەتی کوردەکانم داوە".
 
دانا شەدەڵا باسی پەیوەندی نێوان کوردی دیاسپۆرای نەمسا و سۆشیال دیموکراتی نەمسا دەکات و دەڵێت: "کورد کاری بۆ سۆشیال دیموکراتەکان کردووە و پەیوەندی کورد لەگەڵ سۆشیال دیموکرات لە هەموو پارتەکانی دیکە نزیکترە، بەڵام دیاسپۆرانشینەکانی نەمسا ناگەنە دەسەڵاتی باڵا، بەهۆی ئەوەی کۆمەڵگەی نەمسا کۆنەپارێزن".
 
شەدەڵا پێیوایە کە دیاسپۆرانشینانی کورد لە نەمسا پەرتەوازەن و هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ ناکۆکی نێوخۆی کوردستان کە گواستراوەتەوە بۆنێو دیاسپۆرانشینانی نەمسا.
 
لای خۆشییەوە عەبدوڵڵا زەنگەنە کە ئەمیش دەیان ساڵە لە نەمسا نیشتەجیێە، پاڵپشتی خۆی بۆ سۆشیال دیموکراتەکان دەربڕی و گوتی" سۆشیال دیموکراتەکان بۆ میللەتانی بندەست باشترن لە راستئاژۆکان، لەکاتی دەسەڵاتی راستئاژۆکان بێزاربوون، چونکە ئەوان تووندوتیژن و ئەگەر دەسەڵات بگرنەدەست کێشەی زۆر دروستدەبێ".
 
عەبدوڵڵا زەنگەنە گوتیشی: "زیاتر لە 140 هەزار کورد لە نەمسا دەژین، پێویستە هەموویان بچن دەنگ بدەن، بۆ ئەوەی مافەکانیان پارێزراو بن، بۆیە هەر کەسێک نەچێتە دەنگدان بەسەریدا دەشکێتەوە".
 
زەنگەنە روونیکردەوە، بەشێک لە دیاسپۆرانشینی کوردی نەمسا گرنگی بە سیاسەت نادەن، تەنانەت بەشێکیان نازانن سەرۆککوەزیران کێیە.
 
عەبدوڵڵا زەنگەنە ئاماژەی بەوەکرد، دوای هەڵبژاردن پێکهێنانی حکومەت ئاسان نابێت، بەتابیەتی لە ئەگەری بردنەوەی راستئاژۆکان.
 
بۆ یەکەمجار رەنگە نەمسا بەلایەنی کەمەوە لەلایەن سێ پارتەوە بەڕێوەبچێت، بەو پێیەی پێدەچێت هیچ یەکێک لە پارتە رکابەرەکان نەتوانن لەگەڵ پارتێکی دیکەدا حکومەت پێکبێنن و پێویستیان بە پارتی سێیەم یان چوارەمیش دەبێت، بەگشتی پێشبینی دەکرێت حکومەتی داهاتوو بنکە فراوان بێت.
 
ئەندریاس بابلێر، سەرۆکی پارتی سۆشیال دیموکرات لە نەمسا دووپاتیکردەوە کە پارتەکە هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی پارتی ئازادیی راستئاژۆ سەرکردایەتیی حکومەتی داهاتوو نەکات، گوتی "دیواری ئاگر" دژی پارتی ئازادی دروست دەکەین و بەشداری هیچ هاوپەیمانییەکی پێکهێنانی حکومەتیان لەگەڵ ناکەین".