حکومەتی رووسیا ئۆفەرێک پێشکەشی گەشتیارانی وڵاتەکەی دەکات

 
رووداو - رووسیا 

لە ناوەڕاستی مانگی تەممووزەوە لەوکاتەوەی رێوشوێنەکان دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا کەمکرانەوە و دەرگای گەشتی ناوخۆیی بەڕووی هاووڵاتییانی رووسیادا کرایەوە، گەشتیارانی رووس بە لێشاو دەچنە شار و ناوچە گەشتیارییەکانی وڵاتەکەیان و پشوو دەدەن، دوای چەند مانگێک سڕبوون و لەدەستدانی 500 ملیار رۆبڵ، ئێستا ماوەی مانگێکە کەرتی گەشتیاریی ناوخۆیی رووسیا بە شێوەیەکی بەرچاو رووی لە گەشەکردنە.
 
ژمارەی گەشتیاران لە هەموو شارەکانی رووسیا لە مانگی ئابدا بەراورد بە ساڵانی رابردوو زیادیکردووە، بەتایبەتی شاری سۆچی و هەرێمی کریم، هەریەکەیان زیاتر لە ملیۆنێک و پێنج سەد هەزار گەشتیاری لەخۆگرتووە، ئەو ژمارەیەش تادێت زیاد دەکات.
 
حکومەتی رووسیا بۆ گەشەپێدانی کەرتی گەشتیاریی ناوخۆیی، هەوڵدەدات سوود لەو دەرفەتە وەربگرێت کە ئێستا گەشتیارانی رووسیا گەشت ناکەن بۆ دەرەوەی سنوور، ئۆفەرێکی پێشکەش بە گەشتیارانی وڵاتەکەی کردووە تاوەکو هانیانبدات زیاتر گەشت بکەن، هەر گەشتیارێک لە 20 تاوەکو 75 هەزار رۆبڵ لە گەشتی ناوخۆیی خەرجبکات، بڕی 5 تاوەکو 15 هەزار رۆبڵی بۆ دەگەڕێندرێتەوە، بەڵام مەرجە دەبێت گەشتکردنەکەیان لەڕێگەی نووسینگەیەکی گەشتیارییەوە بێت؛ بۆ ئەو مەبەستەش حکومەت 15 ملیار رۆبڵی تەرخانکردووە.