فەرەنسا بڕیاری قەدەخەی باڵاپۆشی لە قوتابخانەکان جێبەجێدەکات

رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی فەرەنسا بڕیاری قەدەخەی باڵاپۆشی لە قوتابخانەکان جێبەجێدەکات و باڵاپۆشی وەکو لادان لە یاسای عەلمانی لە ناوەندەکانی خوێندندا دادەنێت.
 
گابریێل ئاتال، وەزیری پەروەردە و گەنجانی فەرەنسا رایگەیاند "هەرگیز نابێت باڵاپۆشی لە قوتابخانەکاندا هەبێت" و یاسایی نوێ دەدەنە بەڕێوەبەری قوتابخانەکان بۆ ئەوەی لە چواری ئەیلوولی ئەمساڵەوە جێبەجێبکرێن. 
 
بڕیارەکەی حکومەتی فەرەنسا بە پاڵپشتی راستڕۆکان بووە کە داوای قەدەخەکردنی باڵاپۆشییان لە قوتابخانەکان کردبوو، چەپەکانیش ئەو بڕیارەیان بە کەمکردنەوەی ئازادییەکان دانا. 
 
کلیمێنت ئەوتە، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی فەرەنسا و ئەندامی پارتی چەپڕۆکان، سەرکۆنەی بڕیارەکەی کرد و بە "چاودێریکردنی جل و بەرگ"ـی خەڵکی دانا. 
 
بە گوێرەی وەزیری پەروەردە و گەنجانی فەرەنسا، عەلمانییەت واتا ئازادی تاک، هەروەها دەشڵێت، "نابێت تەنها بە چوونە ژوورەوەی قوتابییەک بۆ قوتابخانەیەک، تەنها بە بینینی بتواندرێت ئایینەکەی دەستنیشان بکرێت."
 
ئەو بڕیارەی حکومەتی فەرەنسا دوای ماوەیەکی زۆر دێت لە گفتوگۆ دەربارەی باڵاپۆشی لە قوتابخانەکاندا. پێشتریش لە مانگی ئابی ساڵی 2011ـدا حکومەتی فەرەنسا بڕیاری پۆشینی سەرپۆشی لە ژنان قەدەخە کردبوو.
 
مانگی ئاداری ساڵی 2004 حکومەتی فەرەنسا یاسای قەدەخەکردنی پۆشینی سەرپۆش، لەملکردنی خاچ و لەسەرکردنی کڵاوی جووەکانی قەدەخەکردبوو بەبێ قەدەخەکردنی باڵاپۆشی.