شەڕی قەرەباخ.. کیم کارداشیان داوای هاوکاری لە ترەمپ دەکات


رووداو دیجیتاڵ 

کیم کارداشیان، کەسایەتیی ناوداری ئەرمەنی- ئەمریکی لەسەر شەڕ و رووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی ئەرمینیا و ئازەربایجان لە هەرێمی ناگۆرنی قەرەباخ هاتەدەنگ و داوا دەکات، لایەنی نێودەوڵەتی بچنەسەر هێڵ و چارەسەرێکی دیپلۆماسی بۆ کێشەکە بدۆزنەوە. 
 
کارداشیان لە دیارترین ئەو ئەستێرانەیە کە لە رابردوودا یارمەتیی ماددی پێشکەشی وڵاتەکەی کردووە، لە توویتێکدا نووسیویەتی، نزا بۆ "ژن و پیاوە ئازاکانی ئارتساخ" دەکەین کە وڵاتەکە دەپارێزن. 
 
شەڕەکەی ئەرمینیا و ئازەربایجان دوێنێ یەکشەممە لە هەرێمی ناگۆرنی قەرەباخ هەڵگیرسا و تاوەکو ئێستا 16 کەس بەو هۆیەوە کوژراون. 
 
کارداشیان وشەی ئارتساخی بەکارهێناوە لە تویتەکەیدا، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، ناگۆرنی قەرەباخ وشەیەکی رووسیە، بەمانای "چیای رەشەباخ" دێت. ئەو ئەرمەنییانەی لە ناوچەکەدا دەژین، هەرێمەکە بەناوی 'ئارتساخ' ناودەبەن. لە زمانی ئەرمینیدا ئارتساخ دەبێتە "دارستانی خوای رۆژ"، ئەو ناوە لە ئەفسانە دێرینە ئەرمەنییەکانەوە وەرگیراوە. هەرچی ئازەرییەکانن، ناوەکە بە "یۆخاری قەرەباخ" ناودەبەن بە مانای "رەشەباخچەی باڵا'' دێت.
 
لە تویتێکی دیکەدا کارداشیان ئەرمینیا بە قوربانیی هێرشەکەی ئازەربایجان دادەنێت، دەڵێت، ئازەربایجان هێرشی کردووەتە سەر ئەرمینیا. "حکومەتی ئازەربایجان سۆشیالمیدیای بلۆک کردووە و بۆ پروپاگەندەی جەنگ بەکاری دەهێنێت". 
 
ئەو ئەستێرەیە ئاماژە بەوەشدەکات، پێویستیان بە هێزە نێودەوڵەتییەکانە بۆ ئەوەی چاودێری و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکەن. داوای "هاوکاریی نێودەوڵەتی و چارەسەری دیپلۆماسی" دەکات بۆ رێگەگرتن لە خراپبوونی دۆخەکە و "تراژیدیا"ـی ناپێویست لەو وڵاتە. 
 
کارداشیان لە توویتێکی دیکەدا داوا لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەکات دەستێوەردان بکات بۆ راگرتنی شەڕەکە، بەشێوەیەک کە داوا لە ئازەربایجان بکات هێرشەکانی بۆ سەر ئەرمینیا بووەستێنێت، هەموو هاوکارییە سەربازییەکانی وڵاتەکەی بۆ ئازەربایجان بووەستێنێت، هاوکات تورکیاش ئاگادار بکاتەوە "چەک و سەرباز" بۆ ئازەربایجان نەنێرێت.  
 
وردەکاریی شەڕەکەی هەرێمی قەرەباخ